رەمەزان

‌شوان بەرزنجی


پێش هاتنی و دوای ئەوەشی  دەكەوینە ناوی وەكو هەموو ساڵان باس باسی گرانی بازاڕ و قۆرخكاری  دەكرێت لەو مانگە پیرۆزەدا، هەندێك جار لێراهاتووین  كە رەمەزان  دێت ئەو  قسەیە دەكەین و هەر دەڵێین شت گران بووە، هەندێك جاریش واقیعەو و خەڵكێك مانگی رەمەوان بەكار دەهێنێت بۆ پڕكردنی گیرفانەكانی.

لە چەند رۆژی رابردوودا بازرگانێك كە خۆم بەو كەسانە  دەڵێم بێ (ویژدان) نەك بازرگان، هەڵسابوو بۆ ئامادەكردنی پلانێك بۆ ئەوەی  دەیان تەن خۆراكی بەسەرچوو لە مانگی رەمەزان لە بازاڕ ساخ بكاتەوە و دەرخواردی خەڵكی بدات، بێگومان ئەو هەوڵەی شكستی هێناو لە لایەن  داموو دەزگاكانی پۆلیس و ئاسایش دەستگیركراو خۆراكەكەی لە نێو برا. بێگومان ئەوە كارێكی خراپەو دەبێت بازرگانە راستەقینەكان بە پێچەوانەی ئەو جۆرە كەسانە و بۆ بەرپەرچدانەوەی ئەو نا بازرگانانە ئەم رەمەزانە كاڵاو خۆراكەكانیان هەرزان بكەن و بڵێن :لە بەر رەحمەتی رەمەزان هەرزانی دەخەینە بازاڕ و شار".

بازرگانان و كڕیاران تەواوكەری یەكترن بۆیە دەبێت كڕیارەكانیش چاو كراوەبن ئەگەر بینیان خەڵكانێك ئیستیغلال و قۆرخكاری دەكەن با ئاگاداری داموو دەزگا ئەمنیەكان و چاودێری بازاڕ بكەن بۆ ئەوەی بازاڕ لە رەمەزانیش ئاسایی بێت.

لەسەر داموو دەزگاكانی چاودێری بازرگانیش پێویستە لە مانگی رەمەزان چاوكراوەتر بن و تیمەكانیان زیاتر بێت بۆ ئەوەی هەست بە چاودێری زیاتر بكرێت و كەس زات نەكات خۆراكی بەسەرچوو یان كاڵای  گران بە خەڵك بفرۆشێت.

پێشنیار بۆ بازرگانە رەسەن و لە خوا ترس و نشتیمان پەروەرەكان دەكەم لەو مانگە پیرۆزەدا ئۆفەری  تایبەتیان هەبیت ئەویش لە سەر بنەمای فرۆشی زۆر و قازانجی كەم، یانیش لەسەر بنەمای كێبركێكردن لەسەر كەمترین نرخ  بۆ ئەوەی  خەڵك هەست بە خێر و بێری رەمەزان بكات و هەست بكات بازرگانە رەسەنەكان چەندە لە خەمی گیرفانی خەڵكن.

با ئەو رەمەزانە بازرگانە رەسەنەكان و خەڵك خودا پێداوەكان لە خەمی بنەماڵەی شەهیدانی شەڕی داعش بن و هاوكاریان پێشكەش بكەن وەكو چۆن لە رەمەزانەكانی پێشووتردا شەهیدەكانی ئەوان ئێمە و بازرگان و بازاڕ و دوكان و كاسبی هەموو لایەكیان پاراست لە هەڕەشەی تیرۆری  داعش.

با ئەو رەمەزانە متمانە بگەرێتەوە بۆ فرۆشیار و كڕیار و بازرگان و بازاڕ با ئەو كەلتورە هەرەس بهێنێ كە هەر دەڵێن رەمەزان بۆ گرانیە و بازرگانان چاویان لە گرانیە.


PM:04:43:28/05/2017

ئه‌م بابه‌ته 1625 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی