سوپای عیراق هه‌ڵوێستی خۆی بۆ كاتی راگه‌یاندنی ده‌وڵه‌تی كوردی ئاشكرا كرد


وێستگه‌ نیوزـ

وه‌زاره‌تی به‌رگریی عیراق ئه‌و لێدوانانه‌ی ره‌تكرده‌وه‌ كه‌ به‌ناوی عیرفان حیالی، وه‌زیری به‌رگری كراوه‌ و باس له‌وه‌ ده‌كه‌ن گوایە له‌كاتی راگه‌یاندنی ده‌وڵه‌تی كوردی سوپای عیراق هه‌ڵوێستی ده‌بێت.

له‌ به‌یاننامه‌یه‌كدا كه‌ وه‌زاره‌تی به‌رگریی عیراق له‌ لاپه‌ڕه‌ی تایبه‌تیی خۆی له‌ تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تیی فه‌یسبوك بڵاویكردووه‌ته‌وه‌، هاتووه‌: وه‌زاره‌ت ئه‌و لێدوانانه‌ ره‌تده‌كاته‌وه‌ کە به‌ناوی عیرفان حیالی، وه‌زیری به‌رگری له‌ هه‌ندێك پێگه‌ ئه‌لیكترۆنییه‌كان و تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان بڵاوكراوه‌ته‌وه‌ و گوایه‌ له‌كاتی راگه‌یاندنی ده‌وڵه‌تی كوردی، سوپای عیراق ده‌ستوه‌ردان ده‌كات.

له‌ به‌یاننامه‌كه‌دا وه‌زاره‌تی به‌رگریی عیراق جه‌ختیكردوه‌ته‌وه‌ كه‌ ئه‌و ئه‌و جۆره‌ ده‌نگۆیانه‌ دوورن له‌ راستییه‌وه‌ و ئه‌و لێدوانه‌ له‌لایه‌ن وه‌زیری به‌رگریی عیراقه‌وه‌ ده‌رنه‌چووه‌.

هۆشداریی ئه‌وه‌شیداوه‌ كه‌ وه‌زاره‌تی به‌رگری و خودی وه‌زیر و فه‌رمانده‌ و ئه‌فسه‌رانی سوپا مافی ئه‌وه‌یان هه‌یه‌ په‌نا بۆ یاسا به‌رن بۆ دادگاییكردنی هه‌ر هه‌والێكی ناڕاست.

رۆژی 7ی مانگی حوزەیران، جگە لە کۆمەڵ و گۆڕان لایەنە سیاسیەکانی هەرێم لەگەڵ بارزانیدا کۆبوونەوە و بڕیاریاندا رۆژی 25 ی ئەیلول ریفراندۆم لە هەرێمی کوردستان ئەنجام بدرێت، بۆ ئەو مەبەستەش ئەنجومەنی باڵای ریفراندۆم بە سەرۆکایەتی بارزانی پێکهێنرا.


AM:12:03:25/07/2017




ئه‌م بابه‌ته 6943 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت