نه‌وت و كاره‌با و گاز بۆ خه‌ڵكه‌

‌کەنعان بەهادين


له‌ دوونیادا سیاسه‌ت كردن له‌نێوانى پارت و حزبه‌ سیاسییه‌كان به‌ پێشكه‌ش كردنى زۆرترین خزمه‌تگوزاری و دابین كردنى بژێوى ژیان ده‌كرێت ، ئه‌مه‌ى به‌رێزێك  پێشنیاری كردووه‌ كه‌ نه‌وت و گاز و كاره‌با له‌سه‌ر هه‌ولێر ببڕن تا پارتى چۆك دابدات ، لێدوانێكى ئه‌وپه‌ڕی ناسیاسیانه‌و دوژمنكارانه‌یه‌ دژى  ئیسراحه‌ت و بژێوى نه‌ته‌وه‌و خه‌ڵكى كوردستانه‌ ، چونكه‌ شه‌ڕى سیاسه‌ت له‌ رێگه‌ى بژێوى و قووتى خه‌ڵك شه‌رێكى نا ئه‌خلاقى و نا مرۆڤانه‌یه‌ ، له‌هیچ سووچێكى دوونیا ئه‌م جۆره‌ سیاسه‌تكردنه‌ پێڕه‌و ناكرێت .

هه‌روه‌ك له‌ پێشوودا  له‌ماوه‌ى 3ساڵى رابوردوودا به‌پێشنیاری به‌عزێ له‌كورد ، مووچه‌و قووتى خه‌ڵك له‌ به‌غداوه‌ پێشنیاری بڕینى بۆ كرا و بڕدراش ، كاتێك مه‌غزاكه‌ ته‌نها بۆ ئه‌وه‌ بوو كه‌ كورد لاواز ببێت و خه‌ڵك دژى  سیسته‌م و حكومه‌ته‌كه‌ى بوه‌ستنه‌وه‌ ، ئه‌مه‌ نه‌چووه‌ سه‌ر ، چونكه‌ ئه‌م هه‌موو كارته‌ى كه‌ له‌ دژى ئه‌م میلله‌ته‌ به‌كار هات ، هه‌ر له‌ نسكۆكه‌ى  په‌رله‌مانى كوردستان ، تا پێشنیاركردن بۆ بڕینى  مووچه‌ى خه‌ڵكى كوردستان  و دروست كردنى هێزى حه‌شدى شه‌عبی له‌ ریزى نه‌ته‌وه‌ى كورد هاوشیوه‌ى فه‌وجه‌كانى جاش و ده‌یان سیناریۆى دیكه‌ ،  كه‌ به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ بوونه‌ هه‌وێنى گومان دروست كردن له‌سه‌ر ئه‌و حزبانه‌ى كه‌ ئه‌م جۆره‌ سیاسه‌تانه‌ پێڕه‌و ده‌كه‌ن  پرسیار دروست ده‌كات  ئایا ئه‌م حزبانه‌ نیازیان چیه‌ له‌مجۆره‌ سیاسه‌تكردنه‌ !!

ئه‌وه‌ى تێبینى ده‌كرێت ، به‌درێژایی مێژووى سیاسی كوردستان ، پیلانه‌كان ته‌نها له‌ناوه‌خۆوه‌ چه‌كه‌ره‌یان كردووه‌ ، ئینجا دوژمنان له‌ ده‌ره‌وه‌ خزاونه‌ته‌ نێو كێشه‌و ئاشووبه‌كان ، كه‌ ده‌كرێت له‌م قۆناغه‌وه‌ سنوورێك بۆ ئه‌وانه‌ دابنرێت  كاتێك پرسی جاشایه‌تى و بوون به‌ حه‌شدى شه‌عبی له‌هزری گه‌نجانمان دروست ده‌كه‌ن  . ئه‌وانه‌ش كه‌ دوژمنایه‌تى گه‌لى كوردستان ده‌كه‌ن ، ده‌بێت سزاى یاسایی خۆیان وه‌ربگرن و لیان قبوڵ نه‌كرێت ، هه‌موو ئاكارو قسه‌كردنێكى دژ به‌نه‌ته‌وه‌و خه‌ڵكى كوردستان مه‌حسوب ببێت له‌سه‌ریانه‌وه‌و ته‌مێ بكرێن ، چونكه‌ ده‌ره‌نجام گه‌لى كورد به‌گشتى زه‌ره‌رمه‌ندى یه‌كه‌مى ئه‌م جۆره‌ هه‌ڵسو كه‌وت و سیاسه‌تكردنه‌ پڕ له‌ ڕق و كینانه‌ن .


PM:03:05:25/03/2017

ئه‌م بابه‌ته 1455 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی