قایمقامیەتی هەولێر دڵنیایی دەداتە هاوڵاتیان بۆ گرانبوونی نرخ

‌دیمەنێك لە شاری هەولێر

وێستگە نیوز- پشتیوان جەمال

قایمقامیەتی قەزای ناوەندی هەولێر رایدەگەیەنێت، لیژنەكانیان رۆژانە سەردان و گەڕان و پشكنیەكانیان چڕتر كردۆتەوە و لەنزیكەوە چاودێری سەرجەم بازاڕەكان دەكرێت نرخی سەرجەم شتومەكەكان وەكو خۆیەتی، بەڵكو چەندین كاڵا و كەلوپەل بەپێچەوانەوە نرخەكانیان دابەزینی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە.

لە روونكردنەوەیەكی قایمقامیەتی قەزای ناوەندی هەولێر كە وێنەیەكی بۆ وێستگە نیوز نێردراوە رایانگەیاندووە، بەداخەوە چەند ڕۆژێكەوە لێرە و لەوێ گوێبیستی بڵاوبوونەوەی گرانی كاڵا و شتومەك خواردن و خۆراك دەبن لەلایەن چەند كەسانێكی چاوچنۆك. 

قایمقامیەتی ناوەندی هەولێر دەڵێت "هاوڵاتیانی خۆشەویست دڵنیا دەكەینەوە سەرجەم لیژنەكانمان بەتایبەتی لیژنەی پشكنین و چاودێری بازاڕ رۆژانە سەردان و گەڕان و پشكنیەكانیان چڕتر كردۆتەوە لەنزیكەوە چاودێری سەرجەم بازاڕەكان دەكرێت نرخی سەرجەم شتومەكەكان وەكو خۆیەتی، بەڵكو چەندین كاڵا و كەلوپەل بەپێچەوانەوە نرخەكانیان دابەزینی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە".

بەپێی روونكردنەوەكە "رێگە نادەین بەهیچ كەس و بازرگانێك نرخی كاڵا و شتومەك بەرز بكاتەوە، یاخود لەكۆگاكانیان بەشێوەی شاردنەوە هەڵیبگرێت، هەر كەسێك سەرپێچی بكات ڕاستەوخۆ شوێنەكەی دادەخرێت و رووبەڕووی دادگا دەكرێتەوە". 

قایمقامیەتی هەولێر ئاگاداری هاوڵاتیان دەكاتەوە بۆ هەر سكاڵایەك لەسەر گرانی نرخ  پەیوەندی بكەن بەم ژمارە تەلەفۆنانەوە بكەن (07502224466 – 07502224488).


PM:06:08:28/07/2017


ئه‌م بابه‌ته 3677 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت