‌ سه‌ردانی‌ یڵدرم ‌
PM:01:17:08/01/2017
ستران عەبدوڵا

هه‌موو سه‌ردانێكی‌ توركیا بۆ به‌غدا دڵ داده‌خورپێنێ، جا توركیای‌ عه‌لمانی‌ بێت، یان ئیسلامی، به‌غدای‌ سوننه‌و عروبه‌ بێت، یان هی‌ شیعه‌و هاوپه‌یمانه‌كانی‌.

ترسی سه‌ردانه‌كانی‌ توركیا بۆ كورد ناهه‌قی‌ نییه‌، باشی سیستمی‌ حوكمڕانی‌ له‌ توركیا هه‌ر ئه‌وه‌نده‌ باشه‌ بۆ كورد كه‌ ئازاری‌ ئه‌زێته‌كه‌یان كه‌متره‌ له‌وی‌ سیستمێكی‌ خراپ له‌وێ گیرسابێته‌وه‌. ده‌ ساڵی‌ رابردوو خه‌ریك بوو بڵێین نه‌وه‌ڵڵا شتێكی‌ تر له‌ ئارادایه‌. زۆری‌ پێنه‌چوو وته‌زای‌ (له‌هه‌ر كوێ حكومه‌تێكی‌ كوردی‌ هه‌بێت، له‌ دژی‌ ده‌بین) سه‌ری‌ هه‌ڵدایه‌وه‌. ئه‌نقه‌ره‌ی‌ ره‌سمی كه‌ گرێبه‌ستی‌ په‌نجا ساڵه‌ی‌ له‌گه‌ڵ هه‌رێمی‌ كوردستان هه‌یه‌، په‌یتا په‌یتا ئێژێ (رێ ناده‌ین هه‌ڵه‌ی‌ پێشوو دووباره‌ ببێته‌وه‌و هه‌رێمێكی‌ تر له‌ باكووری‌ سوریا دابمه‌زرێ).

نه‌وت وه‌ك خۆراك نییه‌ تا نمه‌كی‌ كه‌سی‌ پێ بگیرێت، سیاسه‌تیش دۆخی‌ ناچاری‌ وا دروست ده‌كات كه‌ ده‌بێ به‌ ئاگاهییه‌وه‌ له‌گه‌ڵ غه‌دری‌ جوگرافیاو ئۆینبازی پایته‌خته‌ ئیقلیمییه‌كان مامه‌ڵه‌ بكرێت. پێش ئه‌وه‌ی‌ ساین یڵدرم سه‌رۆك وه‌زیرانی‌ توركیا بگاته‌ به‌غداو فه‌رشی سووری‌ بۆ رابخرێت، سه‌رۆك وه‌زیران عه‌بادی‌ فه‌رشی به‌رتیلی‌ بۆ راخست كه‌ وتی‌ (رێگه‌ ناده‌ین خاكی‌ عیراق دژی‌ توركیا به‌كاربێت).

بێگومان ئه‌م قسه‌یە ده‌ستوورییه‌، ئه‌مما شه‌یتان له‌ ورده‌كاریدایه‌، تا دوێنێ ئه‌نقه‌ره‌و به‌غدا شیرو تیریان لێك ده‌سوو، له‌ناكاو كه‌وته‌ بیریان پره‌نسیپی‌ ده‌ستووری‌‌و دراوسێی هه‌یه‌، هه‌رچه‌نده‌ هێشتا ئه‌نقه‌ره‌ به‌رتیلی‌ وای‌ نه‌داوه‌ كه‌ به‌ڵای‌ داعش له‌ كۆڵ عیراق بكاته‌وه‌، له‌و نێوانه‌دا په‌كه‌كه‌ كه‌ داوی‌ سه‌ردانه‌كه‌ بۆ ئه‌ویشه‌، وه‌ك هێزی‌ گه‌ڕۆك خۆی‌ ته‌گبیری‌ خۆی‌ ده‌كات.

 ترس له‌سه‌ر هه‌رێمی‌ كوردستانه‌ كه‌ به‌ چ نه‌خشێك به‌ هێمنی‌‌و بێ هاش‌وهوشی‌ دیپلۆماسی، ده‌توانێت پریشكی‌ ماچی ته‌ڕی‌ نێوان دۆستی‌ قه‌دیم‌و نوێ، به‌غداو ئه‌نقه‌ره‌، له‌خۆی‌ دووربخاته‌وه‌، ته‌گبیری‌ سیاسیی وامان گه‌ره‌كه‌ دوورتر له‌ وێنه‌ی‌ سێڵفییه‌كان بڕوانێت.

هه‌روا دیدێكی‌ ره‌خنه‌گرانه‌ی‌ ئه‌وتۆش كه‌ بپرسێ بۆ ده‌بێ هه‌رێمێك خێری‌ بۆ دراوسێ هه‌بێ، هێشتاش وه‌ك هه‌ڵه‌ بناسرێت كه‌ ناهێڵن له‌ (رۆژئاڤا) دووباره‌ ببێته‌وه‌؟!.

ئه‌م بابه‌ته 63 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌


Copyright 2015. westga.net. All Rights Reserved.