مەسرور بارزانی: دەبێت ریفراندۆم ئەنجام بدرێت


وێستگە نیوز-

مەسرور بارزانی، راوێژكاری ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان رایدەگەیەنێت، عیراق بەخراپترین شێوە رووبەڕووی هەرێمی كوردستان بۆتەوە و دەڵێت "دەبێت ریفراندۆم ئەنجام بدرێت".

دوانیوەڕی ئەمڕۆ لە كۆنگرێسی ئەمەریكا كۆنفرانسێك سەبارەت بە پرسی ریفراندۆم دەستی پێكرد، لە پانێڵی سێیەمدا مەسرور بارزانی راوێژكاری ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان وتارێكی پێشكەشكرد.

مەسرور بارزانی رایگەیاند، عیراق بە خراپترین شێوە رووبەڕووی هەرێمی كوردستان بۆتەوە و وتی "توانای خۆبەڕێوەبردنمان هەیە و دەبێت ریفراندۆم ئەنجام بدرێت".

ناوبراو وتیشی "خاڵی كۆتایی بۆ خراپەكارییەكان دادەنێین، عیراق هەوڵیدا بە رێگەی سەربازی كێشەكان چارەسەر بكات، بەڵام ئێمەش دەمانەوێت وەك وڵاتان سەربەخۆ بین، دەبێت خۆمان كات بۆ سەربەخۆیی  دروست بكەین".

مەسرور بارزانی جەختیكردەوە "دەبێت تا كەی عیراق بەو شێوەیە مامەڵە لەگەڵ ئێمەدا بكات، ئەگەر هۆكارەكانی سەرهەڵدانی داعش كۆتایی پێنەهێندرێت، سەرهەڵدەداتەوە".

هەروەها وتیشی "ئەنجامەكانی هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی عیراق پێشبینكراون و كوردەكان لە 63 كورسی زیاتر نابەنەوە".


PM:07:48:28/07/2017


ئه‌م بابه‌ته 4172 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت