ئایا نرخی نەوت چی بەسەردێت؟!

‌توانا ئەحمەد

توانا ئەحمەد

نرخی نەوت لەسەر ئاستی دنیا توشی دارمانێکی گەورە ھات، بەجۆرێک ئەو دارمانە بوە مایەی ئەوەی کەزۆربەی کۆمپانیا نەوتیەکانی گەورەی جیھان چالاکی خۆیان لەبواری دۆزینەوەو بەرھەمھێنانی نەوت رابگرن و تاکۆتایی ساڵی ٢٠١٥ زیاتر لە ٢٠٠ ھەزار کرێکاری خۆیان دەربکەن، ھاوکات زیاتر لە١٠٠٠ ھەزار بیرھەڵکەنی نەوتیش بێکاربن و لەبازاڕی ھەڵکەندن و دۆزینەوەی بچنە دەرەوە.

چەند ھۆکارێک ھەن بۆ داڕمانی نرخی نەوت، ١- سستبونی چالاکی ئابوری لەسەر ئاستی جیھان و پاشەکشەی گەشەی ئابوری جیھان کەبەگوێرەی زانیاری ئەمساڵ ٣.١% بوە. ٢- گۆڕانکاری ھەیکەلی ئابوری جیھان کەپشت بەبرێکی کەمتری وزە ببەستێت  و دۆزینەوەی سەرچاوەکانی بەدیلی نەوت. ٣- پابەند نەبونی وڵاتانی ئۆپک بەو بەشە بەرھەمەی بۆیان دیاریکرابوو، ھەروا گەڕانەوەی ئێران بۆ بازاڕی فرۆشتنی نەوت، ٤_ سعودیە لەرێگەی ھەوڵدان بۆ دابەزاندنی نرخی نەوت گرفت بۆ ئێران و روسیا دروست بکات. ٥- ھەناردەکردنی نەوتی ئەمریکا بۆ درەوە کەپێشتر کڕیاری نەوت بوو، بەڵام ئێستا پێشبرکێی توندی سعودیەو نایجریا وڵاتانی تر دەکات لەبازاڕی وڵاتانی ئاسیادا.

ھەندێ ناوەندو لێکۆڵیاری بواری ئابوری پێیان وایە ساڵی ٢٠١٦ دۆخەکە لە ساڵی رابردو باشتر دەبێت، دامەزراوەی گۆڵدن ساس پێی وایە لەچارەگی کۆتایی ئەمساڵ نرخی نەوت سەردەکەوێتەوە، واتا تاکۆتایی ساڵ نرخی نەوت بەرزبونەوەیەکی وا بەخۆیەوە نابینێت، وەزیری نەوتی عیراق د. عادل عبدالمھدی پێی وایە ئەمساڵ خواست لەسەر نەوت ١.٥٣% لەچاو ساڵی رابردو زیاد دەکات، رێژەی گەشەی ئابوری بەرێژەی ٣.٤% زیاد دەبێت، ھەروا کەمبونەوەی بەرھەمی نەوتی ئەمریکاو لەکارکەوتنی ١٠٠٠ بیرھەڵکەنی نەوت کاریگەری لەسەر بەرزبونەوەی نرخی نەوت دەبێت, بەڵام برۆس مەکین لێکۆڵیی بواری وەبەرھێنان پێی وایە گەشەی ئابوری جیھان بەو ئەندازەیە پاشەکشەی نەکردوە کەنرخی نەوت بەو جۆرە مەترسیدارە داببەزێت، لەگەڵ ئەو لێکدانەوانەش ھێشتا نرخی نەوت دادەبەزێت، قسەلەو دەکرێت نرخەکەی بێتەخوار ٢٠ دۆلار، لەکاتێکدا تێچونی بەرھەمھێنانی یەک بەرمیل لەنەوت لەزۆر وڵاتی بەرھەمھێن لەو پارەیە زیاترە بەگوێرەی وتارێکی وەزیری نەوتی عیراق بەم شێوەیە: (کویت ٨.٥٠ دۆلار/بەمیل، سعودیە ٩.٩٠ دۆلار/ بەرمیل، عیراق ١٠.٧٠ دۆلار/ بەرمیل، ئیمارات ١٢.٣٠ دۆلار/ بەرمیل، ئیران ١٢.٦٠ دۆلار/ بەرمیل، روسیا ١٧.٢٠ دۆلار/ بەرمیل، جەزائیر ٢٣.٥٠ دۆلار/ بەرمیل، لیبیا ٢٣.٨٠ دۆلار/ بەرمیل. کازاخستان ٢٧.٨٠ دۆلار/ بەرمیل، مەکسیک ٢٩.١٠ دۆلار/ بەرمیل، چین ٢٩.٩٠ دۆلار/ بەرمیل، نایجیریا ٣١.٦٠ دۆلار/ بەرمیل، کۆلۆمبیا ٣٥.٣٠ دۆلار/ بەرمیل، ئەنگۆلا ٣٥.٤٠ دۆلار/ بەرمیل، نەرویج ٣٦.١٠ دۆلار/ بەرمیل، ئەمریکا ٣٦.٢٠ دۆلار/ بەرمیل، کەنەدا ٤١.٠٠ دۆلار/ بەرمیل، بەرازیل ٤٨.٨٠ دۆلار/ بەرمیل، بەریتانیا  ٥٢.٥٠ دۆلار/ بەرمیل).

شارەزایان پێیان وایە وڵاتانی بەرھەمھێنی نەوت بایی ئەوە یەدەگی نەوتیان نییە کەکاریگەری زۆر لەسەر خستنەڕوی نەت لەبازاڕی جیھانیدا دروست بکات، بۆیە ئەوەی وایکرد کەنەوت بەم شێوەیە داببەزێت تەکنەلۆژیای تازەی بواری دۆزینەوەو بەرھەمھێنانی نەوتە، ئەم تەکەنەلۆژیا تازەیە بوە ھۆی ئەوەی کەلەماوەی چوارساڵی رابردو ئاستی بەرھەمھێنانی نەوتی ئەمریکی ٤٥% زیاد بکات، کەنەدا بەھەمان شێوە ھەر لەو ماوەیەدا ٢٥% توانای بەرھەمھێنانی زیادی کردوە، واتا لەماوەی ئەو چوار ساڵەدا رێژەی بەرھەمھێنان لەئەمریکاو کەنەدا رۆژانە ٤ ملیۆن بەرمیل زیادی کردوە، کەرێژەی زیادبونی خواست لەسەر نەوت لەھەمان ماوەدا تەنیا ٥ ملیۆن بەرمیل لەرۆژێکدا زیادی کردوە.

وەک شارەزایان باسی لێوەدەکەن، خستنەڕو و خواست لەسەر نەوت بەتەنیا ھۆکاری داتەپینی نرخەکەی نییە، بەڵکو ھۆکارە ئابوری و تەکنەلۆژی و ساسیەکانیش کاریگەری راستەخۆیان ھەیە.\


PM:05:25:02/01/2016

ئه‌م بابه‌ته 2390 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی