ریفراندۆم و ئابوری

‌شوان بەرزنجی


راستە  ریفراندۆم  پرسێكی  سیاسیە، بەڵام  نابێت ئەوەمان لە یاد بچێت ئابوری و سیاسەت رووی یەك دراون و هەردولایان  پەیوەندیان بە یەكەوە هەیە و كاریگەریان بەسەر یەكتر هەیە.

چەندە هەرێمی كوردستان لە ریفراندۆم نزیك دەبێتەوە خەڵك پرسیار لە  داهاتووی ئابوری كوردستان دەكەن و دەپرسن ئەگەر ریفراندۆم كرا ئایا ئابڵوقەیان ناكەوێتەسەر بە تایبەت لە لایەن وڵاتانی دراوسێ؟

بێگومان هاوڵاتیان مافی خۆیان بەرچاو رونیان هەبێت لە داهاتووی ئابوری خۆیان و نەوەكانی خۆیان، بەڵام دەبێت لەم پرسەدا واقیعیانە مامەڵە بكەین و نەكەوینه‌ ژێر كاریگەری هەندێك لێدوان و بۆچوون كە پێیان وایە وڵاتانی دراوسێ بە تایبەت ئێران و توركیا دەرگاكانمان بە روو دادەخەن ئەگەر میللەتی میللەتی ئێمە بژاردەی سەربەخۆیی هەڵبژێرێت.

بەپێی ئەو بەدواداچونە رۆژنامەوانیەی  ئەنجامم داوە بە پشت بەستن بە زانیاری و لێكدانەوەی  دروست ، ئێران و توركیا كە دوو دەروازەی گرنگی كوردستانن بەرژەوەندی ئابوری و بازرگانی زۆریان لە هەرێمی كوردستان هەیە كە وا دەكات لە حالی سەربەخۆیشدا ئەوان سنورەكانیان دانەخەن و وەكو خۆیان بەردەوام بن.

لە هەرێمی کوردستان نزیكی  2 هەزار کۆمپانیای تورکی  و ئێرانی  مۆڵەتیان پێدراوە و لە سێکتەرە جیاوازەکانی كوردستاندا بازرگانی، ‏پیشەسازی، گواستنەوە، وەربەرهێنان و ئەلیکترۆنی و  نەوت و چەند سێکتەرێکی دیکە كاردەكەن.
قەبارەی  بازرگانی نێوان تورکیا و هەرێمی کوردستان لە ئێستادا 8 ملیار دۆلار ‏دۆلارە لەگەڵ ئێرانیش نزیكی 6 ملیار دۆلارە، بێگومان ئەوەش زۆرترین ئاڵوگۆڕی بازرگانیە بەراورد بە وڵاتانی تری  دەورووبەر.
چەندین دەروازەی فەرمی و نا فەرمی لە نێوان  هەرێم و ئەو وڵاتانە  هەیە و بازرگانانی هەردوولا و حكوومەتەكانیش پشت بەو دەروازانە دەبەستن بۆ هەناردە كردنی كاڵا و بەرهەكان و ساڵانەش چەندین  ملیۆن گەشتیار لەم رێگایانەوە هاتووچۆ دەكەن.

كاتێك  لە 3 هەزار و 200 كۆمپانیای  بیانی  44%یان لقی كۆمپانیای توركی بن و 11% لقی كۆمپانیای ئێرانین بێگومان سەلمێنەری بەهێ.ی پەیوەندی ئابوریە كە دواجار وای كردووە پەیوەندیە سیاسیەكانیش زۆر بەهێز بن.
بە پشت بەستن بەو داتا و زانیاریانە  كوردستان باشترین دۆستی ئابوری و بازرگانی  وڵاتانی دراوسێیە ئەمە وێرای ئەوەی  دابینكەری ئاسایشی  هەردوولاشە و لە بڕی ئەوەی ببێتە  مەرترسی بۆتە قازانج و كەڵك، ئەوەش وا دەكات هەمم ئەوان هەم ئێمەش دەستبەرداری یەكتر نەبین.

بۆیە دەبێت خەڵكی كوردستان ئەو راستیانە لەبەرچاو بگرێـت و هیچ دوودڵی و ترسێكی نەبێت و لە رۆژی 25ی ئەیلول بژاردەی سەربەخۆیی هەڵبژێرێت چونكە ئەگەر كوردستان سەربەخۆ بێـت و خاوەنی سەربەخۆیی خۆی بێت بێگومان ئابوریەكی باشتر و داهاتوویەكی باشتریشی دەبێت.


PM:09:52:15/07/2017

ئه‌م بابه‌ته 1708 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی