دەستەی مافی مرۆڤ داوای سزادانی ئەو كەسانە دەكات كە نرخ بەرز دەكەنەوە

‌لۆگۆی دەستەی مافی مرۆڤ

وێستگە نیوز- پشتیوان جەمال
دەستەی سەربەخۆی مافەكانی مرۆڤ دڵنیایی دەداتە هاوڵاتیان كوردستان كە داخستنی سنورەكانی كوردستان هێندە ئاسان نییە، داواش لە حكومەت دەكات هەر بازرگانێك نرخ گران دەكات سزای بدات.

محەمەد گۆمەشینی، وتەبێژی دەستەی سەربەخۆی مافەكانی مرۆڤ بە وێستگە نیوزی راگەیاند، ئێستا لە ئاستی نێودەوڵەتی كوردستان بۆتە شوێنی بەرچاوی وڵاتان و لە كوردستانیش نوێنەرانی وڵاتان كراوەتەوە  و وتی "داخستنی سنوورەكان لەگەڵ كوردستان ئەوەندە ئاسان نییە كە بەهۆیەوە شمەك نەگاتە هاوڵاتیان".

ناوبراو ئاماژەی بەوەكرد، دەبێت لە ناوخۆی كوردستاندا بازرگانان دڵنیایی بدەنە هاوڵاتیان كە ئاڵوگۆڕی بازرگانی تەنها پەیوەندی بە وڵاتانی ئیران و توركیاوە نییە، بەڵكو لەگەڵ وڵاتانی دەرەوەش پەیوەندی بازرگانی هەیە، بەڵا هەندێك خەڵكانی نەفس نزم كە پاگەندە دروست دەكەن بۆ قازانجی خۆیانە.

گۆمەشینی وتیشی "داواكارین لە حكومەت خۆی بێدەنگ نەكات و ئەو كەسانەی دەیانەوێت نرخ بەرز بكەنەوە بدرێنە دادگا و سزا بدرێن".
لەم هەفتەی رابردوودا و لەگەڵ نزیكبوونەوە لە پرسی ریفراندۆم، هاوڵاتیان بەشێوەیەكی زیاتر شمەك دەكڕن بەتایبەتیش گەنم ئەوەش لە ترسی داخستنی سنوورەكانی ئێران و توركیا و دروستبوونی گرانی.

دوێنێش یەكێتی هاوردە و ناردنكارانی كوردستان هاوڵاتیانیان دڵنیا كردەوە كە هیچ مەترسییەك بۆ گرانكردنی نرخ لە ئارادا نییە و شمەك بەشێوەی ئاسایی هاوردە دەكرێت.


PM:05:43:28/07/2017


ئه‌م بابه‌ته 2378 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت