كەركوك لە سێگۆشەی ئاشتی‌و نەوت‌و هەڵبژاردندا ‌

‌فه‌رید ئه‌سه‌سه‌رد

لەم دواییەدا سێ مەسەلە كەركوكیان هێناوەتەوە بەر باس. یەكەمیان دەستپێكردنی ئۆپەراسیۆنی ئازادكردنی رۆژئاوای موسڵە كە لەگەڵ كۆتایی هاتنی، دەست بە ئۆپەراسیۆنی حەویجە دەكرێ. ئەمەش بەم مانایە دێت كە كەركوك وەك پارێزگا هەموو ناوچەكانی خۆی لە داعش پاك دەكاتەوە‌و لەوە بەدواوە پارێزگاكە دەچێتە ناو قۆناغی بنیاتنانەوەی پەیوەندییەكان لەسەر بنەمایەكی نوێ. چەردەیەك كەیسی تایبەتیش سەر هەڵدەداتەوە لەوانە مەسەلەی چاڵە نەوتیەكانی سنوری پارێزگاكە‌و پشكی كەركوك لە پترۆ دۆلار‌و بەڕێوەبردنی ناوچەكان‌و سەرلەنوێ رێكخستنەوەی هێزەكان‌و شێوەی دابەشبونیان بەسەر ناوچەكاندا‌و چەند مەسه‌لەیەكی دیكەی تەكنیكی. قۆناغی پاش شەڕ هەمیشە قۆناغێكی هەستیارە چونكە تێكچڕژانی تێروانینەكان‌و ئاڵۆزیی بەرژەوەندییەكان‌و بەئاگاهاتنەوەی گرفتە خەوتووەكان هەلومەرجێكی وا لەگەڵ خۆیاندا دێننە پێش كە پێویست بە وریاییەكی زۆر دەكات.
+
مەسەلەی دووەم هەوڵی بەغدایە بۆ راكێشانی بۆرییەكی تازەی نەوت لە كەركوكەوە بەناو ئێراندا بۆ سەر كەنداو. ئەم پرۆژەیە هەردوو وەزارەتی نەوتی عیراق‌و ئێران تاوتوێیان كردووە‌و سەرقاڵی دانانی نەخشە تەكنیكییەكانین.

ئەم پرۆژەیە پرۆژەیەكی ستراتیجییە‌و بایەخەكەی لە بایەخی بۆرییەكەی كەركوك-جەیهانی توركیا كەمتر نیە. بەم بۆرییە، بەغدا چیتر پێویستی بە بەكارهێنانی بۆرییەكەی هەرێمی كوردستان نابێ. ئەمەش لە مانۆرە سیاسییەكاندا پێگەیەكی بەهێزتری بەرامبەر بە هەولێر پێ دەبەخشێ. بەڵام سەرگوزشتەی ئەم بۆرییە تەنها پەیوەندیی بە هەرێمی كوردستانەوە نیە، بەڵكو پەیوەندیی بە موسڵیشەوە هەیە.

بەغدا هێشتا لە ئایندەی موسڵ دڵنیا نیە. ئەگەر موسڵ پاش ئازادكردنی لە داعش، بەرەو پێكهێنانی هەرێم بچێ، بەغدا بەشێكی زۆر دەسەڵاتەكانی لە هەرێمە تازەكە لەدەست دەدا‌و رەنگە حكومەتی هەرێمی نەینەوا تەگەرە لەبەردەم هەناردەكردنی نەوتی كەركوك بەناو خاكەكەیدا دروست بكا. بۆیە بەغدا لە ئێستاوە دەیەوێ كارتێكی فشار لەدەست موسڵ دەربێنێ. لەهەمان كاتدا پرۆژەكە ماسیجێكی كاریگەرە بۆ ئەنكەرە كە بەدڵنیاییەوە بەهۆی پرۆژەكەوە زیانێكی ئابوریی زۆری بەر دەكەوێ، سەرباری ئەوەی كە بەغدا لە توركیا بێ مننەت دەكا‌و وای لێ دەكا بەهیچ شێوەیەك پێویست بە خاكەكەی نەبێ بۆ هەناردەكردنی نەوت، بەتایبەتی كە بەغدا بەنیازیشە بۆرییەكی تری نەوت لە بەسرەوە بەناو خاكی ئوردوندا بگەیەنێتە سەر كەنداوی عەقەبە. لەهەمان كاتدا ئەم بۆرییە رەنگدانەوەی هەوڵی هەردوولایە بۆ سودمەندبون لە خاكی یەكتر بۆ ناردنە دەرەوەی سەرچاوەكانی وزە. بەمجۆرە، عیراق لەكاتێكدا بۆ ناردنە دەرەوەی نەوتی كەركوك سود لە خاكی ئێران وەردەگرێ، ئێرانیش بۆ ناردنی گازی كیڵگەی پارس سود لە خاكی عیراق وەردەگرێ‌و كار بۆ ئەوەش دەكات كە پاش كۆتایی هاتنی شەڕی سوریا، بۆرییەكە بەناو خاكەكەیدا بگەیەنێتە سەر دەریای ناوەڕاست. 

مەسەلەی سێیەم پەیوەندیی بە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانەوەیە كە هەوڵ دەدرێ كەركوكیش بەشدار بێ تێیدا‌و لە مافی دەستوریی خۆی بێبەش نەكرێ. بەڵام هەندێ لایەن، هەم لەناو هەرێمی كوردستان هەم لە پارێزگای كەركوك‌و هەم لە بەغدا، هەر یەكێكیان لەبەر هۆیەكی دیاریكراو، كار بۆ پەكخستنی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك دەكەن‌و  ژێربەژێر گەلەكۆمەكێ لە دژی هەڵبژاردنەكە دروست دەكەن. كاركردن بۆ درێژەدان بەو چەق بەستنەی كە لە كەركوكدا هەیە، نە لە بەرژەوەندیی كەركوك دایە، نە لە بەرژەوەندیی بەها باڵاكانی كورد دایە‌و ئەم هەڵوێستە زۆرتر رەنگدانەوەی تەنگبینییەكی حزبییانەیە كە هیچ بەهایەك بۆ بەرژەوەندیە نیشتمانییەكان ناهێڵێتەوە‌و تەنها لە گۆشەنیگای حزبییەوە دەڕوانێتە مەسەلەكان‌و هەر بەو پێوەرەش هەموو مەسەلەكان دەپێوێ. ئەمەش وەك تاقی كراوەتەوە بە هیچمان ناگەیەنێ‌و دۆخەكە ئاڵۆزتر دەكات.


PM:12:15:27/02/2017

ئه‌م بابه‌ته 803 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی