حكومەت گرێبەستی شهش هەزار مامۆستای گرێبەست تازە دەكاتەوە
وێستگه نیوز ـ
حكومەتی هەرێمی كوردستان گرێبەستی شهش ههزار له مامۆستایانی دامەزراو بە گرێبەست تازە دەكاتهوه.
ههفتهنامهی باس-ی نزیك له پارتی دیموكراتی كوردستان لەزاری سەرچاوەیەكی وەزارەتی پەروەردەوه بڵاویكردووتهوه: ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان لە كۆبونەوەكانی ئەم دواییەیدا لەگەڵ وەزارەتی پەروەردە رەزامەندی داوە لەسەر نوێكردنەوەی گرێبەستی مامۆستایانی دامەزراو بە گرێبەست بۆ ساڵی خوێندنی 2017 -2018.
بەپێی زانیاریەكان بە گشتی نزیكهی شهش هەزار مامۆستای گرێبەست لەسەر میلاكی وەزارەتی پەروەردە هەیە و بڕیاری نوێكردنەوەی گرێبەستەكان ئەوانە دەگرێتەوە.
بەشدارعەبدولخالق، بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی هەولێر رایگەیاند، بەهۆی ئەوەی پێویستیان بە مامۆستا هەیە بۆیە گرێبەستی مامۆستایان بۆ ساڵی خوێندنی 2017-2018 تازە دەكرێتەوە، وتی: "هاوشێوەی ساڵی پار ئەمساڵیش گرێبەستی مامۆستایان تازە دەكرێتەوە، چونكە ئەو مامۆستایانە بۆشاییەكانیان پڕكردوهتەوە و رۆڵی باشیان بینیووە.
جەختی كردەوە مامەڵەی تازەكردنەوەی گرێبەستەكان لە وەزارەتی پەروەردە دەدرێتە وەزارەتی دارایی و ئەنجومەنی وەزیرانیش پێشووتر رەزامەند بوون بە تازەكردنەوەیان، وتیشی: "گرێبەستی مامۆستایان لە مانگی 9ی ساڵی رابردوو بۆ مانگی 9ی ئەمساڵ بووە، بۆیە تازەكردنەوەكەسی لەسەر ئەو بنەمایە دەبێت و گرفتێكی نیە و ماوەی 4 بۆ 5 ساڵە بۆیان تازە دەكرێتەوە چونكە زۆر پێویستمان پێیان هەیە".
روونیشیكردهوه: بۆ وەرزی هاوینیش مووچەی مامۆستایانی گرێبەست وەك مامۆستایانی تر دابەش دەكرێت.
ئاشكراشیكرد بۆ پڕكردنەوەی میلاكیان لەپاڵ تازەكردنەوەی مامۆستایانی گرێبەست پێویستیان بە 700 پلەی میلاكی تازەش دەبێت بە تایبەت بۆ ناوچە دوورەكانی پارێزگای هەولێر.
سامان سیوەیلی وتەبێژی وەزارەتی پەروەرده رایگەیاند، بەهۆی پێویستی زۆریان بە مامۆستایان حكوومەت گرێبەستی مامۆستایان تازە دەكاتەوە.
ئاماژەی بەوەشدا لە پاڵ نوێكردنەوەی گرێبەستی ئەو مامۆستایانە داوایان كردووە لە ئەنجومەنی وەزیران مامۆستای تریشیان بە گرێبەست بۆ دابمەزرێنن.
پێشووتر مووچەی گرێبەست بۆ دەرچووانی كۆلیژ مانگانە 500 هەزار دینار و بۆ دەرچووانی پەیمانگەش 400 هەزار دینارە بوو، بەڵام ئێستا بەهۆی پاشەكەوت مووچەكانیان بۆ نیوە كەمكراوەتەوە.
AM:10:32:25/07/2017
ئهم بابهته 5973
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت