عه‌بادی: ریفراندۆم له‌ هه‌رێمی كوردستان ناشه‌رعیه‌ و مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵدا ناكه‌ین


وێستگه‌ نیوز –


سه‌رۆك وه‌زیرانی‌ عیراق رایگه‌یاند كه‌ ریفراندۆمه‌كه‌ی هه‌رێمی كوردستان ناشه‌رعییه‌ و مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵدا ناكه‌ن، سه‌باره‌ت به‌ كۆنتڕۆڵكردنه‌وه‌ی شارۆچكه‌ی ته‌له‌عفه‌ریش رایگه‌یاند كه‌ پلانێكی‌ تایبه‌ت بۆ كۆنترۆڵكردنه‌وه‌ی‌ ئه‌و شارۆچكه‌یه‌‌ی‌ سه‌ربه‌ پارێزگای‌ موسڵ‌ دانراوه‌.

له‌ كۆنگره‌ی رۆژنامه‌وانیی هه‌فتانه‌ی خۆیدا، حه‌یده‌ر عه‌بادی، سه‌رۆك وه‌زیرانی عیراق و فه‌رمانده‌ی گشتیی هێزه‌ چه‌كداره‌كانی عیراق رایگه‌یاند كه‌ ریفراندۆمه‌كه‌ی هه‌رێمی كوردستان ناشه‌رعییه‌ و مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵدا ناكه‌ین.

هه‌ر سه‌باره‌ت به‌ ریفراندۆمه‌كه‌ی هه‌رێمی كوردستان عه‌بادی هۆشدارییدا كه‌ رۆیشتن به‌ره‌و ریفراندۆم ئاسه‌واریی خراپی له‌سه‌ر هه‌موان ده‌بێت و وتی: "داوامان له‌ بریایانی هه‌رێمی كوردستان كردووه‌ دامه‌راوه‌كانی وه‌ك په‌رله‌مان بكه‌نه‌وه‌ و واز له‌ ناكۆكیی سیاسیی نێوان پێكهاته‌كانی هه‌رێم بهێنن".

سه‌باره‌ت به‌ پاشماوه‌كانی داعش له‌ناوچه‌كانی دیكه‌ی ده‌ره‌وه‌ی موسڵ، عه‌بادی رایگه‌یاند كه‌ پلانێكی تایبه‌تیان داناوه‌ بۆ شكستهێنان به‌ داعش له‌ قه‌زای ته‌له‌عفه‌ر رزگاركردنه‌وه‌ی ئه‌و قه‌زایه‌، وتیشی كه‌ به‌پێی یاسا مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌و چه‌كداره‌ بیانییانه‌ی داعش ده‌كه‌ن كه‌ له‌لایه‌ن هێزه‌ ئه‌منییه‌كانه‌وه‌ ده‌ستگیر كراون.

عه‌بادی راشیگه‌یاند كه‌ چه‌ند لایه‌نێك به‌ئه‌نقسه‌ت ده‌ستیانكردووه‌ به‌ چه‌واشه‌كاریی میدیایی سه‌باره‌ت به‌و تاوان و پێشێلكارییانه‌ی ئه‌م ماوه‌یه‌ی دوایی كراوه‌.

وتیشی: "بیر له‌ هه‌ڵبژاردن ناكاته‌وه‌ تا سه‌رجه‌م خاكی عیراق رزگار نه‌كرێت، به‌نیازی راگه‌یاندنی هیچ لیست و قه‌واره‌یه‌كی سیاسیش نیم."


PM:06:46:25/07/2017


ئه‌م بابه‌ته 4966 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو