لێدوانی هاوپەیمانی دژی داعش لەبارەی هێرشەکەی سەر ئەلبوکەمالی سوریا

‌سوریا بەرەو وێرانکاری زیاتر دەڕوات

وێستگه‌ نیوز ـ
هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش رەتیکردەوە هێرشە ئاسمانییەکەی دوێنێی ئەلبوکەمال لە سوریا ئەوان ئەنجامیان دابێت، وەزارەتی دەرەوەی عیراقیش ئیدانەی هێرشکردنە سەر حەشدی شەعبی لە سوریا.


هاوپەیمانییەکە کە ئەمریکا سەرۆکایەتی دەکات لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند، ئاگاداری ئەو راپۆرتانانە کە باس لە کوشتن و برینداربوونی چەندین کەس دەکەن بەهۆی هێرشی ئاسمانییەوە لە ئەلبوکەمالی سوریا.

وتیشی: "لەو کاتەدا هیچ هێرشێکی ئاسمانی لەلایەن هاوپەیمانی دژی داعشەوە لەو شوێنەدا ئەنجام نەدراوە".

میدیای فەرمی حکومەتی سوریا لەزاری سەرچاوەیەکی سەربازییەوە بڵاویکردەوە، بەرەبەیانی دوێنێ، فڕۆکە جەنگییەکانی ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی بە سەرۆکایەتی ئەمریکا پێگەیەکی سەربازیان لە باشوری رۆژھەڵاتی ئەلبوکەمال بۆردومانکرد.

ھاوکات فەرماندەیەکی ھێزەکانی سەر بە حکومەتی سوریا بە ئاژانسی ھەواڵی رۆیتەرزی راگەیاندووە، چەند فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوان کە پێدەچێت ئەمریکی بن پێگە سەربازییەکانی سوپای سوریا و ھێزەکانی عیراقیان لە نێوان ئەلبوکەمال و تەنف بۆردومانکردووە.

لەبارەی ئامارەکان روانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ رایگەیاند، 52 چەکدار کوژراون کە 16 یان بە رەگەز عیراقین و ئەوانەی‌ تریشیان سەر بە حزبوڵان.

روانگەی سوری ئەوەشی راگەیاندووە، نازانرێت کە ئایا کوژراوەکان سەربە حزبوڵای  عیراقی یان لوبنانین.

هاوکات چەند سەرچاوەیەکی‌ تر بڵاویکردەوە، کە 22 لە  کوژراوەکان سەر بە حەشدی شەعبی عیراقین.

لەلایەکی دیکەوە ئۆپراسیۆنە هاوبەشەکانی عیراق رایگەیاند، هیچ هێزێکی عیراقی لە سنوری سوریا بۆردومان نەکراوە.

هه‌روه‌ها وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی عیراق به‌یاننامه‌یه‌كی ناڕه‌زایی له‌سه‌ر بۆردومانكردنی چه‌كدارانی حه‌شدی شه‌عبی له‌ سوریا بڵاوكرده‌وه‌.

وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی عیراق له‌ بەیاننامەکەدا ئیدانەی بۆردوومانکردنی پێگەکانی حەشدی شەعبی دەکات لەسەر سنووری سووریا و رایدەگەیەنێت، "پێویستە هاوئاهەنگی تەواو لەنێوان هێزی ئاسمانی هاوپەیمانان و ئەو هێزانە هەبێت، کە لەسنوورەکانی نێوان عیراق و سووریا شەڕی داعش دەکەن".

جەختیش دەکاتەوە لەوەی "پێویستە هەمووان پێکەوە رووبەڕووی داعش ببینەوە".

هــ. ر


AM:08:47:19/06/2018


ئه‌م بابه‌ته 3028 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

زۆرترین خوێندراو