عیزه‌ت سابیر: به‌شێكی چاكسازییه‌كه‌ی وه‌زاره‌تی دارایی ده‌یتوانی خۆی بیكات
وێستگه ـ ژینۆ ئه‌حمه‌د
سه‌رۆكی لیژنه‌ی دارایی له په‌رله‌مانی كوردستان بۆچوونی خۆی له‌سه‌ر پڕۆژه چاكسازییه‌كه‌ی وه‌زاره‌تی دارایی ده‌رده‌بڕێت و پێشی وایه ده‌بوو ئه‌و پڕۆژه‌یه له ساڵی 2014 دا رابگه‌یه‌ندرایه، هه‌روه‌ك ئه‌وه‌ش ده‌خاته‌ڕوو، كه به‌شێكی ئه‌و چاكسازییه وه‌زاره‌تی دارایی خۆی دهتوانیچت ئه‌نجامی بدات.
ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه 30ی ئه‌یلولی 2015، وه‌زاره‌تی دارایی و ئابووری هه‌رێم پڕۆژی چاكسازی خۆی له هه‌رێمی كوردستان بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ی خه‌رجی و زیادبوونی داهات راگه‌یاند، كه خۆی له 14 خاڵدا ده‌بینێته‌وه.
دره‌نگ وه‌خت
د. عیزه‌ت سابیر سه‌رۆكی لیژنه‌ی دارایی له په‌رله‌مانی كوردستان به وێستگه‌ی راگه‌یاند: ئه‌وان پێشوازی له هه‌ر پڕۆژه‌یه‌كی چاكسازی ده‌كه‌ن له لایه‌ن هه‌ر كه‌س و لایه‌ن و وه‌زاره‌تێكه‌وه بێت و به پڕۆژه‌یه‌كی گرنگی داده‌نێن، به‌ڵام تێبینی ئه‌وان له‌و خاڵانه‌ی له پڕۆژه‌ی چاكسازییه‌كه‌دا هاتووه خۆی له چه‌ند خاڵێكدا ده‌بینێته‌وه.
له باره‌ی خاڵه‌كانه‌وه وتی: "هه‌ندێك له خاڵه‌كان ده‌سه‌ڵاتی وه‌زاره‌تی دارایی خۆیه‌تی ده‌توانێت نه‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران، بۆ وێنه به‌كرێگرتنی خانوو و ئۆتۆمبێل، ئه‌وانه ده‌سه‌ڵاتی خۆیه‌تی، به‌شێكی دیكه‌شی له غیابی په‌سه‌ند نه‌كردنی بودجه‌دایه".
روونیشیكرده‌وه: "چاكسازی راسته‌قینه به‌وه ده‌بێت داهاتی گومرگه‌كان یهكبخرێتهوهو رێكبخرێت، چونكه ئه‌گه‌ر رۆژانه 100 دۆلار داهاتی گومرگ هه‌بێت، 20 دۆلاری وه‌رده‌گیرێت و 80ی وه‌رناگیرێت، چه‌ندین بڕیار كه سه‌رۆكی كابینه‌كانی ئێستا و پێشوو داویانه، لێخۆشبوونی كۆمپانیا گه‌وره‌كانه له گومرگ، له باجی قازانج، ئه‌مانه هه‌مووی وایكردووه داهات كه‌م بێت".
ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو: ده‌بێت پڕۆژه‌ی چاكسازی، راسته‌قینه بێت و سه‌رجه‌م بواره‌كان بێت، بۆ هه‌موو هه‌رێمی كوردستان بێت، به‌رهه‌مێكی وای هه‌بێت ببێته هۆكارێك بۆ نه‌هێشتنی دواكه‌وتنی مووچه.
دوپاتیشیكرده‌وه، كه ئه‌و پڕۆژه‌ی چاكسازییه ده‌بوو دووساڵ به‌ر له ئێستا بكرایه، ده‌بوو ئه‌وكاته‌ی حكومه‌تی عیراق بڕیاریدا ئیتر بودجه بۆ هه‌رێم ره‌وانه نه‌كات، حكومه‌تی هه‌رێم ده‌ستی به چاكسازی بكردایه.
سه‌رۆكی لیژنه‌ی دارایی جه‌خت ده‌كاته‌وه، كه پڕۆژه‌ی چاكسازی ده‌بێت له كه‌رتی نه‌وته‌وه ده‌ستپێبكات، چونكه چاكسازی به ته‌نها ئه‌و 14 خاڵه نییه، ده‌بێت چه‌ندین خاڵی دیكه‌ی بۆ زیاد بكرێت.
له كۆتاییدا عیزه‌ت سابیر خوازیاربوو، ئه‌و پڕۆژه‌یه‌ی له لایه‌ن وه‌زاره‌تی داراییه‌وه پێشكه‌شكراوه، حكومه‌ت جێبه‌جێی بكات، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا چه‌ندین خاڵی دیكه‌ی بۆ زیاد بكرێت له به‌خشینی كۆمپانیاكان له باج و كۆكردنه‌وه‌ی داهاتی گومرگه‌كان و كۆكردنه‌وه‌ی داهاتی ئاو‌و كاره‌با، ده‌بێت وردتر بێت.
ده‌قی خاڵه‌كانی پڕۆژه چاكسازییه‌كه‌ی وه‌زاره‌تی دارایی:
ده‌قی پێشنیاره‌كان
1- له پێناو جێبه‌جێكردنی سیسته‌می كارگێڕی خۆجێیه‌تی له‌سه‌رجه‌م پارێزگاكانی هه‌رێمی كوردستان به شێویه‌كی كرده‌یی، وه‌ك وه‌زاره‌تی دارایی و ئابوری پێمان باشه داهاتی پارێزگاكان ڕاسته‌وخۆ له لایه‌ن خۆیانه‌وه سه‌رپه‌رشتی بكرێت بۆ مه‌به‌ستی به‌كارخستن و په‌ره‌پێدانی پارێزگاكان له چوارچێوه‌ی ڕێنماییه‌كانی وه‌زاره‌تی دارایی و ئابوری له ژێر چاودێری ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكان و دیوانی چاودێری دارایی .
2. كه‌مكردنه‌وه‌ی مووچه‌ی ئه‌ندام په‌رله‌مان و وه‌زیر و پله تایبه‌ته‌كان بۆ ڕێژه‌ی %50
3.خانه‌نشینكردنی ئه‌و فه‌رمانبه‌رانه‌ی ته‌مه‌نی یاساییان ته‌واوكردوه و تا ئێستا به‌رده‌وامن یاخود ماوه‌ی خزمه‌تیان بۆ درێژكراوه‌ته‌وه تا له جێگای ئه‌وان خه‌ڵكانی گه‌نج و نوێ جێگایان بگرێته‌وه.
4. نه‌هێشتن و جاره‌سه‌ركردنی مووچه‌ی ( معوم) له ناو حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان كه ژماره‌یه‌ك به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی و قایمقام و به‌ڕێوه‌به‌ری ناحیه هه‌ن مووچه وه‌رده‌گرن وده‌وام ناكه‌ن.
5. زیادكردنی داهات به‌وه‌ی %100 یاسای باج و گومرگ جێبه‌جێبكرێت هه‌روه‌ها به‌خشین نه‌مێنێت ته‌نها بهیلسا نه‌بێت به تایبه‌ت له كۆمپانیاكانی بواری نه‌وت و پێداچوونه‌وه به به‌خشینی پڕۆژه‌كانی وه‌به‌رهێنان.
6.زیادكردنی داهات له فڕۆكه‌خانه و ڕێگاوبانه‌كان وه‌ك وڵاتانی پێشكه‌وتوو.
7.ده‌ركردنی بڕیارێك له‌سه‌ر زیاد نه‌كردنی نه‌سریه‌ی هیچ فه‌رمانگه‌یه‌ك زیاتر له ڕێژه‌ی %35 جگه له فه‌رمانگه خزمه‌تگوزارییه‌كان.
8.شاند و سه‌فه‌ر بۆ وه‌زیر و سه‌رجه‌م پله باڵاكان بۆ ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێم ته‌نها بۆ سه‌ردانی فه‌رمی وپێویست بن نه‌ك بۆ كۆنفرانس و خول و چالاكی.
9.كه‌مكردنه‌وه‌ی به‌كرێ گرتنی باڵه‌خانه و ئۆتۆمبیل ته‌نها بۆ حاڵه‌تی زه‌روری بێت نه‌ك بۆ تاكه‌كه‌سی.
10. پێداچوونه‌وه به مووچه‌ی خانه‌نشینی پله باڵاكان.
11. پێداچوونه‌وه و هاوسه‌نگ كردنی ده‌رماڵه‌كان له‌سه‌ر ئاستی گشت دامه‌زراوه و وه‌زاره‌ت و فه‌رمانگه‌كانی نه‌به‌ستراو به وه‌زاره‌ت له هه‌رێمی كوردستان.
12. فرۆشتنی سه‌رجه‌م ئۆتۆمبیله‌كانی حكومه‌ت كه بۆ مه‌به‌ستی هاتوچۆی تایبه‌ت به‌كاردێن به قیستی درێژخایه‌ن جگه له ئتۆمبیله خزمه‌تگوزاریه‌كان له پێناو كه‌مكردنه‌وه‌ی خه‌رجی.
13.بڕینی كرێی مانگانه‌ی خزمه‌تگوزاریه‌كانی تایبه‌ت به‌و پله باڵایانه‌ی كه له شووقهكانی ناز ستی نیشته‌جێن كه ژماره‌یان ( 380) شوقه‌یه.
14.كه‌مكردنه‌وه‌ی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی و به‌ش و هۆبه له سه‌رجه‌م وه‌زاره‌ته‌كان و راگرتنی كردنه‌وه‌ی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی به‌ش و هۆبه‌ی نوێ.
هــ. ر
PM:11:24:30/09/2015
ئه‌م بابه‌ته 5614
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت