لاریجانی بۆ وه‌زیری به‌رگری عیراق: ده‌بێ یه‌كپارچه‌یی بپارێزرێت

‌لاریجانی و وه‌زیری به‌رگری عیراق

وێستگه‌ نیوز –
 له‌ دیدار له‌گه‌ڵ وه‌زیری به‌رگری عیراق، سه‌رۆكی مه‌جلیسی شۆرای ئیسلامی ئێران جه‌ختی‌ له‌وه‌ كرده‌وه‌ كه‌ ده‌بێت ده‌وڵه‌تی عێراق یه‌كپارچه‌یی خۆی بپارێزێت.

ئاژانسی‌ میهر نیوز بڵاویكرده‌وه‌ كه‌ عه‌لی لاریجانی، سه‌رۆكی مه‌جلیسی شۆرای ئیسلامی دوێنێ یه‌كشه‌مه‌ له‌گه‌ڵ عیرفان مه‌حمود ئه‌لحه‌یالی وه‌زیری به‌رگری عیراق كۆبۆوه‌ و وتی: "ده‌وڵه‌تی عیراق ده‌بێ به‌رگری له‌ یه‌كپارچه‌یی ئه‌و وڵاته‌ بكات تا له‌ داهاتوودا عیراقێكی ئاسایش به‌هێز و دیموكراتیك له‌ ناوچه‌كه‌ ببینین و ئه‌مه‌ش به‌ پاراستنی یه‌كپارچه‌یی سیاسی دێته‌ دی".

لاریجانی وتیشی: "پرسی داعش بووه‌ هۆی ئه‌وه‌ی ئێوه‌ ئه‌زموونێكی گه‌وره‌ به‌ده‌ست بێنن بۆ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی رووداوه‌كانی داهاتوو".

سه‌رۆكی مه‌جلیسی شۆرای ئیسلامی ئێران راشیگه‌یاند كه‌ "هاودڵی و هاوڕێی نێوان خه‌ڵك و هێزه‌ چه‌كداره‌كان بووه‌ هۆی به‌ده‌ستهاتنی ئه‌م ده‌ستكه‌وته‌ گه‌وره‌یه‌ و ده‌بێ به‌رده‌وام بن له‌م ره‌وته‌ چوونكه‌ هه‌ندێ له‌ وڵاتان ده‌یانه‌وێت دووبه‌ره‌كی له‌ ناو وڵات دروست بكه‌ن و پرسی دابه‌شبوونی عیراق ده‌خه‌نه‌روو كه‌ بێ گومان ئه‌وان دۆستی ئێوه‌ نین".

جه‌ختیشی له‌وه‌ كرده‌وه‌ كه‌ "به‌ به‌ده‌ستهاتنی ئه‌م سه‌ركه‌وتنه‌ ناگه‌نه‌ ئارامی ته‌واو و نیگه‌رانیتان هه‌ر ده‌بێت چونكه‌ ئیسرائیل نایه‌وێت ئه‌م ناوچه‌ ئاسایشی ببێت و له‌ دوای سیناریۆی نوێیه‌".

 لاریجانی ئه‌وه‌ش خسته‌ڕوو كه‌ "به‌ بڕوای ئێمه‌ ده‌بێ سه‌رجه‌م ئیتنیكه‌كان پێكه‌وه‌ له‌ گۆره‌پانی سیاسی و حوكمرانی عێراق ئاماده‌ بن و ڕێگه‌ نه‌ده‌ن دوژمن ده‌ستێوه‌ردان بكات".



PM:03:30:24/07/2017


ئه‌م بابه‌ته 3170 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت