حكوومەت بۆ وا لەم كەرتە دەكا؟

‌شوان بەرزنجی


پێش قەیرانی‌ دارایی واتا بەر لە ساڵی 2014 كەرتی‌ پیشەسازی‌ بە پشتیوانی‌ كەرتی‌ تایبەت چەندین هەنگاوی‌ بڕی‌‌و توانی‌ تاڕادەیەك لەسەرپێی‌ خۆی‌ بوەستێت‌ و لەچەند بوارێكدا بەرهەمی‌ ناوخۆی‌ گەشەی‌ كردو هەلی‌ كاریش بۆ هەزاران كەس لەو ڕێگایەوە دابینكرا، بەڵام سەرهەڵدانی‌ قەیرانی‌ دارایی‌‌و پشتیوانی نەكردنی‌ حكوومەت‌ لەو چەند  ساڵەی  قەیرانی  دارایی وای كردووە  كەرتی پیشەسازی پاشەكشەی  مەترسیدار بكات كە حەقە هەڵوەستەی جدی لەسەر بكرێت.

ئەگەر بە ئامار بێت زیاتر لە 5 هەزار كارگەی جۆراوجۆری پیشەسیازی لە هەرێمی كوردستان مۆڵەتیان پێدراوە بەڵام بە واقیع بێت ئەوە بەهۆی‌ قەیرانی‌ دارایی ‌‌و هاوكارینەكردنی‌ حكومەتەوە رێژەی 75%ی كارگەكانی‌ هەرێمی كوردستان داخراون‌و لەكاروەستاون.

بەهۆی  لەكاروەستانی ئەو كارگانە وێرای نەبوونی هەلی كاری تازە  ئەوانەشی لەسەر كاربوونە بێكاربوونە، كە بەپێی ئامارێك لە سێ ساڵی‌ رابردودا زیاتر لە 20 هەزار كەس لە كەرتی‌ پیشەسازی‌ بێكاربوونە.
لە پال داخستنی كارگەكان و پاشەكشەی كەرتی پیشەسازی مەترسیەكی تریش رووی لەو كەرتە كردووە ئەویش زیاد كردنی باج و رسوماتە.

لەم  ماوەیەدا حكوومەت لە چەند رێگایەكەوە بڕیاری  زیادكردنی باجی داوە لەسەر كەرتی پیشەسازی لەوانە: زیادكردنی‌ كرێی‌ كارەبا بۆ دوو هێندە، گرانكردنی‌ نرخی‌ سوتەمەنی‌ بۆ دوو هێندە، هەروەها بەرزكردنەوەی‌ كرێی‌ موڵكانەی‌ كارگەو شوێنە پیشەسازییەكان بەڕێژەیەكی‌ زۆر لەلایەن شارەوانییەكانەوە، ئەمەش بەبیانوی‌ زیادكردنی‌ داهات، بەڵام ئەم هەنگاوە هێندەی‌ تر مەترسی‌ لەسەر بەردەوامی‌ ئەو كەرتە دروستدەكات و زیاتر دەیپوكێنێتەوە.

لەسەرێكی تر بە بڕیاری حكوومەت ‌ باجی‌ كرێی‌ موڵكانەی‌ كارگە بچوك‌و مامناوەندەكان زیاد كراوە، بەشێكیان 10 هێندە زیادیان كردوەو بەشێكی تریان 17 هێندە‌ زیادی‌ كردوە.

بەشێك لە كارگەكان ساڵانە بۆ هەر مەترێك دوجا بڕی‌ 150 دیناریان لێوەردەگیرا، بەڵام بۆ ئەمساڵ مەتری‌ 2500 دیناریان لێوەردەگیرێ.

 بەشێكی‌ تر لە كارگەو شوێنە پیشەسازییەكان ساڵانە بۆ هەر مەترێك دوجا بڕی‌ 250 دیناریان لێوەردەگیرا، بەڵام ئەمساڵ هەر مەترێك 2500دیناریان لێوەردەگیرێت.

ئاساییە حكوومەت سیاسەتیی خۆی هەبێت بۆ زیادكردنی داهاتەكانی، بەڵام زیادكردنی باج و رسومات لەسەر كەرتێك كە خۆی بە چەندین كێشەوە دەناڵێنی و لە پاشەكشەدایە  كارێكی ناواقعیە و زیان گەیاندنە بە ئابوری نشتیمانی، بۆیە دەبێت بەرپرسانی حكوومەت ئاوڕێك لە كەرتی پیشەسازی بدەنەوە و پێداچوونەوە بەو بڕیارانە بكەن كە زیانی گەیاندووە بە كەرتی پیشەسازی.

ئەگەر حكوومەت دەیەوێت فشارەكانی سەر كەرتی گشتی كەم بكاتەوە دەبێت كەرتی تایبەت بە تایبەت كەرتی پیشەسازی ببوژێنێتەوە بۆ ئەوەی خەڵك روو لەكەرتی تایبەت بكات و چیتر پشت بە مووچە نەبەستێت، ئەوەی لە هەموو شت گرنگترە پیادەكردنی سیاسەتی هاوسەنگە نەك زیادكردنی داهاتێك كە بەهۆیەوە زۆر داهاتی تر و سەرچاوەی تر لە دەست دەدەین.


PM:03:53:26/03/2017

ئه‌م بابه‌ته 1639 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی