كەمكردنەوەی پاشەكەوتی مووچە

‌شوان بەرزنجی


یەكێك لەو بابەتانەی كە بەهۆی قەیرانی داراییەوە لە ساڵی 2014 تەنگی بە هاوڵاتیانی هەرێمی كوردستان هەڵچنیووە بریتیە لە دواكەوتنی مووچە و كەم بونەوەی مووچەی مووچەخۆران.

ئێمە چونكە  كۆمەڵگایەكی بەكاربەرین بۆیە زیاتر پشت بە مووچە دەبەستین هەم بۆ داهاتی تاكە كەس هەمیش بۆ بازاڕ، چونكە لە كۆی  5 ملیۆن كەس ملیۆنێك و 400 هەزار كەسمان مووچەخۆری حكوومەتین كاتێكیش مووچە دوادەكەوێت یانیش كەم دەبێتەوە راستەوخۆ كاریگەری لە بازاڕ دەبێت چونكە ئەو ملیارەها دینارەی بۆ مووچە دابەش دەكرێت دواجار دێتەوە نێو بازاڕ و جولەی پێ دروستی دەكات.

 لە ساڵی 2016 وەكو حكوومەت خۆی ناوی لێنا پلانی ناچاری  سیستەمی پاشەكەوتی مووچە كەوتە بواری جێبەجێكردن لەو كاتەوە لە بڕی ئەوەی مانگانە 750 ملیۆن دۆلار بدرێتە مووچەخۆران و بخرێتە بازاڕەوە نزیكی 350 ملیۆن دۆلار بە40 رۆژ جارێك دەخرێتە بازاڕەوە بێگومان ئەوەش كاریگەری زۆری كردووە لەسەر هێزی كڕین لە بازاڕ بۆ نمونەی لە ساڵی لە ساڵی 2016 پێنج تریلیۆن و 151 ملیار دینارەی هاوردەكردن و كڕینی كاڵاو خۆراك  بووە كە زۆرترینیشی ئەو ئاوارانە بەكاریان بردووە كە لە كوردستان دەژین، بەڵام پێش ئەوە تاوەكو زیاتر لە 15 تریلیۆنیش رۆیشتووە.

بەراورد بە پێش قەیران لە ئێستادا 51%ی هاوەردەكردنی كەلوپەل و پێداویستی نێو ماڵ  و بیناسازی كەمی كردووە و هەلی كاریش لە پاشەكشەدایە، كە بێگومان هۆكارێكی بۆ كەمبونەوەی مووچە دەگەرێتەوە.
 خراپی  دۆخی ئابوری و كەمی مووچە و كەمبونی پارەی نەختینە وای كردووە هێزی بازاڕكردن لە كوردستان كەم بێتەوە لە ساڵی 2015  وە تاوەكو  ئێستا نزیكی 8 تریلیۆن دینار كە لە مووچە و پاشەكەوتی مووچە گیراوەتەوە نەهاتووە بۆ بازاڕ و نەدراوەتە فەرمانبەران ،بێگومان ئەگەر بەشێك لەو پارەیە خرابوایە بازاڕ دۆخەكە بە جۆرێكی تر دەبوو.

 بۆیە دەبێت بەرپرسانی  حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە پێناوی بازاڕ و هەڵسانەوەی ئابوری  كوردستان و زیادكردنەوەی هەلی كار پێویستە دەستكاری سیستەمی پاشەكەوتی مووچە بكەن بۆ نمونە ئەگەر 20 بۆ 30 پاشەكەوتی مووچە كەم بكرێتەوە ئەوە چەندین ملیار دنیاری تر دەخرێتە بازاڕ و ئەوەش كاریگەری باشی  دەبێت لەسەر دۆخی مووچەخۆران و كاسبكاران و ئەهلی بازاڕ.


PM:02:56:27/02/2017

ئه‌م بابه‌ته 1968 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی