وانەیەك بۆ ئیسلامیەكان لە هەڵبژاردنە پەرلەمانیەكەی پاكستانەوە

‌د. سه‌عید عه‌لی محمد


لە هەڵبژاردنە پەرلەمانییەكەی ئەم دواییەی پاكستان كە ڕۆژی 8/2ی مانگی ڕابردوو بەڕێوەچوو ئیسلامییەكان توشی شكستێكی گەورە بوونەوە! ئەو هەڵبژاردنەی كە ڕەنگ و وێنا و چارەنووسی سیاسی پاكستانی بۆ پێنج ساڵی تری داهاتوو دیاری كرد ، لەو هەڵبژاردنەدا (جەماعەی ئیسلامی پاكستانی) هیچ كورسییەكی پەرلەمانی نەهێناو، سەرۆكی ئەو جەماعەیە ناچاربوو وەك داننان بە شكستەكە و لە ئەستۆگرتنی ئەو شكستە دەست لە پۆستەكەی هەڵبگرێ ! جگە لەو (كۆمەڵەی زانایانی ئیسلامی)یش بە سەرۆكایەتی (مەولانا فەزڵ ڕەحمان) بارودۆخی لە (جەماعەی ئیسلامی) باشتر نەبوو، بۆیە ئەویش زۆر هاتە دواوە و، تەنها یەك كورسی بەدەست هێنا كە تاكە حیزبی ئیسلامی بوو چانسی بردنەوەی كورسی هەبێ! 

(جەماعەی ئیسلامی) كە حیزبێكی سیاسی ئیسلامی سەرەكی پاكستانە لە لیستەكانیدا دوو سەد بەربژێر هەبوو، بەڵام هەر هەموویان لە بەدەستهێنانی كورسیدا شكستیان هێنا ! دوای ئەوەی ئەو حیزبە نەیتوانی كەسایەتییەكی سیاسی دژبەری سەرسەختی خاوەن پێگەی جەماوەری بەهێز پێشكەش بكات ! بەپێچەوانەوە كەسایەتییەكی وەك (عیمران خان) كە بە ئاشكرا ڕووبەڕووی دەسەڵات و دامەزراوەی سەربازیی  وڵاتەكەی بویەوە هاتە پێشەوە كە ئەمەش دڵ و دەروونی نوخبەی گەنجی ئەو وڵاتەی ئاسوودە كرد كە ڕێژەیەكی هەرە گەورە و بەرفراوانی دەنگدەری كۆمەڵگەی پاكستانی پێكدەهێنێ!  

(جەماعەی ئیسلامی) كە لە نەوەدەكانی سەدەی ڕابردوو سێهەم هێزی سیاسی ئەو وڵاتە بوو دوای هەردوو پارتەكەی (نەواز شەریف) و (بێنەزیر بۆتۆ) و، لەلایەن (قازی حسێنی)ەوە سەرۆكایەتی دەكراو و، ناوبراو سەرپەرشتی زۆرێك لە پڕۆسە سیاسییەكانی حیزبەكەی دەكرد، بەڵام ئەو حیزبە ڕووبەڕووی لێكترازان و ناكۆكی و كێشەی نێوخۆیی بوەوە! 

ئەڵبەت سەرەڕای ئەوەی پارتە ئیسلامییەكان توانیان لە %12ی دەنگی دەنگدەرەكان بۆ خۆیان مسۆگەر بكەن و، هەریەك لە (كۆمەڵەی زانایانی ئیسلام) توانی دوو ملیۆن دەنگ و، (جەماعەی ئیسلامی) نزیك ملیۆن و نیوێك دەنگ ببەنەوە، بەڵام ڕێژەی ئەو دەنگانە نەیانتوانی كورسی بۆ بەربژێرەكان مسۆگەر بكەن. 

هۆكارەكانی ئەم شكستە : 
1-ئامادەسازی نەكردنی پێویستی پێشوەختە بۆ هەڵبژاردنەكان : 

هەندێك پێیان وایە یەكێك لە هۆكارەكانی ئەو شكستە گەورەیەی توشی ئیسلامییەكان بوو لە هەڵبژاردنەكانی پاكستاندا دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی ئەوان وەك پێویست بەرنامەسازی و ئامادەییان وەرنەگرتبوو بۆ هەڵبژاردنەكان ، چونكە بەپێی خوێندنەوەی سیاسی ئەوان پێنەدەچوو هەڵبژاردنەكان ئەنجام بدرێن ، ئەوان بە لایانەوە وابوو سوپا و دامەزراوەی سەربازیی و ئەمنیی پاكستان ڕێگە بە بەڕێوەچوونی پڕۆسەیەك نادات كە تێیدا بەرانبەرەكانی و نەییارەكانی دژایەتی بكەن ، بە تایبەت دوابەدوای بەهێزبوونی ئەگەری گەڕانەوەی (عیمران خان) كە بە سیاسەتمەدارێكی بەهێزی سەرسەختی سوپا دەهاتە ژماردن، بەڵام هەڵبژاردنەكان ئەنجام دران و خوێندنەوەكەی ئەوان لە شوێنی خۆیدا نەبوو، بۆیە لە ئەنجامدا كەوتنە دووڕیانێكی سەختەوە و  ڕووبەڕووی بارودۆخێكی سەخت و دژوار و نەخوازراو بوونەوە. 

2-وازهێنان و سەنگەر گواستنەوەی هەندێك لە بەربژێرەكان دوای دەرچوونیان لە هەڵبژاردنەكان : 
هەندێك لە چاودێران لاواز بوون و دابەزینی ئاستی پشتگیریی جەماوەریی (كۆمەڵەی زانایانی ئیسلام) لە ناوچەكانی بلوچستان كە بە پێگە و قوڵایی جەماوەری ئەو كۆمەڵەیە دادەنرێ دەگێڕنەوە بۆ ئەوەی بەربژێرەكانی ئەو كۆمەڵەیە بەوە ناسراون و گومانی ئەوەیان لێ دەكرا دوای سەركەوتنیان لە هەڵبژاردنەكان هەڵدەگەڕێنەوە و دەست لە كۆمەڵەكە هەڵدەگرن و دەچنە پاڵ پارتەكانی دەسەڵاتدار، ئەمەش وایکرد دەنگدەرە ناوخۆییەكان بە گومانەوە تەماشای بەربژێرەكانیان بكەن و، لەبری دەنگدان بەو كۆمەڵەیە ڕاستەوخۆ دەنگ بە پارتی نیشتیمانی بدەن كە (عیمران خان) سەرۆكایەتی دەكات. 

3-بەرتەسككردنەوەی كۆبوونەوە و كەرنەڤاڵە جەماوەرییەكانی تایبەت بە پڕوپاگەندەی هەڵبژاردن : 

هەندێك دەڵێن : ئەو تەقینەوانەی كە چەكدارانی داعش لەنێو لایەنگران و كەرنەڤاڵەكانی (كۆمەڵەی زانایانی ئیسلام) ئەنجامیان دا ڕۆڵی گەورەی هەبوو لەو شكستە گەورەیەی ڕووبەڕووی كۆمەڵەكە بوویەوە ، بە تایبەت دوابەدوای دووبارە بوونەوەی هەڕەشەكانی داعش لە ویلایەتی خۆراسان لە دژی ئەو گردبوونەوە جەماوەرییانە، ئەمە (كۆمەڵەی زانایانی ئیسلام)ی هاندا كۆبوونەوە و چالاكییە جەماوەرییەكانی سنووردار بكات ، لە ئەنجامدا كاریگەریی و ئاسەواری گەورەی لەسەر پێگەی جەماوەریی كۆمەڵەكە دروستكرد و ئەدای سیاسیشی تا ئەندازەیەك سست و لاواز كرد! 

4-لێكترازان و كێشەی نێوخۆیی لەنێو ئیسلامییەكاندا : 

دەوڵەتی پاكستان زۆر چاك هەست بە گرنگی بەشداریكردنی پارتە ئیسلامییەكان دەكات لە هەڵبژاردنەكاندا ، هەروەها زەرورەتی دوورنەخستنەوەیان و پەراوێز نەخستنیان تەنها لەپێناو پاراستنی سومعەی سیاسی و بەرژەوەندیی نەتەوەیی وڵات ، بەڵام ئەوەی نكۆڵی لێ ناكرێ ڕەوتی ئیسلامیی سیاسیی لە پاكستان وەك بەشێك لە ڕەوتە ئیسلامییە گەورەكەی جیهانی ئیسلامی بەردەوام لەبەردەم چەندین ئاڵنگاری و گرفتی جەوهەری و هەڕەشەی حەقیقیدا خۆی دەبینێتەوە ، بە تایبەت لەسەروبەندی بەڕێوەچوونی پڕۆسەی هەڵبژاردنەكاندا !! ئەو لێكترازان و كێشە و ناكۆكیە  نێوخۆییانەی نێو ئیسلامییەكانیش هەمیشە كاریگەریی خراپی لەسەر پێگەی جەماوەرییان دروست كردووە ، ئەمە جگە لەوەی تێكەڵكردن و ئاوێتەبوونی ئامانجە دوور مەوداكانی ئەو پارتە ئیسلامییانە لەگەڵ ستراتیژییەتی بەرنامەكانی هەڵبژاردن كە خزمەتكردنی خەڵك و بەدەمەوە چوونی داواكارییەكانیانە تا ئەندازەیەك قورس و ناڕەحەت بووە. 

5-بێ توانایی ئیسلامییەكان لە كێبەركێ كردنی سیاسییە سەرمایەدارو دەوڵەمەندەكان : 

ئەمەش یەكێكی ترە لە هۆكارەكانی پشت شكستی ئیسلامییەكانی ئەو وڵاتە لە هەڵبژاردنەكاندا، سەرەڕای ئەوەی (عیمران خان)یش لە كۆتا لەحزەكاندا سەریهەڵداو مەغزاو ناوەڕۆكی گوتاری ئیسلامییەكانیشی لە بەرژەوەندی خۆیدا بۆخۆی ڕفاند، ئاشكرایە پێداگری حیزبەكەی (عیمران خان) لەسەر چەمكی (دەوڵەتی مەدەنی)، هاوكات لەگەڵ زەرورەتی برەودان و پشتیوانی كردنی بەها ئیسلامییەكان ، ئەمانە پاڵنەرو فاكتەرێكی سەرەكی ڕاكێشانی چینی گەنج و لاوەكان بوو بۆ سەرخستنی ئەو پارتە! 

وانەكانی ئەم شكستە بۆ ئیسلامییەكان : 

ئەنجامی هەڵبژاردنەكانی پاكستان كە لەم دواییانەدا ئەنجامدران زەنگێكی ترسناكی ڕاستەقینە بوو بۆ ئیسلامییەكانی ئەو وڵاتە بە تایبەتی و پارتە ئیسلامییەكانی تری جیهانی ئیسلامی بە گشتی ، واتە ئەمە ئاماژەیە بۆ ئەوەی ئەگەر ئیسلامییەكان (بە ئیسلامییەكانی كوردستانیشەوە) بە خۆیان و بەرنامە و ستراتیژو گوتاری سیاسی و كاری حیزبی و ڕێكخراوەیی خۆیاندا نەچنەوە ، ئەگەر جارێكی تر چاوێك بە پەیوەندییەكانی نێوانیان و جۆری مامەڵە كردن لەگەڵ یەكتردا نەخشێننەوە ، ئەگەر ناكۆكی و كێشە حیزبی و نێوخۆییەكانیان چارەسەر نەكەن و، عاقڵانە و زیرەكانە و حەكیمانە خوێندنەوە بۆ بارودۆخ و دیمەنە سیاسییەكە نەكەن و، بەرنامەسازی و ئامادەسازی بۆ گشت لەمپەرو ئەگەرە پێشبینی كراوەكان نەكەن ، ئەوا لە هەڵبژاردنەكانی داهاتوودا ڕووبەڕووی هەمان ئەنجام وچارەنووسی ئیسلامیەکانی پاکستان دەبنەوە.

 زەرورە ئیسلامییەكانی کوردستان لەم بارودۆخە سیاسییە ئاڵۆزە هەستیارە تەمومژاوییەدا پەند لە ڕابردوو وەربگرن و هەڵە كوشندەكان دووبارە نەكەنەوە ، پێویستە حەزو ئارەزووە نەفسی و شەخسییەكان ، بەرژەوەندییە تایبەت و پێوەرە حیزبیە سیاسییە بەرتەسكەكان بخەنە لاوە و، سەربەخۆیانە و ئازایانە و جەریئانە و خوا ویستانە و، دوور لە هەموو سەفقەیەكی گوماناوی ژێر بەژێری تاك لایەنە و، هەموو فشارێكی دەرەكی ئەملاو ئەولا هەنگاو بنێن و، خۆیان لە فۆرمێکی نوێدا وەك یەك كوتلەی بەهێزی یەكگرتووی یەكپارچە پێشكەش بە جەماوەرو دەنگدەرەكانیان بكەن ، لانیكەم بتوانن تەنسیق و هەماهەنگی و هاوكاری لە بازنەكانی هەڵبژاردندا لە بەرژەوەندی یەكتردا دروست بكەن بۆ ئەوەی دەنگەكانیان پەرش و بڵاو نەبنەوە و، لە بەرژەوەندی قەوارە و هێزەكانی تردا بەفیڕۆ نەڕۆن..
 ئەگەرنا دوای  دۆڕان وشكست پەشیمانی و خۆپینەكردن و تۆمەتباركردنی ئەم و ئەو هیچ سوودێكی نابێت و، ئەوجا لە بەردەم خوا و میللەت و جەماوەرو دەنگدەرەكانیشیاندا بەرپرسیار دەبن.


PM:02:35:28/03/2024

ئه‌م بابه‌ته 716 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی