‌ئه‌وروپاش مافى مرۆڤى پێشێل كرد !!
PM:09:18:10/01/2017
کەنعان بەهادين

 دواى كۆتایی هاتنى وێرانه‌ى جه‌نگى جیهانى دووه‌م ، ماوه‌ى 60ساڵه‌ ئه‌وروپا خۆی له‌وه‌ پاراست كه‌ هاوشێوه‌ى رۆژهه‌ڵاتییه‌كان ڕه‌فتار بكات ، به‌ڵام ناچار بڕیارێكى تازه‌ى ده‌ركرد ، ئه‌ویش  كۆمیسیۆنى یه‌كێتى ئه‌وروپا به‌ فه‌رمى ڕایگه‌یاند  كه‌ ئاژانسى پاسه‌وانى سنورى ووڵاتانى یه‌كێتى ئه‌وروپایی له‌مه‌ودوا رێگه‌پێدراون كه‌ په‌نابه‌ر ڕه‌وانه‌ى ووڵاته‌ ڕه‌سه‌نه‌كه‌ى خۆیان بكه‌نه‌وه‌ ، بۆ ئه‌مه‌ش پشت به‌ پسپۆڕان ده‌به‌ستن له‌ بوارى پاراستنى سنوور .

له‌مباره‌وه‌ دیمیتریس ئه‌فراموبولوس كۆمیسیارى كاروبارى كۆچ له‌ یه‌كێتى ئه‌وروپا ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ ده‌كات كه‌ له‌مه‌ودوا سنوورێك بۆ كۆچى به‌ لێشاوى مرۆڤانى ئه‌فریقا و ئاسیا داده‌نرێت كه‌ به‌ره‌و ئه‌وروپا دێن .

ئه‌م هه‌نگاوه‌ى ووڵاتانى یه‌كێتى ئه‌وروپا له‌ مێژووى مرۆڤایه‌تى تازه‌یه‌ و مایه‌ى سه‌رسوڕمانه‌ ، چونكه‌ زۆرێك له‌ هه‌وڵه‌كانى تیرۆر ئه‌وروپاى نه‌هه‌ژاند ، بۆ نموونه‌ مێركل قه‌ت له‌ پراكتیزه‌كردنى دیموكراتى پاشه‌ كشه‌ى نه‌كرد ، سه‌ڕه‌ڕاى هێرشه‌كانى تیرۆریستان كه‌ له‌ رۆژهه‌ڵاتى ناوینه‌وه‌  له‌ ریزى كۆچبه‌رانه‌وه‌ ده‌هاتنه‌ ئه‌وروپا ، ئه‌م سه‌ركرده‌ ئافره‌ته‌ ئه‌ڵمانه‌  ده‌رگاى ووڵاته‌كه‌ى واڵا كردبوو بۆ كۆچبه‌ران له‌ ترسی ئاشووب و جه‌نگ و تووندڕه‌وى ،  كاتێك مێركل تووشى زۆرترین گازانده‌و گله‌یی نێوخۆیی بۆوه‌ ، به‌ڵام پاشه‌كشه‌ى نه‌كرد .

ئه‌مجاره‌ ئه‌وروپا له‌م پراكتیزه‌كردنه‌ى ئازادى و دیموكراسی وه‌ستا ، به‌وه‌ى ڕه‌نگه‌ پێشێلى مافه‌كانى مرۆڤیش بێت كاتێك له‌ مادده‌ى 14ى به‌نده‌كانى مافى مرۆڤ هاتووه‌ : هه‌موو مرۆڤێك ئازاده‌ له‌وه‌ى له‌ ووڵاته‌كه‌ى كۆچ بكات بۆ ووڵاتێكى تر له‌ ترس و تۆقاندن ، هه‌روه‌ك له‌ ماده‌ى 13ش هاتووه‌ كه‌ مرۆڤ هه‌ر به‌هه‌وه‌س ده‌توانێ ووڵاتێك دیاری بكات لێوه‌ى بژی .

كه‌واته‌ ئه‌گه‌ر ئه‌م بڕیاره‌ى كۆمیسیۆنى ووڵاتانى یه‌كێتى ئه‌وروپا بچێته‌ وارى جێبه‌جێكردن ، ئه‌وروپاش هاوشێوه‌ى رۆژهه‌ڵاتییه‌كان و ئه‌فریقاییه‌كان كه‌وتنه‌ به‌ر پێشێلى مافه‌كانى ئازادى مرۆڤ ، كاتێك ئه‌م كیشوه‌ره‌ هیوایه‌ك بوو بۆ ته‌واوى مرۆڤایه‌تى ، به‌هیوام ئه‌م ووتاره‌م بگاته‌ لاى گشت سه‌كونسوله‌كان و هه‌موو نوێنه‌رایه‌تییه‌كانى حزب و حكومه‌ت له‌ ئه‌وروپا ، تا ئه‌م په‌یامه‌ مرۆییه‌ بگات .

ئه‌م بابه‌ته 773 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌


هەموو وتارەکان کاتێک لەوێستگە بڵاو دەبێتەوە تەنها بیروبۆجونی خاوەنەکانێتی


Copyright 2017. westganews.com. All Rights Reserved.