چوار ״پ״ەكە ‌

‌ستران عەبدوڵا


كێشەكانی بەغدا و كوردستان جارێكی تر هاتوونەتەوە سەر مێزی گفتوگۆكردن، بۆیە گرنگە هەموو لایەك وەبیرمان بێت جەوهەری كێشەكان چین؟.

جەوهەری كێشەكان لەسەر چوار «پ» وەستاوون:

- پاوەر: واتا هێز، هێزی سەربازی چۆن رێكدەخرێت؟ چۆن پێشمەرگە ببێتە بەشێك لە مەنزومەی دیفاعی عیراق، بەجۆرێك تایبەتمەندی بپارێزرێ، چەك‌و جبەخانەو تەقەمەنی دابین بكرێت‌و كورد بەشداربێت لە پڕۆسەی بڕیاری سەربازی لە عیراقدا؟.

- پارە: واتا توانای دارایی لە نێوان حكومەتی ئیتحادی‌و حكومەتی هەرێم، «لە ئایندەشدا حكومەتە هەرێمییەكانی باشوور و ناوەڕاستی عیراق»، یاسای نەوت‌و گاز كە توانای دارایی دابین دەكەن‌و بودجەو مووچەی كوردستان مسۆگەر دەكەن.

-پانتایی: واتا پانتایی هەرێمی كوردستان بە جۆرێك هەموو كوردستانی مێژوویی بگرێتەوە كە بریتییە لە یەكلایی كردنەوەی چارەنووسی ناوچە جێناكۆكەكان لە چوارچێوەی مادەی 140 لە دەستووری وڵاتدا.

- پایەداری: واتا هەژموون‌و دەسەڵاتی سیاسی‌و چۆنێتی دابەشكردنی لە نێوان حكومەتی ئیتحادی‌و حكومەتی كوردستاندا چۆنێتی دابینكردنی شەراكەتی راستەقینە لە گەڵاڵەی بڕیارو جێبەجێكردنیدا؟.

ئەم چوار «پ»ە بنچینەن بۆ هەر دانوستاندنێكی راستەقینە كە دەتوانێت ئایندەی پێكەوەیی بۆ عیراق ‌و كوردستانیش مسۆگەر بكات. 

ئەم چوار «پ» یەن كە دەتوانین لە سایەی چارەسەركردنیدا بە كەماڵی ئیسراحەت بژین‌و دوا رۆژمان گەشەبێت.

سه‌رنوسه‌ری‌ كوردستانی‌ نوێ‌


PM:04:04:03/09/2016

ئه‌م بابه‌ته 4573 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی