وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌: وه‌زیری به‌رگری عیراق هه‌ڕه‌شه‌ی سەربازی له‌ هه‌رێم نه‌كردووه‌

‌جەبار یاوەر مەندە..

وێستگه‌ نیوز ـ
ئه‌مینداری وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ ره‌تی ده‌كاته‌وه‌ كه‌ وه‌زیری به‌رگری عیراق رایگه‌یاندبێت، له‌كاتی ئه‌نجامدانی راپرسی له‌ هه‌رێم ئه‌وان هه‌وڵده‌ده‌ن به‌ هێز رێگرییان لێبكه‌ن و ده‌شڵێت: "ئه‌و هه‌واڵه‌ هیچ بنه‌مایه‌كی راستی نییه‌".

دوێنێ ئاژانسی هەواڵی فارس نیوزی ئێران لە زاری عیرفان حەیالییەوە کە لە دیداریک لەگەڵ عەلی شەمخانی ئەمینداری ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیی ئێران لە تاران وتوویەتی: "سوپای عیراق بەشێوەیەکی سەربەخۆ بەرپەرچی هەموو دەستدرێژی و هێرشێک دەداتەوە کە بکرێتە سەر خاکی وڵاتەکەیی و، رێگە بە بەرپابوونی فیتنەی نوێ و هەنگاوی ناشەرعی نادات کە ببێتە هۆی دابەشبوونی عیراق".

وەزیری بەرگری عیراق ئاماژەی بەوەشکردووە، پشتیوانی و کۆمەک لەلایەن گەل و سوپای ئێرانە بۆ عیراق لە دژی تیرۆر، رۆڵی هەبووە لە سەرکەوتن بەسەر رێکخراوی داعشدا.

بەگوێرەی ئاژانسەکە عەلی شەمخانی ئاماژەی بەوەکردووە، کارکردن بە ئاراستەی جیابوونەوە زەمینە سازییەکە بۆ فراوبوونی چاوچنۆکی ئەو دوژمنانەی کە تەماحیان لە خاکی عیراقدا هەیە و نایانەوێت ئەو وڵاتە  ئارام و ئاسایش بێت.

شەمخانی ئاماژەی راشیگەیاندووە، یەکێتی خاکی عیراق و پێکەوە جۆشدانی نیشتیمانی زەمانەتی پاراستنی ئارامی و ئاسایش و بەرژەوەندی سەرجەم پێکهاتەکانی عیراقە.

لای خۆیه‌وه‌ جه‌بار یاوه‌ر مه‌نده‌، ئه‌مینداری گشتی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ ره‌تیده‌كاته‌وه‌ حه‌یالی ئه‌و لێدوانه‌ی دژی هه‌رێم دابێت.

جه‌بار یاوه‌ر له‌ روونكردنه‌وه‌یه‌كدا كه‌ وێنه‌یه‌كی بۆ وێستگه‌ نیوز ناردووه‌ ده‌ڵێت: "هەواڵێکی ناراست دوێنێ شەو لە چەند هۆکارێکی راگەیاندن بڵاوکرایەوە کە گوایە عیرفان حەیالی، وەزیری بەرگری عیراق لە میانەی لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا هەرەشەی ئەوەی کردووە ئەگەر بێت و هەرێمی کوردستان راپرسی بکات یاخود سەربەخۆیی رابگەیەنێت ئەوا سوپای عیراق بە هەموو توانای خۆی ڕێگری لەو کارە دەکات". 

ئه‌وه‌شی وتووه‌: "بۆیە لە نیوەشەوی رابردوودا بە تەلەفۆن پەیوەندیمان کرد پێیانه‌وه‌ بۆ راستی و دروستی ئەم بابەتە و بەرێز عیرفان حەیالی هەموو ئەو هەواڵانەی رەتکردەوە و بە بێبنەما وەسفی کردن و جەختی کردەوە کە نە لە عیراق و نە لە وڵاتی ئێران هیچ لێدوانێکی لەو جۆرەی بۆ هێچ هۆکارێکی راگەیاندن نەداوە، بگرە بە پێچەوانەوە جەختیان کردەوە کە هەمیشە سەرسامی خۆی بە ئازایەتی هێزەکانی پێشمەرگەی کورستان لە رووبەروو بوونەوەی داعش دەربڕیوە و نەبەردیەکانی هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستانی بەرز نرخاندووە بەتایبەت لە پرۆسەی ئازادکردنەوەی شاری موسڵ".  

له‌ به‌شێكی دیكه‌ی روونكردنه‌وه‌كه‌دا ئه‌مینداری وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ ده‌ڵێت: "لە هەمان کات و ساتداو بە هەمانشێوە لەرێگەی پەیوەندی تەلەفۆنیەوە لیوا گۆهدار، بەڕێوەبەری گشتی هەواڵگری وەزارەتی بەرگری سوپای عیراق کە هاوەڵی وەزیری بەرگری بووە لە سەردانەکەی بۆ دەرەوەی وڵات جەختی کردەوە بۆمان کە ئەو هەواڵانە بێ بنەمان و دروسست کراوان بە هیچ جۆرێک وەزیری بەرگری لێدوانی وەهای نەداوە". 

له‌ كۆتایی روونكردنه‌وه‌كه‌دا جه‌بار یاوه‌ر ده‌ڵێت: "بۆیە لێرەدا دووبارە داوا لە هەموو راگەیاندنکارانی لۆکالی و نێودەولەتی دەکەین کە تا دڵنیا نەبن لە راستی و درستی سەرچاوەکان، هیچ جۆرە لێدوان و هەوالێک بڵاونەکەنەوە".



AM:08:31:24/07/2017


ئه‌م بابه‌ته 5171 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت