‌چنار سه‌عد عه‌بدوڵا: پارتی‌ بڕیاری‌ داوه‌ سه‌رۆكی په‌رله‌مان بگۆڕدرێت
PM:08:28:10/12/2015

وێستگه‌- هۆگر كه‌مال، هێڤی‌ خالید

ئه‌ندامێكی سه‌ركردایه‌تی‌ پارتی ده‌ڵێت: پارتی‌ نه‌ك ده‌یه‌وێ‌ سه‌رۆكی‌ په‌رله‌مان بگۆڕێ‌، به‌ڵكو پارتی‌ دیموكراتی‌ كوردستان له‌گه‌ڵ‌ لایه‌نه‌ سیاییه‌كانی‌ تر بڕیاری‌ داوه‌، ده‌بێت پێداچوونه‌وه‌ بكرێت به‌ ده‌سته‌ی‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ كه‌ له‌ په‌رله‌مانی‌ كوردستان هه‌بووه‌، ده‌شڵێت: په‌یوه‌ندی‌ نێوان په‌كه‌كه‌ ‌و پارتی‌ دیموكراتی‌ كوردستان چه‌ند گرژی‌ تێدا بێت، به‌ڵام له‌ ئه‌نجامدا ئه‌م دوو هێزه‌، كه‌ دوو هێزی‌ كاریگه‌رن له‌ ناوچه‌كه‌، هه‌میشه‌ پێویستیان به‌ یه‌كتره‌.

ئه‌وه‌ی سه‌ره‌وه‌ به‌شێكه‌ له‌چاوپێكه‌وتنێكی سایتی‌ وێستگه‌ له‌گه‌ڵ چنار سه‌عد عه‌بدوڵا ئه‌ندامی سه‌ركردایه‌تی‌ پارتی دیموكراتی‌ كوردستان، كه‌ ئه‌مه‌ی‌ خواره‌وه‌ ده‌قه‌كه‌یه‌تی‌:

وێستگه‌: گۆڕان پێی‌ وایه‌ پارتی‌ كوده‌تای‌ ئه‌نجامداوه‌، رای‌ ئێوه‌ چییه‌ له‌و باره‌یه‌وه‌؟

چنار سه‌عد عه‌بدوڵا: پێموایه‌ ئاساییه‌ گۆڕان وا بیربكاته‌وه‌، كه‌ پارتی‌ كوده‌تای‌ به‌سه‌ر سه‌رۆكی‌ په‌رله‌ماندا كردبێ‌، به‌ڵام پارتی‌ دیموكراتی‌ كوردستان به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ بۆچوونی‌ هه‌بێت، ره‌نگه‌ ئه‌و رووداوه‌ی‌ له‌ پردێ‌ روویدا له‌ روانگه‌ی‌ پارتی‌ ئه‌مه‌ هه‌نگاوێكی‌ دروست بووه‌ ‌و بۆ به‌رگرتن بووه‌ له‌وه‌ی‌ دۆخه‌كه‌ زیاتر ته‌شه‌نه‌ نه‌ستێنێت ‌و گرژییه‌كان زیاتر نه‌بێت، دۆخی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان له‌ ئێستادا ئه‌وه‌ هه‌ڵناگرێت، كه‌ ئێمه‌ له‌ ناوخۆدا زۆرترین كێشه‌مان هه‌بێت ‌و به‌رده‌وام بین له‌وه‌ی‌ باره‌گا بسوتێنین ‌و خه‌ڵك بوروژێنین ‌و خه‌ڵك ناڕه‌حه‌ت بكه‌ین ‌و ئه‌و دامه‌زراوانه‌ی‌ كه‌ هه‌ن هه‌ڕه‌شه‌یان له‌سه‌ر دروست بكه‌ین، بۆیه‌ له‌ روانگه‌ی‌ پارتی‌ ئه‌وله‌ویه‌ت پاراستن ‌و ئاسایشی‌ وڵاته‌، بۆیه‌ پارتی‌ ئه‌م هه‌نگاوه‌ به‌ كوده‌تا نازانێ‌، به‌ڵام كه‌سێكی‌ گۆڕان پێی‌ وایه‌ ئه‌وه‌ كوده‌تا بووه‌، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ ویستی‌ ئه‌وان بووه‌، ئه‌وان زیاتر له‌و روانگه‌یه‌وه‌ بابه‌ته‌كه‌ ده‌خوێننه‌وه‌ كه‌ په‌یوه‌ندی‌ به‌ به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانیانه‌وه‌ هه‌یه‌.


وێستگه‌: ئێستا لێكدانه‌وه‌یه‌كی‌ وا بۆ ئه‌و رووداوانه‌ ده‌كرێت، گوایه‌ پارتی‌ ئه‌م كاره‌ی‌ بۆ ئه‌وه‌ كردووه‌، كه‌ پرسی‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ هه‌رێم ‌و ده‌ستوور له‌ بیری‌ خه‌ڵك بباته‌وه‌، ئایا ئه‌وه‌ تا چه‌ند راسته‌؟

چنار سه‌عد عه‌بدوڵا: من پێموایه‌ له‌وه‌دا پارتی‌ دیموكراتی‌ كوردستان به‌رپرس نیه‌ ئه‌وه‌نده‌ی‌ ئه‌و هێزه‌ سیاسیانه‌ی‌ دۆخه‌كه‌یان به‌و ئاڕاسته‌یه‌ گه‌یاند ئه‌وان به‌رپرسن له‌وه‌ی‌ قسه‌ له‌سه‌ر پرسی‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ هه‌رێم ناكرێت ‌و سه‌رۆكایه‌تی‌ په‌رله‌مان كراوه‌ته‌ بابه‌ت، له‌به‌ر ئه‌وه‌ ده‌كرا له‌و قۆناغه‌ی‌ بابه‌ته‌كان له‌ ئارادا بوون، پرسی‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ هه‌رێم ‌و ده‌ستوور ‌و بابه‌تی‌ داعش ‌و چاكسازی‌، ده‌كرا له‌ رێگه‌ی‌ دانیشتن ‌و دانوستان چاره‌سه‌ر بكرێت ‌و زۆر به‌ شێوه‌یه‌كی‌ دیموكراسی‌ قسه‌ی‌ له‌سه‌ر بكرێت، ده‌كرا ئه‌م بابه‌تانه‌ سه‌ره‌كی‌ بن ‌و نه‌گاته‌ ئه‌و ئاسته‌ی‌ كه‌ ئێستا زۆر لایه‌ن پێیوایه‌ ئه‌مانه‌ بوونه‌ته‌ لاوه‌كی‌ ‌و پرسی‌ دیكه‌ هاتوونه‌ته‌ پێش.

وێستگه‌: ئه‌ی‌ بۆ نه‌كرا؟

چنار سه‌عد عه‌بدوڵا: له‌به‌ر ئه‌وه‌ی‌ دۆخه‌كه‌ زۆر ئاڵۆزیی‌ تێكه‌وت ‌و گه‌یشته‌ ئاستی‌ ئه‌وه‌ی‌ خه‌ڵك رژایه‌ سه‌ر شه‌قام ‌و خه‌ڵكێك هاندرا ‌و باره‌گا سووتێنرا، بۆیه‌ ئه‌وله‌وییه‌ت بووه‌ ئارامیی‌ ‌و ئاسایشی‌ هه‌رێم، كه‌واته‌ دۆخه‌كه‌ به‌ ئاڕاسته‌یه‌كی‌ دیكه‌ چوو.

وێستگه‌: ئێستا په‌رله‌مان ئیفلیج كراوه‌، رێگری‌ له‌ سه‌رۆكی‌ په‌رله‌مان ده‌كرێت به‌ گه‌ڕانه‌وه‌ی‌ بۆ هه‌ولێر، پارتی‌ مه‌رجی‌ گۆڕینی‌ كه‌سایه‌تی‌ د. یوسف محه‌مه‌دی‌ داناوه‌ بۆ ئاسایی‌ بوونه‌وه‌ی‌ دۆخه‌كه‌، ئایا هه‌رێمی‌ كوردستان به‌م هه‌موو قه‌یرانه‌وه‌ چی‌ به‌سه‌ردێت ‌و ره‌وشی‌ هه‌رێم به‌كوێ‌ ده‌گات ‌و ئه‌م بارودۆخه‌ سیاسییه‌ تاكه‌ی‌ به‌رده‌وام ده‌بێت؟

چنار سه‌عد عه‌بدوڵا: دۆخی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان به‌راورد به‌ مانگێك پێش ئێستا كه‌ ئاڵۆزییه‌كان زۆر زیاد بوون، له‌ ئێستادا زۆر ئارامتره‌ ‌و خه‌ڵكیش عه‌سابی‌ زۆر ساردتره‌ ‌و زیاتر هه‌ست به‌ ئه‌منیه‌ت ده‌كه‌ن، له‌وه‌ی‌ پێش مانگێك ئه‌و رووداوانه‌مان بینی‌ كه‌ له‌ سلێمانی‌ رووی‌ ده‌دا، ئه‌و هێرشه‌ میدیاییانه‌ی‌ كه‌ چۆن هانی‌ خه‌ڵكی‌ ده‌دا زیاتر جگه‌ له‌و فشاره‌ ئابورییانه‌ی‌ له‌سه‌رییان بوو، له‌ رووی‌ ده‌رونییه‌وه‌ شپرزه‌ بوون، مه‌سه‌له‌ی‌ رێگه‌گرتن له‌ سه‌رۆكی‌ په‌رله‌مان جا خه‌ڵك چۆن ناوزه‌دی‌ ده‌كات، به‌ڵام له‌سه‌ر شه‌قام چۆن بوو، ئه‌و فه‌وزایه‌ی‌ كه‌ روویدا بوو، خه‌ڵك په‌لاماری‌ یه‌كتری‌ ده‌دا، خه‌ڵك ده‌كوژرا، كوڕی‌ گه‌نج به‌ به‌رد ده‌كوژرا، پۆلیس بریندار ده‌كرا، خه‌ڵك ده‌هاته‌ سه‌رشه‌قام.

وێستگه‌: كێ‌ هۆكاری‌ ئه‌مانه‌ بوو؟

چنار سه‌عد عه‌بدوڵا: به‌ڕاستی‌ ناتوانم راسته‌وخۆ په‌نجه‌ی‌ تۆمه‌ت بۆ كه‌س درێژ بكه‌م، به‌ڵام بینیمان ده‌زگاكانی‌ راگه‌یاندن هه‌موو راستییه‌كانیان راسته‌وخۆ نیشان ده‌دا، كادری‌ پێشكه‌وتووی‌ بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان له‌ناو رووداوه‌كان بوون ‌و ده‌ورێكی‌ سلبیان ده‌بینی‌، ته‌نانه‌ت خه‌ڵكانێكیش له‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ كوردستانی‌ باشوریش هاتبوون، بۆئه‌وه‌ی‌ ئاگره‌كه‌ خۆش بكه‌ن، بارودۆخه‌كه‌ زۆر ئاڵۆز ببوو، ئێستا خه‌ریكه‌ ئارام بۆته‌وه‌ ‌و دانووستاندن هه‌یه‌، بارودۆخه‌كه‌ به‌ره‌و چاره‌سه‌ر ده‌ڕوات.

وێستگه‌: رای‌ پارتی‌ چیه‌، ئایا ده‌یه‌وێ‌ سه‌رۆكی‌ په‌رله‌مان بگۆڕێ‌ یان چی‌ ده‌وێ‌؟

چنار سه‌عد عه‌بدوڵا: پارتی‌ نه‌ك ده‌یه‌وێ‌ سه‌رۆكی‌ په‌رله‌مان بگۆڕێ‌، به‌ڵكو پارتی‌ دیموكراتی‌ كوردستان له‌گه‌ڵ‌ لایه‌نه‌ سیاییه‌كانی‌ تر بڕیاری‌ داوه‌، ده‌بێت پێداچوونه‌وه‌ بكرێت به‌ ده‌سته‌ی‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ كه‌ له‌ په‌رله‌مانی‌ كوردستان هه‌بووه‌، هه‌روه‌ها ئه‌و دابه‌شكارییه‌ی‌ بۆ پۆسته‌كان له‌ پێشووتردا هه‌بووه‌ بۆ لایه‌نه‌كان ده‌بێت گۆڕانكاری‌ تێدا بكرێت.

وێستگه‌: ئه‌گه‌ر گۆڕانكاری‌ له‌ پۆسته‌كانی‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ په‌رله‌مانی‌ كوردستان بكرێت، حكومه‌تی‌ بنكه‌ فراوان به‌م شێوه‌یه‌ به‌رده‌وام ده‌بێت؟

چنار سه‌عد عه‌بدوڵا: په‌یوه‌ندی‌ به‌ بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕانه‌وه‌ هه‌یه‌، ئایا ئاماده‌یه‌ به‌مشێوه‌یه‌ به‌رده‌وام بێت یاخود نا.

وێستگه‌: پێتان وایه‌ ئه‌گه‌ر سه‌رۆكی‌ په‌رله‌مان بگه‌ڕێته‌وه‌ بۆ په‌رله‌مان ‌و هه‌ولێر، بارودۆخی‌ شاره‌كه‌ تێك ده‌ێت یان چی‌، وا پێداگری‌ له‌ گۆڕینی‌ ده‌كه‌ن؟

چنار سه‌عد عه‌بدوڵا: بابه‌ته‌كه‌ په‌یوه‌ندی‌ به‌ كه‌سێكه‌وه‌ نیه‌ به‌ناوی‌ "یوسف محه‌مه‌د"، ئه‌و نوێنه‌رایه‌تی‌ بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان ده‌كات، ئه‌و ئالیه‌ت ‌و میكانیزمی‌ كاركردنه‌ی‌ كه‌ هه‌ركه‌سێك جگه‌ له‌و به‌ڕێزه‌ په‌یڕه‌وی‌ ده‌كا، ئه‌مه‌یه‌ كه‌ زه‌مانه‌تی‌ ئه‌وه‌ ده‌كات، كه‌ ئایا ئارامی‌ ‌و یه‌كڕیزی‌ ده‌ڕه‌خسێت یاخود نا، ره‌نگه‌ ئه‌گه‌ر ئه‌و به‌ڕێزه‌ش نه‌بوایه‌ كه‌سێكی‌ تریش بوایه‌ به‌هه‌مان نه‌فه‌س كاری‌ په‌رله‌مانی‌ به‌ڕێوه‌ ببردبایه‌، هه‌مان ئه‌زمون دووباره‌ ده‌بۆوه‌، بۆیه‌ ئه‌مه‌ په‌یوه‌ندی‌ به‌وه‌وه‌ هه‌یه‌، ئایا بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان ‌و هێزه‌ سیاسییه‌كانی‌ تر بڕیارده‌ده‌ن به‌ڕاستی‌ پێكه‌وه‌ ئه‌و قۆناغه‌ تێپه‌ڕێنین، به‌بێ‌ ئه‌وه‌ی‌ له‌لایه‌ك وه‌كو حكومڕان ‌و له‌لایه‌كی‌ دیكه‌ وه‌ك ئۆپۆزسیۆن مامه‌ڵه‌ بكه‌ین، نه‌خێر ده‌بێت خۆمان هه‌ڵبژێرین، یان وه‌كو ئۆپۆزسیۆن له‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ حكومه‌ت ره‌خنه‌ ده‌گرین ‌و قسه‌ له‌سه‌ر هه‌موو گرفته‌كان ده‌كه‌ین، یان ئه‌وه‌تا بڕیار ده‌ده‌ین به‌شێك بین له‌ ده‌سه‌ڵات ‌و پارێزگاری‌ له‌و ده‌سه‌ڵاته‌ بكه‌ین، بۆیه‌ ده‌بێت ئه‌وان ئه‌و بابه‌ته‌ هه‌ڵبژێرن.

وێستگه‌: ئومێد هه‌یه‌ ئه‌م بارودۆخه‌ سیاسیه‌ ئاڵۆزه‌ی‌ ئێستای‌ هه‌رێمی‌ كوردستان تێبپه‌ڕێندرێ‌، یان خراپتر ده‌بێت؟

چنار سه‌عد عه‌بدوڵا: به‌ڵێ‌ من گه‌شبینم.

وێستگه‌: له‌گه‌ڵ‌ بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕانیش؟

چنار سه‌عد عه‌بدوڵا: به‌ڵێ‌ له‌گه‌ڵ‌ گۆڕانیش، ئه‌گه‌ر ئه‌وان به‌ به‌رپرسیارێتییه‌وه‌ سه‌یری‌ بارودۆخه‌كه‌ بكه‌ن.

وێستگه‌: باس له‌وه‌ ده‌كرێت، كه‌ ئه‌و خۆپیشاندانانه‌ی‌ له‌ شاری‌ سلێمانی‌ دروست بوو، ده‌ستی‌ پارتی‌ تێدا بووه‌ ‌و كادری‌ ئێوه‌ به‌شداری‌ تێدا كردووه‌، ئه‌وه‌ تاچه‌ند راسته‌؟

چنار سه‌عد عه‌بدوڵا: پێموایه‌ ئه‌و پرسیاره‌ جێگه‌ی‌ پێكه‌نینه‌، له‌هه‌مان كاتیشدا ئێمه‌ وه‌كو پارتی‌ ده‌بێت شانازی‌ به‌وه‌وه‌ بكه‌ین، كه‌ نه‌ك هه‌ر له‌ هه‌ولێر ‌و دهۆك باڵا ده‌ستین ‌و ده‌توانین شه‌قام بجوڵێنین ‌و جه‌ماوه‌رێكی‌ به‌رچاومان هه‌یه‌، كه‌واته‌ به‌و قسه‌یه‌ بێت ئێمه‌ ده‌توانین شه‌قامی‌ سلێمانیش بجوڵێنین، ئه‌رێ‌ به‌ڕاست پارتی‌ له‌ سنوری‌ سلێمانی‌ ئه‌وه‌نده‌ هێز ‌و قورسایی‌ هه‌یه‌ به‌ به‌راورد به‌ هێزه‌كانی‌ دیكه‌ی‌ ئه‌و شاره‌، كه‌ بتوانێ‌ رێپێوان رێكبخات ‌و خه‌ڵك هان بدات ‌و خۆپیشاندان بكات، ئه‌گه‌ر ئه‌و قورساییه‌شمان هه‌بێت بۆچی‌ ئاڕاسته‌ی‌ ده‌كه‌ین بۆ باره‌گاكانی‌ خۆمان، خۆ ده‌مانتوانی‌ ئاگر به‌ربده‌ینه‌ دووباره‌گای‌ خه‌ڵكی‌ تریش، ئه‌گه‌ر قه‌راره‌ سیناریۆی‌ ئێمه‌ بێت، به‌ڵام ئه‌مه‌ ته‌نها خۆدزینه‌وه‌یه‌ له‌ به‌رپرسیارێتی‌، سنوری‌ پارێزگای‌ سلێمانی‌ كه‌ شوێنی‌ ده‌سه‌ڵاتی‌ یه‌كێتی‌ ‌و گۆڕانه‌، ته‌نانه‌ت ده‌توانم بڵێم پارتی‌ ره‌نگه‌ حزبی‌ چواره‌م بێت له‌و شاره‌ به‌پێی‌ ژماره‌، جگه‌له‌وه‌ش ئێمه‌ له‌ پارێزگای‌ سلێمانی‌ ته‌قریبه‌ن ده‌توانم بڵێم ده‌سه‌ڵاتی‌ ئیداریمان به‌ده‌ست نیه‌ ‌و ده‌سه‌ڵاتی‌ سیاسیشمان به‌و ئه‌ندازه‌یه‌ نیه‌، ته‌نانه‌ت ده‌شزانین كه‌ ده‌سه‌ڵاتی‌ ئابوریی‌ ‌و حكوڕانی‌ له‌و شاره‌ به‌ده‌ست كێوه‌یه‌، ئه‌رێ‌ خێره‌ وا ئێمه‌ ده‌توانین شه‌قامی‌ سلێمانی‌ بجوڵێنین، ئه‌گه‌ر وابێت مانای‌ وایه‌ پارتی‌ له‌ هه‌موو كوردستان ده‌سه‌ڵاتی‌ ته‌واوی‌ هه‌یه‌.

وێستگه‌: به‌هۆی‌ ئه‌م كێشه‌ ‌و ئاڵۆزییانه‌ی‌ له‌ نێوان بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان ‌و پارتی‌ دیموكراتی‌ كوردستان هه‌یه‌، پێتوایه‌ ببێته‌ هۆكارێك بۆ په‌رتبوون ‌و دوو ئیداره‌یی‌ له‌ هه‌رێم؟

چنار سه‌عد عه‌بدوڵا: من پێموانییه‌، به‌تایبه‌تی‌ ئه‌گه‌ر یه‌كێتی‌ نیشتمانی‌ كوردستان له‌وه‌دا ده‌ورێكی‌ باڵا ده‌بینێ‌، ئه‌گه‌ر یه‌كێتی‌ هه‌وڵبدات خۆی‌ نه‌خاته‌ به‌ره‌یه‌كه‌وه‌ ‌و نه‌بێته‌ به‌شێك له‌و ململانێیه‌ی‌ له‌ نێوان پارتی‌ ‌و گۆڕان هه‌یه‌، ئه‌گه‌ر هه‌وڵی‌ لێكنزیكبوونه‌وه‌ ‌و چاره‌سه‌ركردنی‌ كێشه‌كان بدات، من ئه‌و ئه‌گه‌ره‌ زۆر دوور ده‌بینم.

وێستگه‌: یه‌كێتی‌ هیچ هه‌وڵێكی‌ داوه‌، بۆئه‌وه‌ی‌ له‌گه‌ڵ‌ گۆڕان نزیكتان بكاته‌وه‌ ‌و چاره‌سه‌ری‌ كێشه‌كان بكه‌ن؟

چنار سه‌عد عه‌بدوڵا: وه‌كو ده‌بینین له‌ ده‌زگاكانی‌ راگه‌یاندن یه‌كێتی‌ نیشتمانی‌ كوردستان هه‌وڵی‌ زۆری‌ داوه‌، ده‌ستپێشخه‌ری‌ كردووه‌ ‌و گه‌ڕی‌ دانوستانی‌ ده‌ستپێكردۆته‌وه‌ ‌و سه‌ردانی‌ هێزه‌ سیاسییه‌كانی‌ كردووه‌ ‌و هاتۆته‌ لای‌ پارتی‌ دیموكراتی‌ كوردستان، بڕیاریش وایه‌ دانیشتنه‌كان به‌رده‌وام بن، ئه‌مه‌ هه‌نگاوێكی‌ باشه‌، ئێمه‌ رێزی‌ ئه‌و هه‌نگاوه‌ ده‌گرین ‌و پێمان وایه‌ كاریگه‌ری‌ ده‌بێت له‌سه‌ر چاره‌سه‌ركردنی‌ دۆخه‌كه‌.

وێستگه‌: پێت وایه‌ به‌م نزیكانه‌ كێشه‌كانتان چاره‌سه‌ر بێت؟

چنار سه‌عد عه‌بدوڵا: ئه‌مه‌ په‌یوه‌ندی‌ به‌ راده‌ی‌ لێبورده‌یی‌ هێزه‌ سیاسییه‌كانه‌وه‌ هه‌یه‌ له‌سه‌ر ئه‌و پرسانه‌ی‌ لێی‌ عاسی‌ بوون، به‌نیه‌تی‌ دڵسۆزی‌ ‌و سه‌یركردنی‌ دۆخه‌كه‌ به‌ به‌رپرسیارێتییه‌وه‌ ‌و به‌رامبه‌ر داهاتووی‌ كوردستان.

وێستگه‌: په‌یوه‌ندی‌ نێوان په‌كه‌كه‌ ‌و پارتی‌ به‌كوێ‌ گه‌شتووه‌؟

چنار سه‌عد عه‌بدوڵا: من دڵنیاتان ده‌كه‌مه‌وه‌ په‌یوه‌ندی‌ نێوان په‌كه‌كه‌ ‌و پارتی‌ دیموكراتی‌ كوردستان چه‌ند گرژی‌ تێدا بێت، به‌ڵام له‌ ئه‌نجامدا ئه‌م دوو هێزه‌، كه‌ دوو هێزی‌ كاریگه‌رن له‌ ناوچه‌كه‌، هه‌میشه‌ پێویستیان به‌ یه‌كتره‌ ‌و هیچ كاتێكیش دۆخه‌كه‌ ناگاته‌ ئه‌وه‌ی‌ په‌یوه‌ندییه‌كان بپچڕێت، ئه‌گه‌ری‌ ئه‌وه‌ش هه‌یه‌ ئه‌و هێزانه‌ له‌یه‌كتر نزیك بن ‌و هاوكاریی‌ ‌و هه‌ماهه‌نگی‌ یه‌كتریش بكه‌ن، له‌به‌ر به‌رژه‌وه‌ندی‌ گشتی‌ ‌و نه‌ته‌وه‌ی‌ كورد له‌ ناوچه‌كه‌دا.

وێستگه‌: شه‌ڕڤانان گله‌یی‌ ئه‌وه‌ ده‌كه‌ن، كه‌ له‌ كاتی‌ راگه‌یاندنی‌ ئازادكردنی‌ قه‌زای‌ شه‌نگال، بارزانی‌ باسی‌ له‌ هه‌وڵی‌ ئه‌وان نه‌كردووه‌، ئایا ناتانه‌وێت وه‌ك هێزێكی‌ نیشتمانی‌ سه‌یریان بكه‌ن؟

چنار سه‌عد عه‌بدوڵا: ئه‌وه‌ راستییه‌ ‌و شه‌ڕڤانانیش خۆیان باش ده‌زانن، راسته‌ هێزیان له‌ شه‌نگال هه‌بووه‌، به‌ڵام له‌ پرۆسه‌ی‌ ئازادكردنه‌وه‌ی‌ شه‌نگال پێشمه‌رگه‌ ده‌وری‌ تێدا بینیووه‌، دوای‌ ئه‌وه‌ی‌ پرۆسه‌كه‌ كۆتایی‌ هاتووه‌، شه‌ڕڤانانیش هێزه‌كانی‌ خۆیان بردۆته‌ ئه‌وێ‌ ‌و شایه‌تی‌ پرۆسه‌كه‌ بوون، به‌ڵام پێشمه‌رگه‌ رۆڵی‌ له‌ ئازادكردنی‌ شه‌نگالدا بینووه‌.  



 




ئه‌م بابه‌ته 1800 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌


زۆرترین خوێندراو
هەواڵی زیاتر

Copyright 2017. westganews.com. All Rights Reserved.