پڕۆژەکەی د. بەرهەم یان دۆخی ئێستا؟

‌توانا ئەحمەد

بەهۆی کۆتایهاتنی ویلایەتی سەرۆکی هەرێم، دۆخی سیاسیی کوردستان ڕووبەڕووی قەیران و بنەبەست بووەوە، سەرەڕای ئەوەش قەیرانەکانی تر کە بەشێکیان دەرەنجامی کەڵەکەبوونی هەڵە و خراپ بەڕێوەبردن و زادەی سروشتی حوکمڕانی کوردستان بوون، بەشێوەیەکی چاوەڕاننەکراو تەقینەوە، ئێستا دۆخەکە لەناو چەندین قەیرانی قووڵ و بونیادیدا چەقی بەستووە، بەشێوەیەک تا دێت مەودای ئاڵۆزتر وەردەگرێت، ناوچەکەش بووەتە ڕووبەری گەرمی ململانێیەکی نێودەوڵەتیی بێوێنە، کوردیش بەم دۆخە قەیراناوییەوە دەیەوێت لە ڕووی پێشهاتەکاندا بوەستێتەوە.

لە سەرەتای مانگی ئابی ڕابردوو، بۆ دەرچوون لە قەیرانی سەرۆکایەتیی هەرێم و دۆزینەوەی چارە بۆ قەیرانەکانی تر، د. بەرهەم ساڵح پڕۆژەیەکی بەناوی (بەرەو چارەسەرێکی نیشتمانی بۆ قەیرانی حوکمڕانی کوردستان) پێشکەش کرد، پڕۆژەکە بەوردی لەسەر کۆی ئەو قەیرانانە وەستاوە کە بەرۆکی ئەزموونی حوکمڕانی کوردستانی گرتووە، لە پڕۆژەکەدا وەکو قەیرانێک، لەناو چەندین قەیرانی تردا مامەڵە لەگەڵ کۆتایهاتنی ویلایەتی سەرۆکی هەرێم کراوە، بۆیە پێشنیازی چارەسەرێکی هەمەلایەنی کێشەکان دەکات بەپێی میکانیزمێک کە هێزەکان و دواتریش پەرلەمان پەسەندی دەکەن، بەڵام هەر زوو یەکێتی و گۆڕان بەتوندی سەنگەریان لە پڕۆژەکەی د.بەرهەم گرت، هەرچەندە مەکتەبی سیاسیی یەکێتی لە کۆبوونەوەی خۆی لە شاری کەرکوک پەسەندی کرد، بەڵام ڕۆژی دواتر لە کۆبوونەوەی سەرکردایەتی ڕێگە نەدرا وەکو پڕۆژەی یەکێتی پەسەند بکرێت. بزووتنەوەی گۆڕانیش هەڵوێستی خۆی بە دژایەتی پڕۆژەکە و پشتیوانی پڕۆژە قانوونی هەموارکردنی سەرۆکایەتیی هەرێم دووپات کردەوە، سەرەڕای ئەوەش هەردوو فراکسیۆنی یەکێتی و گۆڕانیش دژی وەستانەوە، تەنانەت سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی بەیاننامەیەکی بەناوی فراکسیۆنەوە دژی پڕۆژەکە بڵاوکردەوە و دواتریش لەڕێگەی پێگە کۆمەڵایەتییەکانەوە هەڵمەتێکی توند لە دژی بەرپا کرا.

بەهۆی ڕەتکردنەوەی پرۆژەکەی د. بەرهەم ئایا یەکێتی و گۆڕان و چوار لایەنەکە توانیان چی بکەن؟ فراکسیۆنەکانیان لە پەرلەمان توانییان پڕۆژە قانوونەکانیان تێبپەڕێنن و دواجار مەسعود بارزانی لەسەر کورسی سەرۆکایەتیی هەرێم بهێننە خوارەوە وەک ئیدیعایان بۆ دەکرد؟ بە کۆبوونەوەی پێنج قۆڵی توانییان چی لە دۆخەکە بگۆڕن؟ زیاتر یان زۆر کەمتر لەوەی لە پڕۆژەکەی د. بەرهەمدا هاتبوو داواکرا؟

دوای ئەو زنجیرە ڕووداوانە کە گوایە بۆ ڕێگرتن لە مەسعود بارزانی گیرانە بەر، نەک مەسعود بارزانی ڕێگری لێ نەکرا، بەڵکو بەشێوەیەکی دراماتیکی پارتی بزووتنەوەی گۆڕانی بەشێوەیەکی بێمنەتانە لەحکومەت کردە دەرەوە و ڕێگەشی نەدا سەرۆکی پەرلەمان بگەڕێتەوە هەولێر و نووسینگەی خۆی لە پەرلەمان، جگە لەوەش مەسعود بارزانی بە کردەوە لە جاران بەهێزتر وەکو سەرۆکی هەرێم بەردەوام بوو، تەنانەت لە ئاستی دەرەوە چەندین خاڵی تازەی تۆمار کرد، بەمەش یارییەکە لە بنەڕەتەوە گۆڕا، بەتایبەت لەو شوێنەی پەیوەندی بە گۆڕانەوە هەبوو، لە پرسی لابردنی سەرۆکی هەرێمەوە بووە داواکاری گەڕانەوەی سەرۆکی پەرلەمان و وەزیرەکانیان بۆ هەولێر، ئەگەر وەک پروپاگەندە دەکرا بەرهەم ساڵح بە پڕۆژە و لەسەر کاغەز هەوڵی دانانەوەی مەسعود بارزانی دابێت، ئەوا نەیارانی پڕۆژەکەی، لە دەرەنجامی سیاسەتی خۆیان بارزانییان بەعەمەلی کردەوە بە سەرۆکی هەرێم، بەڵام تۆزێک لەوەی پێش ٢٠/٨ بەهێزتر لە ڕووی مەیدانییەوە.

ئێستا کاتی ئەوەیە بپرسین گەر ڕاستیش بووبێت کە د. بەرهەم ویسبێتی مەسعود بارزانی بە سەرۆکی هەرێم بمێنێتەوە، ئایا مانەوەی مەسعود بارزانی بەرامبەر کۆمەڵێک چاکسازی و کەمکردنەوەی دەسەڵاتەکانی باشتر بوو، یان ئێستا؟ ئایا وا باشتر بوو دەسەڵاتی یەکخستنەوەی هێزی پێشمەرگە و تەواوی ئەو پرسانەی پەیوەندییان بە وەزارەتی پێشمەرگەوە هەیە، بدرێنەوە بە وەزیری پێشمەرگە، یان ئێستا کە وەزیریش دوور خراوەتەوە؟ پرسی نەوت بە بەشداری هەموو لایەک بەرەو شەفافیەت و بەدامەزراوەی زیاتر ئاڕاستە کرابووایە، یان ئێستا؟

گۆڕان ئێستا ڕاستەوخۆ و بەشاراوەیی ڕووی ڕەخنە و گلەیی لە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانە کە وەکو پێویست هەڵوێستی ڕوون و یەکلاکەرەوەی نییە، کە ئەمە یەکێکە لە ویستە سەرەکییەکانی پارتی بۆ ئەوەی دووبارە سروشتی ململانێ لەنێوان پارتی و ئەوانی تر، وردتر پارتی گۆڕان بکاتەوە بە یەکێتی و گۆڕان، لەکاتێکدا بزووتنەوەی گۆڕان ڕووی گلەیی لە یەکێتیە، بەڵام بێ ئەوەی بە بێلایەنی مامەڵەی دۆخی ناوخۆی یەکێتی کردبێت، بەبێ ئەوەی حسابی ئەوەی کردبێت تێپەڕاندنی پڕۆژە قانوونێک سەبارەت بەپرسی سەرۆکایەتیی هەرێم کە بەڕوونی بە فلتەری مەکتەبی سیاسی و سەرکردایەتیی یەکێتیدا ڕەت بووبێت، ئاسەوارەکانی چ دەبن، یەکەم هەڵەی گۆڕان ئەوە بو کە ئاشکرا هاتە ناو هاوکێشەی ناخۆی یەکێتی و دژی بەرهەم ساڵح و هاوڕێکانی وەستایەوە، بەوە تۆمەتباری کردن کە گوایە ئەوان لە پارتییەوە نزیکن، بەڵام بەبێ ئەوەی بیر لەو ڕاستییە بکەنەوە کە بەرهەم ساڵح نەبوو، بەڵکو خودی بزووتنەوەی گۆڕان بوو ڕێککەوتنی لەگەڵ پارتی هەبوو بۆ شەراکەت لە حکومەت و بەڕێوەبردنی کوردستان، بۆیە لەسەر ئاستی میللی ئەو تۆمەتە بەئاسانی دەرخواردی خەڵک نادرێت، تا دێت ڕووداوەکانیش ڕاستییەکان دووپات دەکەنەوە، بۆیە لە بەرژوەندیی گۆڕان نەبوو لە پڕۆژەیەکی چارەنووسسازی وەک سەرۆکایەتیی هەرێمدا، بەو شێوە یەکلاکەرەوەیە پشتی نەک بە یەکێتی بەڵکو بەهیچ لایەن و ئیعتبارێک ببەستایە جگە لە توانا زاتییەکانی خۆی نەبێت، چ جای ئەوەی لەسەر پەتی ململانێی ناوخۆی هێزێکی تر یاری و گرەو بکات.

خەڵک دەپرسێت نهێنی ئەوە چییە کە بەرهەم ساڵح بە کردەوە خۆی بە نزیک لە گۆڕان و پڕۆژە و خەونە سیاسییەکەی دەزانێت، لە کابینەی شەشدا کە ئەو سەرۆکایەتی دەکرد، بەشێکی زۆری (سزادراوانی) ئەوانی گەڕاندەوە، خۆی نەهاتە ژێر فشاری بڕینی بودجەکەیان لە کاتی هەڵبژاردنی ٢١/٩ پێداگریی لەوە کرد کە حکومەتی بنکە فراوان، بە بەشداری گۆڕان پێک بێت و بەمەش گۆڕان هاتە ناو حکومەتەوە، جگە لە چەندین هەڵوێستی تر، کەچی سەرکردایەتیی گۆڕان بە دژایەتییەکی بێوێنە لە کابینەی شەشەم و سەفقەی ژێربەژێر لە پرسی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی کۆمار و دواییش بە تۆمەتبارکردن بە نزیکی لە پارتی وەڵامی بەرهەم ساڵح دەداتەوە؟ من وەڵامی ئەو پرسیارە بۆ هاوڕێیانی گۆڕان جێدەهێڵم، بەڵام هەر لێرەدا دەپرسم، ئایا پشتیوانی و جێبەجێکردنی پڕۆژەکەی د. بەرهەم باشتر بوو یان دۆخی ئێستا؟ وەڵامی ئەو پرسیارەش بۆ هاووڵاتیانی کوردستان دەهێڵمەوە.


AM:10:34:16/12/2015

ئه‌م بابه‌ته 2112 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی