سعودیە و ئەمریكا خاڵی هاوبەش ‌

‌بورهان شێخ ڕەئوف

لە بیرمانە كاتی بانگەشەی هەڵبژاردنەكانی سەرۆكایەتی لە ئەمریكا دۆناڵد تره‌مپ دەی گووت عەرەبستانی سعودیە دادوەرانە هەڵسووكەوت لە گەڵ ئەمریكادا ناكات لە بەرئەوەی ئەمریكا خەرجی و توانایەكی دارایی زۆر بەكاردەبات لە پاراستنی ئاسایشی  عەرەبستانی سعودیە بۆیە خوازیار بوو ئەركەكانی بەجێبهێنێت لەبەرامبەر ئەو بارە قورسەی كە ئەمریكا چووەتە ژێری بۆ پاراستنی سەروماڵی عەرەبستان بەرامبەر هەڕەشەی نەیارەكانی .

بە تایبەتی كە لە سەردەمی ئۆبامادا كۆنگریس یاسای جاستا یان دەركرد بۆ داوای قەرەبوو  سزا لە تەقینەوەكانی 11 سپتەمبەری 2001 لە ئەمریكا چونكە 14 كەس لە ئەنجامدەرانی كردەوە تیرۆریستیەكە كە 19 كەس بوون سعوودی بوون بەڵام ئۆباما یاساكەی واژۆ نەكرد .

بەڵام ئەوەی بینرا تره‌مپی كاتی بانگەشەی هەڵبژاردن تره‌مپی ئێستای سەرۆك و نیشتەجێ‌ ی كۆشكی سپی نییە چونكە وا یەكەم سەردانی بۆ دەرەوەی وڵاتەكەی بۆ عەرەبستانی سعوودیەیە بە پێچەوانەی ئەو لێدوانانەی كە پێشووتر دابووی چاوەڕوانی بەریەككەوتن وململانێ‌ ی لێدەكرا؟ كەچی بینیمان گەورەترین كۆبوونەوەو كەڕنەڤاڵی بۆ ڕێكخرا نەك هەر لەگەڵ پاشای عەرەبستان بەڵكو لەگەڵ سەركردەكانی كەنداو و زۆر وڵاتی عەرەبی و ئیسلامی تری گرنگ .
بەڵام دەكرێت بپرسین سەرۆك تره‌مپ لە بەرامبەر چیدا ئەم هەڵگەڕانەوە گەورەی لە هەڵوێستەكانی دا كردووە بەرامبەر بە عەرەبستانی سعوودیە ؟

ئەوەی كە دەرئەنجام بە دەست دەكەوێت لە دوای گەڕان و شرۆڤە  بە سەرچاوە كانی هەواڵ و لێكۆڵینەوەكانی سیاسەتدا ئەوەیە كە ئەمریكا خوازیارە كۆمەڵێك داخوازی و دەستكەوتی چەورو گرنگ بە دەستبهێنێت لە سعوودیە كە بوارەكانی گەشەپێدان وەبەرهێنانە بە پشتیوانی عەرەبستان كە ژێرخانی ئەو وڵاتە نوێ‌ بكاتەوەو ملیۆنان هەلی كار دابین بكات بۆ هاوڵاتیانی ئەمریكی كە بێكارن ئێستا  ئەمەش لە ڕێگای تەرخانكردنی زیاتر لە 40 ملیار دۆلاری ئەمریكی لەلایەن حكومەتی سعوودیەوە  بۆ وەبەرهێنان لە ژێرخانی ناوخۆی ئەمریكا سەرەڕای گرێبەستی 100 ملیار دۆلاری كڕینی چەك و هەروەها باس لە گرێبەستێكی تر دەكرێت بە بەهای زیاتر لە 200 ملیار دۆلار لە ماوەی دەساڵی داهاتوودا كە ئەمەش گوژمەیەكی باشی پارەیە  بۆ گەنجینەی ئەمریكا،جگە لەوەی تره‌مپ دەتوانێت لە ئیماراتی عەرەبی وڵاتەكانی تری كەنداو داهاتی زیاتری دەست بكەوێت .

لایەنێكی تری گرنگ كە تره‌مپ كاری لە سەر دەكات لەم سەردان و بادانەوەدا ئەوەیە كاراكردنەوەو گێڕانەوەی ڕۆڵی ئەمریكایەلە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ناوچەكەدا كە ئیدارەی پێشوو لە دووساڵی ڕابردوودا زۆر پاشەكشەی كردبوو و بواری بۆ ڕوسیا وڵاتانی تر چۆڵ كرد بوو ڕۆڵ بگێڕن،تره‌مپ بەڵێنی دابوو شكۆ بگێڕێتەوە بۆ ئەمریكا ئەمەش بە پارەو توانای دارایی دەكرێت چاودێرانی دۆخی ناوچەكە لەو بڕوایەدان ئەمریكا بە نیازی ئەوەیە تێچووی هەر دەستوەردانێك لە ڕووداوەكانی ناوچەكەو شەڕی تیرۆر بخاتە ئەستۆی سعوودیە.

ئەمانەو جگە لە بووژانەوەی پیشەسازی چەك و بەرگری كەمكردنەوەی ڕۆڵی دامەزراوە ئایینی و مەزهەبیەكان لە سعوودیەو بە گەڕخستنەوەی پرۆسەی ئاشتی عەرەب و ئیسرائیل و ئاسایی كردنەوە ی پەیوەندی نێوان وڵاتانی عەرەبی و ئیسرائیل .

هەروەكو ئاشكرایە سیاسەت و دانوسان ئاڵوگۆڕی بەرژەوەندییە دەبێت وەڵامی ئەوەش بدۆزینەوە دەبێت عەرەبستانی سعودیە لەبەرامبەر ئەم هەموو( دان ) ەدا چ  بسەنێت ؟

بەكورتی ئەوەمان دەست دەكەوێت بۆ ئەو وەڵامی ئەو پرسیارە كە پڕچەككردن و هاریكاری سەربازییە لە گەڵ ئەمریكا كە سەرچاوەی گرنگی چەك و تەقەمەنیی بۆ سعودیە و ڕاهێنان و ئامادەكارییەكانی سوپاكەی پشت بە ئەمریكا دەبەستێت،فاكتەرێكی تر پاراستن و پشتیوانی سعودیە لە كۆڕو كۆمەڵی نێودەوڵەتی لەلایەن ئەمریكاوە كە خاوەنی مافی ڤیتۆیە لە هەر لێپێچینەوەو سزایەكی نێودەوڵەتی .

خاڵێكی تری گرنگ كە عەرەبستان زۆر پێویستی پێیەتی پشتیوانی سیاسەت و بۆچوونەكانیەتی لە قەیرانەكانی یەمەن و سوریا جگە لە زامنكردنی پشتیوانی بۆ جێنیشینی جێنشینی شا (محمدی كوڕی شا سەلمان ) كە جێگەی باوكی بگرێتەوە لە داهاتوودا .

لەوانە گرنگتر و ستراتیجی تر بۆ عەرەبستانی سعودی بەرگرتن لە فراوانبوونی هەژموونی ئێران بۆ وڵاتانی ناوچەكە كە ئەمە خاڵی هاوبەشی نێوان ئەمریكاو عەرەبستانە كە بووە هۆی زیاتر نزیك بوونەوەی ئەو دوو وڵاتە لە یەكتر و لە كاتێكدا لە ماوەی ڕابردوودا عەرەبستان لە هەوڵی ئەوەدا بووە خۆی وەكو پێشڕەوی وڵاتانی ئیسلامی پیشان بدات و كاری جدی بۆ كردووە .


PM:12:41:28/05/2017

ئه‌م بابه‌ته 1324 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی