له‌تیف شێخ مسته‌فا: ئه‌مڕۆ له‌ گۆڕانه‌كه‌ی جاران نه‌ده‌چوو

‌له‌تیف شێخ مسته‌فا

وێستگه‌ نیوز – له‌تیف شێخ مسته‌فا په‌رله‌مانتاری‌ پێشووی‌ گۆڕان رایگه‌یاند كه‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانی ئه‌مڕۆ، دووباره‌ بێ ئومێدییه‌كی تری لای جه‌ماوه‌ری‌ گۆڕانخواز دروست كرده‌وه‌ و ئه‌مڕۆ له‌ گۆڕانه‌كه‌ی جاران نه‌ده‌چوو.

له‌تیف شێخ مسته‌فا په‌رله‌مانتاری‌ پێشووی‌ گۆڕان له‌ ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌رانی‌ عیراق له‌ په‌یجی‌ تایبه‌تی‌ خۆی‌ له‌ تۆڕی‌ كۆمه‌ڵایه‌تی‌ فه‌یسبووك نووسیویه‌تی‌: "دوای مه‌رگی نه‌وشیروان مسته‌فا خه‌ڵكانێكی زۆر هاوسۆزییه‌كی بێ سنوریان بۆ بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان ده‌ربڕی و له‌و بێ ئومێدیه‌یه‌ كه‌ تێی كه‌وتبوو له‌دوای به‌شداربوونی له‌ده‌سه‌ڵات خه‌ریك بوو ده‌هاته‌ ده‌ره‌وه‌".

له‌تیف شێخ مسته‌فا ده‌ڵێت: "به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانی ئه‌مڕۆ، دووباره‌ بێ ئومێدییه‌كی تری لای جه‌ماوه‌ری‌ گۆڕانخواز دروست كرده‌وه‌".

ئاماژه‌شی‌ به‌وه‌داوه‌ كه‌ "له‌ یه‌كه‌م هه‌نگاوی دوای مه‌رگی رێكخه‌ری دامه‌زرێنه‌ر و وه‌ك شكاندنێكی ڕاسته‌وخۆی په‌یامه‌كه‌شی له‌ هه‌ڵبژاردنێك كه‌ پڕبوو له‌ ده‌سته‌گه‌ری و ڕێككه‌وتن (به‌به‌ڵگه‌وه‌) بۆ ده‌رچواندنی پاسه‌وانی كۆن بۆ خانه‌ی ڕاپه‌ڕاندن (مه‌كته‌بی سیاسی ) به‌ كامیلی گه‌نجه‌كانیان دوورخسته‌وه‌ یان ناچاریان كردن پاشه‌كشه‌ بكه‌ن".

ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ی‌ پێشوی‌ گۆڕان نووسیویشیه‌تی‌: "پاسه‌وانی كۆن كه‌ ده‌یانووت بۆ پاره‌و ده‌سه‌ڵات نه‌هاتوینه‌ته‌ ده‌ره‌وه‌ به‌م كرده‌وه‌ی ئه‌مڕۆ سه‌لماندیان كه‌ وانییه‌ و ده‌بێت له‌ بێشكه‌وه‌ بۆ قه‌بر ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی بن".

جه‌ختیشی‌ له‌وه‌ كردووه‌ته‌وه‌ كه‌ "ده‌نا ده‌بوایه‌ هیچ نه‌بێ جگه‌ له‌ ڕێكخه‌ری گشتی كه‌ ئاساییه‌ له‌ ئێستادا بۆ یه‌كێك له‌ كۆنه‌كان بێت، به‌ڵام ده‌بوایه‌ هیچ نه‌بێت 4 كه‌س یان 3 كه‌س به‌لانی كه‌مه‌وه‌ له‌ ئه‌ندامانی خانه‌ی راپه‌ڕاندن بۆ گه‌نجه‌كان بێت".

له‌تیف شێخ مسته‌فا راشیگه‌یاندووه‌ كه‌ "به‌ گه‌نجه‌كانیش ده‌ڵێم خۆتان هه‌ڵمه‌خڵه‌تێنن پله‌و پایه‌تان هه‌رچیه‌ك بێت چه‌ن به‌گۆڕانه‌وه‌ ماندووبن، خۆتان هه‌موتان لای ئه‌وان كارمه‌ندن و ئه‌وان خاوه‌ندار".

ئه‌مڕۆ له‌ كۆبوونه‌وه‌ی‌ جڤاتی‌ نیشتیمانی‌ گۆڕان عومه‌ری‌ سه‌ید عه‌لی‌ به‌ رێكخه‌ری‌ گۆڕان به‌زۆرینه‌ی‌ ده‌نگ هه‌ڵبژێردرا و هه‌ریه‌ك له‌"
جەمال حاجی محمەد، محەمەد تۆفیق رەحیم، عوسمان حاجی مەحمود، جەلال جەوهەر، شۆڕش حاجی و د. ره‌ئوف عوسمان" به‌ ئه‌ندامانی‌ خانه‌ی‌ راپه‌ڕاندن هه‌ڵبژێردران.


PM:10:55:25/07/2017


ئه‌م بابه‌ته 8272 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت