وتەبێژی بایۆمەتری: مانگی داهاتوو دەبێت فەرمانگەکان لیستی مووچە بە سیستەمی بایۆمەتری بۆ گەنجینەکان بنێرن


وێستگه‌ نیوز ـ
سەمیر ھەورامی، وتەبێژی سیستمی بایۆمەتریی مووچە، ئاشکرای دەکات یەک ملیۆن و 305 ھەزار مووچەخۆر ھەبوو لە ھەرێمی کوردستان، تا ئێستا یەک ملیۆن و 202 ھەزار خۆیان تۆمار کردووە، بەڵام نزیکەی 60 ھەزار کەسی تریش ماون تۆمار بکرێن، دەشڵێت:"مانگی داهاتوو دەبێت فەرمانگەکان لیستی مووچە بە سیستەمی ئەلیکترۆنی و بایۆمەتری بۆ گەنجینەکان بنێرن".

سەمیر ھەورامی، وتەبێژی سیستمی بایۆمەتریی مووچە به‌ میدیاكانی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگه‌یاندووه‌، لە دەستپێکی پرۆسەی تۆماری بایۆمەترییەوە تا ئێستا یەک ملیۆن و 202 ھەزار مووچەخۆر تۆمار کراون.

وتیشی: ”قوتابیاینی تواناسازی و ھاوەڵه‌کانیان، لەگەڵ ئەو کەسانەی مۆڵەتی بێ مووچەیان ھەیە، لەگەڵ ھەندێک خانەنشینی دەرەوەی وڵات ماون تۆمار نەکراون، ئەوانە تۆمار دەکرێن، بەڵام خەڵکی تر تۆمار ناکرێن و مووچەکانیان بۆ خەرج ناکرێت".

جەختیشی کردەوە: "نزیکەی 60 ھەزار مووچەخۆر ماون لە سیستەمی تۆماری بایۆمەتریی مووچە تۆمار نەکراون، کە رێوشوێنێکی تایبەتیان بۆ دەدۆزرێتەوە، بەشێکی تریشیان ماون کە ژمارەیان نزیکەی 25 ھەزار کەسە کە قوتابی و ئەوانەی مۆڵەتی بێ مووچەیان ھەیە، ئەوانیش لەداھاتوودا تۆمار دەکرێن".

لە ماوەی رابردوودا چەندین داتا خرانە روو سەبارەت بە ئاشکرابوونی دوومووچەیی و سێ مووچەیی لە سیستەمی بایۆمەتری، سەمیر ھەورامی دەڵێت: "جارێ ھیچ داتایەکی دروست سەبارەت بە دوومووچەیی و سێ مووچەیی دەرنەکەوتووە، چونکە پڕۆسەکە کاتی زیاتری دەوێت و دەخرێتە نێو سێرڤەر و سێرڤەرەکە بەراوردی داتا و زانیارییەکان دەکات، ئەوەش کاتی پێویستە، بۆیە ئەوەی وترابێت لەسەر ئەو بابەتە ھیچ راستییەکی بۆ نییە".

ئاشکراشی کرد، یەک ملیۆن و 305 ھەزار مووچەخۆر ھەبوو لە ھەرێمی کوردستان، تا ئێستا یەک ملیۆن و 202 ھەزار خۆیان تۆمار کردووە، بەڵام نزیکەی 60 ھەزار کەسی تریش ماون تۆمار بکرێن.

جەختی له‌وه‌شکردەوە: "بڕیاری ئەنجومەنی وەزیرانە ئەوەی زیاتر لە مووچەیەکی ھەبێت مووچەکەی دەبڕدرێت، ئەو بڕیارە ئەو کەسانە ناگرێتەوە کە بە یاسا زیاتر لە مووچەیەکیان ھەیە، بۆ نموونە کەسوکاری شەھیدان".

ئەو بەرپرسەی سیستەمی تۆماری بایۆمەتریی مووچە روونیکردەوە، لەمەودوا ھەموو مانگێک دەبێت فەرمانگە و وەزارەتەکان تا پێش 15ی ھەر مانگێک لیستی مووچە لەسەر بنەمای تۆماری بایۆمەتری بنێرن بۆ گەنجینەکان".

وتیشی: "لە مانگی داھاتوودا لە 1ی مانگ تا 15ی مانگ دەبێت فەرمانگەکان لیستی مووچە بە سیستەمی ئەلیکترۆنی و بایۆمەتری بۆ گەنجینەکان بنێرن، دەبێت لە لیستی مووچەدا ژمارەی ناسنامە و ژمارەی بارکۆدی سیستەمی بایۆمەتری ھەبێت، ئەگەر ئەوەی تیادا نەبێت مووچەی ھەر کەسێک بێت رادەگیرێت و لە مانگی داھاتوودا بە تەواوی ئەو سیستەمە دەخرێـتە واری جێبەجێکردنەوە، ئەوەی تۆمار نەکرابێت مافی تۆماری نامێنێت و لە دەستپێکردنی دابەشکردنی مووچە لەسەر بنەمای بایۆمەتری، ناو و مووچەیان نابێت".

سەمیر ھەورامی راشیگەیاند، پرۆژەی سیستەمی بایۆمەتری پڕۆژەیەکی گەورەی حکومەتی ھەرێمی کوردستانە و سێرڤەرەکەی توانای تۆماری 30 ملیۆن کەسی ھەیە، لە قۆناغەکانی تردا دەتوانرێت سەرجەم خوێندکاران و ھاوڵاتییان و کرێکاران خۆیان تۆمار بکەن، گرنگییەکی زۆری ھەیە و دەبێتە ئامارێک و بۆ چەندین لایەنی تر بەکار دەھێنرێت.



AM:11:58:25/07/2017


ئه‌م بابه‌ته 5603 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو