سوید چەند ڕێکارێکی نوێ لەبەرامبەر پەنابەران دەگرێتەبەر


وێستگە نیوز -

دەزگای کۆچی سوید ڕایگەیاند، ڕێژەی كەیسی پەنابەران کەمدەبێتەوە بۆ 80 هەزار دۆسیە.

بەپێی هەواڵێکی بەشی کوردی ڕادیۆی سوید دەزگای کۆچی ئەو وڵاتە ڕایگەیاندووە، لەگەڵ کەم بوونەوەی كەیسەكان، کاتی بڕیاردان لەسەر كەیسەكانیش کەمدەبێتەوەو دێتەوە سەر وادەی ئاسایی خۆی، بەڵام ئەمە تەنیا لە ناوەڕاستی ساڵی 2018 بەولاوە ڕوودەدات و تا ئەوکاتە ماوەی چاوەڕوانی بۆ وەرگرتنەوەی وەڵام هەر وا بە درێژی دەمێنێتەوە.

بەپێێ زانیاریەکانی دەزگاکە، ئێستا 53 هەزار کەس چاوەڕوانی وەڵامی داخوازی پەنابەرین.

یەکێک لەو پەنابەرانەی لە چاوەڕوانی یەکلاییبوونەوەی دۆسییەکەیدایە بە بەشی كوردی رادیۆی سویدی راگەیاندووە، نزیکەی 22 مانگ لە چاوەڕوانی پێڕاگەیشتن بە دۆسیەکەیدا ماوەتەوەو ئەو چاوەڕوانییە تەواو ماندویکردووە، دەشڵێت بێزارە لەوەی دوای نزیکەی 22 مانگ چاوەڕوانی بۆ چاوپێکەوتن لەگەڵ دەزگای کۆچ، هێشتا دەبێت ماوەیەکی تریش چاوەڕێ بێ.

یەکێکی دیکە لەو کەسانەی لە چاوەڕوانی دۆسیەکەیدایە دەڵێت، چاوەڕوانی ناخۆشە  لەدوای ئەو ماوە دوورو درێژەی چاوەڕوانی، چاوپێکەوتنم کرد، بەڵام هێشتا نازانم دەبێت چەندی تر چاوەڕوانبم بۆ وەرگرتنی وەڵامی داخوازیەکەم، ئەوانیش لەو بارەوە هیچیان پێ نەوتووم.

بەپێی زانیارییەکانی رۆژنامەی داگێنس نیهێتتەر(Dagens Nyhetter) ی سویدی کە بە ژمارە بەشێک لە پێشبینیەکانی بڵاوکردووەتەوە، دەزگای کۆچ رێژەی ئەو دۆسیانەی کە پێڕاگەیشتنیان بۆ دەکات کەم دەکاتەوە بۆ 80 هەزار دۆسیە لەمساڵدا، ئەمەش بەو مانایە دێت کە 25 هەزار کەمترە لەو ڕێژەی لەسەرەتای ساڵەوە پێشبینی بۆ کردبوو.

هاوکات، 15 هەزاریش کەمتر لەو ڕێژەیەی لە مانگی چواری هەمان ساڵدا پێشبینیان کردبوو، دەزگاکە ڕاشیگەیاندووە کە چاوەڕوان دەکرێ لەمساڵدا 28 هەزار کەس داخوازی پەنابەری پێشکەش بکەن.


PM:06:30:28/07/2017


ئه‌م بابه‌ته 3685 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو