یەكەم جار كەركوك، ئینجا سەربەخۆیی ‌

‌فه‌رید ئه‌سه‌سه‌رد

تا ساڵانێكی دورودرێژ مەسەلەی كەركوك لە بیركردنەوەی كورددا پێگەیەكی بەهێزی هەبووە‌و بە مەسەلەیەكی ناوەندی دانراوە. هەر بەهۆی ئەمەشەوە خوالێخۆشبوو مەلا مستەفا بارزانی كەركوكی بە دڵی كوردستان ناسیوە ‌و تاڵەبانیش بە قودسی كوردانی زانیوە، بەڵام ئەمڕۆ بۆچونی تر هەیە.
لە ساڵی ١٩٩١ دا پاش ئەوەی كە هێزی پێشمەرگە كەركوكی ڕزگار كرد، بیرۆكەیەك لەلای سەركردایەتی یەكێتی نیشتمانیی كوردستان هاتە ئاراوە كە ئەنجومەنی یاسادانانی ناوچەی ئۆتۆنۆمی بۆ سێ مانگ بگوێزرێتەوە بۆ كەركوك وەك ئاماژەیەك بۆ كوردستانیبونی كەركوك ‌و پاشان بگێڕدرێتەوە بۆ هەولێر. بە كردەوەش، ئەم پرۆژەیە لە پیرمام تاوتوێكرا‌و مەسەلەی جێبەجێكردنی تەنها مەسەلەی كات بوو، بەڵام گەڕانەوەی هێزەكانی عیراق بۆ كەركوك، پرۆژەكەی بە ساوایی لەبار برد.

لە ساڵی ٢٠٠٣دا ، چەند هەفتەیەك پاش ڕووخانی ڕژێمی بەعس، لە یەكەمین پرۆژەی دەستوری هەرێمی كوردستان ناوی كەركوك وەك پایتەختی هەرێم دێ. لە كۆپیی بەرایی پرۆژەی هەرێمی كوردستانیش كە بەپێی بڕیاری ژمارە ٩ ی ساڵی ٢٠٠٩دەبوایە لە ٢٥ی تەموزی ٢٠٠٩ بخرێتە ڕاپرسییەوە، كەركوك بە بەشێكی دانەبڕاو لە هەرێم دانراوە.

ئەوەی كە ئێستا لە مەسەلەكە گۆڕاوە ئەوەیە كە كەركوك لە پلەی دووەم دا دێ‌ و سەربەخۆیی لە پلەی یەكەم دایە. ئەمەش خۆی لەخۆیدا شتێكی مەترسیدارە‌ و هەڕەشەی لە دەستدانی كەركوكی لێدەكرێ. لە مەسەلەی سەربەخۆییدا دوو ئاراستەی جیاواز لە فەزای سیاسیی هەرێمدا هەیە. ئاراستەیەك مەسەلەی سەربەخۆیی لە مەسەلەی كەركوك جیا دەكاتەوە‌ و سەربەخۆیی پێش كەركوك دەخا‌ت و ئاراستەیەك هەردوو مەسەلە بەیەكتریەوە دەبەستێتەوە‌ و یەكلاكردنەوەی مەسەلەی كەركوك بە ڕێخۆشكەر بۆ جیابوونەوەیەكی ئاشتییانە دادەنێ. لەڕاستیشدا ئەم دوو ئاراستەیە تەواو جیاوازن لەگەڵ یەكتری‌ و هیچ دەرفەتێك بۆ سازانی نێوانیان نیە.
سەربەخۆیی بەبێ ناوچە جێناكۆكەكان، بەكردەوە، بەجێهێشتنی هەموو ئەو ناوچانەیە بۆ عێراق، چونكە ڕاگەیاندنی سەربەخۆیی هیچ بوارێك بۆ وتووێژ لەگەڵ بەغدا ناهێڵێتەوە‌ و بەغدا هەموو ناوچە جێناكۆكەكان وەك بەشێك لە قەڵەمڕەوی خۆی دەداتە قەڵەم، نە ناچارە وتوێژیان لەسەر بكا‌ت و نە هیچ شتێكیش هانی دەدا بیانداتەوە بە هەرێم.

ئەگەر ڕاپرسی لەسەر سەربەخۆیی بكرێ، بەڵام ڕاگەیاندنی سەربەخۆیی بۆ قۆناغێكی تر دوا بخرێ، كەیسەكە بۆ كورد ئاڵۆزتر دەبێ چونكە بەغدا ئامادە نابێ هیچ جۆرە نەرمییەك سەبارەت بە كێشەی ناوچە جێناكۆكەكان بنوێنێ، پابەندی ماددەی ١٤٠ نابێ‌ و ڕاپرسی بۆ دیاریكردنی چارەنووسی ناوچەكان ناكات. لێرەدا هەرێم لە تەنگژەدا دەبێ، چونكە نازانێ هەتا كەی، پاش راپرسییەكە، راگەیاندنی سەربەخۆیی دوا دەخا، ناشتوانێ ناوچە جێناكۆكەكان، چ بە شەڕ ‌و بە وتووێژ، لە بەغدا بسەنێتەوە.

گەورەترین گرفت لەبەردەم راپرسی یاسایی ‌و دەستوورییە، چونكە ڕاپرسی بۆ سەربەخۆیی تەنها ئەو ناوچانە دەگرێتەوە كە بەپێی یاسا ‌و دەستور لەژێر دەسەڵاتی حكومەتی هەرێمی كوردستاندان ‌و بەهۆی ئەمەوە ئەوەندە تەگەرە لەبەردەم بەشداربونی ناوچە جێناكۆكەكان لە راپرسیی سەربەخۆییدا هەیە، كە ئەگەری بەشداربونیان دەگەیەنێتە نزمترین ئاست. هیچ شتێكیش گەرەنتیی ئەوە نادات كە بە زۆر بەشداری پێكردنی ناوچە جێناكۆكەكان شەڕی لێناكەوێتەوە.

هەردوو سیناریۆ، سیناریۆی سازكردنی راپرسی بۆ سەربەخۆیی بەبێ ناوچە جێناكۆكەكان ‌و سیناریۆی سازكردنی راپرسیی سەربەخۆیی لە هەموو كوردستان بە ناوچە جێناكۆكەكانیشەوە، لەم هەلومەرجەی ئێستادا، یەك لە یەك خراپترن. سیناریۆی یەكەم دەشێ ئەگەری لەدەستدانی كەركوك ‌و ناوچە جێناكۆكەكانی تری لێ بكەوێتە‌وە، سیناریۆی دووەم ئەگەری پشێوی‌ و گرژی‌ و شەڕی لێ چاوەڕوان دەكرێ. ئەو شێوازی كاركردن ‌و بیركردنەوەیەی كە بەسەر ئاراستەی یەكەم دا زاڵە گوێ ناداتە ئەوەی كە دەشێ مەسەلەكە بگاتە رادەی لەدەستدانی قەڵەمڕەوێكی فراوان كە نزیكەی سێیەكی خاكی كوردستان دەبێ.

مەسەلەی گێڕانەوەی كەركوك‌و ناوچە جێناكۆكەكان مەسەلەیەكی مەحاڵ نییە، بەڵام ئەم مەسەلەیە بەبێ دروستكردنەوەی پرد لەگەڵ بەغدا ‌و چارەسەركردنی كێشە هەڵپەسێردراوەكان رێی بۆ خۆش ناكرێ. رەنگە كاركردن بۆ گێڕانەوەی كەركوك ‌و ناوچە جێناكۆكەكانی تر چەند ساڵێك مەسەلەی سەربەخۆیی دوا بخا، بەڵام بەدڵنیاییەوە نابێتە مایەی لەباربردنی پرۆژەی سەربەخۆیی ‌و كوردستانیش لە شەڕ ‌و گێچەڵ دور دەخاتەوە.

كێشەی كوردی عیراق زۆر لە كێشەی فەلەستینییەكان دەچێ، فەلەستینییەكان ناتوانن بەبێ یەكلاكردنەوەی كێشەی سنور ‌و چارەسەركردنی كێشە هەڵپەسێردراوەكان ‌و بەبێ قودس دەوڵەت رابگەیەنن. راگەیاندنی یەكلایەنەی دەوڵەت مافی داواكردنەوەی قودسی رۆژهەڵاتیان لێ دەسەنێتەوە ‌و هیچ دەرفەتێكیان بۆ دەستكاریكردنی دەستور بۆ ناهێڵێتەوە، چونكە بەو سنورەوە جیا دەبنەوە كە ئێستا هەیانە. هەر بەهۆی ئەمەشەوە دانیان بەخۆیاندا گرتووە ‌و خوازیارن بە ڕێوشوێنی دیپلۆماسییانە ئامانجەكانیان بەدی بێنن.

كەركوك پایتەختی ئابوریی كوردستانە، نابێ ئەو پایتەختە ئابوورییە بە فیرۆ بدرێ. تیۆریی گێڕانەوەی كەركوك پاش جیابوونەوە لە ئەفسانە بەولاوە نیە. بەدەستهێنانی سەربەخۆیی ئەركێكی پیرۆزە. لەوەش پیرۆزتر ئەوەیە دەوڵەتی ئایندەمان كەركوك‌ و ناوچە جێناكۆكەكانی تریش بگرێتەوە، دەمانەوێ راپرسی بۆ سەربەخۆیی بێ، نەك بۆ لە دەستدانی كەركوك.


PM:09:05:27/03/2017

ئه‌م بابه‌ته 2445 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی