ئاماژەكانی پشت لێدوانەكانی لوفیگارۆ

‌فه‌رید ئه‌سه‌سه‌رد

چاوپێكەوتنەكەی ئەم دواییەی بارزانی كە لەرۆژنامەی "لوفیگارۆ"ی فەرەنسی بڵاو كراوەتەوە، روخسارە گشتییەكانی جۆری بیركردنەوەی بەشێكی دەستەبژێری سیاسیی كورد دەربارەی مەسەلەی ریفراندۆم روون دەكاتەوە.
هەموو چاوپێكەوتنەكە لەدوو خاڵی سەرەكی پێكدێ‌، یەكێكیان ئەوەیە كەهەرێم بۆ ئەنجامدانی ریفراندۆم "پێویستی بەمۆڵەت وەرگرتن لەكەس نییە". لێرەدا مەبەست لەكەسەكە بەغدایە.
دووەمیشیان ئەوەیە كەریفراندۆم بۆ "راگەیاندنی" سەربەخۆیی نییە، بەڵكو بۆ دەستپێكردنی وتووێژە لەگەڵ بەغدا. ئەمەش لەوەدا دەردەكەوێ‌ كە لەچاوپێكەوتنەكەدا وتراوە" ئێمە پێویستمان بەوەیە گەل (لەڕێگای ریفراندۆمەوە) دەسەڵاتی ئەوەمان بداتێ‌ دەست بەوتووێژێكی دوورو درێژ لەگەڵ بەغدادا بكەین "بەمەبەستی جیابونەوە" بەشێوەیەكی ئاشتیانە و لەڕێی دایەلۆگ ‌و وتووێژەوەوە".

هاوكات لەگەڵ ئەم لێدوانەدا، لێپرسراوی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی هەرێم لەڕەوتی وەڵامدانەوەی لێدوانێكی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران كە هەڵوێستی دژ بەڕیفراندۆمی دەربڕی بوو، مەسەلەی ریفراندۆمی وەك "مەسەلەیەكی ناوخۆی عێراق" ناسی ‌و "دایەلۆگ ‌و لێكتێگەیشتن" ی كردە میكانیزمی وتووێژ.

ناڕۆشنییەك لەمەسەكەدا هەیە. لەلایەك مەسەلەكە وەك مەسەلەیەكی "ناوخۆیی" دەخرێتە بەرچاو و لەلایەكی ترەوە باس لەوە دەكرێ‌ كەریفراندۆم پێویستی بەوەرگرتنی مۆڵەت نییە، لەكاتێكدا تا ئەو كاتەی كوردستان لەعێراق جیا دەبێتەوە هەموو مەسەلەیەك لەچوارچێوەی عێراقدا ناوخۆییە، بە مەسەلەی رێككەوتنی پێشوەخت ‌و ریفراندۆمیشەوە.

ئەم نمایشە لەڕوی یاساییەوە دەروازەیەكی ترسناك دەكاتەوە، چونكە ئەگەر ریفراندۆم بۆ جیابونەوەی كوردستان لەعێراق پێویستی بەڕێككەوتنێكی دۆستانە لەگەڵ بەغدا نەبێ‌، بەهەمان پێودانگ جیابونەوەی زاخۆش لەپارێزگای دهۆك ‌و جیابونەوەی پارێزگای هەڵەبجەش لەهەرێمی كوردستان پێویستی بەڕێككەوتن ‌و مۆڵەت نابێ‌.

خاڵێكی دیكە كەلێدوانەكانی "لوفیگارۆ" دەری دەخەن ئەوەیە، كەمیكانیزمی پەیڕەوكراو لەریفراندۆمەكە بەو جۆرەیە كە لەسەرەتادا ریفراندۆم ئەنجام بدرێ‌ ‌و پاشان دەست بەوتووێژ بكرێ‌ لەگەڵ بەغدا، لەكاتێكدا ئەگەر لۆجیك بكەین بە بنەما، دەبێ‌ هەنگاوی یەكەم بەوتووێژ دەست پێ‌ بكاو رێككەوتن لەم بارەیەوە بكرێ‌ ‌و پاشان ریفراندۆم ئەنجام بدرێ‌.

دیارە ئەم میتۆدی بیركردنەوەیە لەوەوە هاتووە كەریفراندۆم وەك كارتی گوشار بەكار بهێنرێ‌، ئامانجەكەش بەهێزكردنی پێگەی دانوستانكارە كوردەكانە لەكاتی وتووێژ لەگەڵ بەغدادا. لەڕاستیدا مەسەلەكە رێك پێچەوانەی ئەمەیە، چونكە ئەنجامدانی ریفراندۆم بەبێ‌ رێككەوتنی پێشوەخت، خۆی لەخۆیدا سوتاندنی كارتی ریفراندۆمە. بۆیە كاتێك دانوستانكارە كوردەكان بۆ وتووێژ دەچن بۆ بەغدا، هیچ كارتێكی گوشاریان بەدەستەوە نابێ‌. ریفراندۆم بەبێ‌ رێككەوتنی دۆستانە لەگەڵ بەغدا، بۆ ماوەی چەند ساڵێك هەرێم بەهەڵپەسێردراوی دەهێڵێتەوە، بۆیە كوردستان لەو ماوەیەدا نە دەتوانی سەربەخۆیی رابگەیەنێ‌ ‌و نە دەشتوانێ‌ درێژە بە پەیوەندییەكانی بدا لەگەڵ بەغدادا.

ریفراندۆم بەبێ‌ رێككەوتنی دۆستانە لەگەڵ بەغدا، دوو كارتی بەهێز بە بەغدا دەبەخشێ‌. یەكێكیان رەتكردنەوەی ریفراندۆم ‌و دان نەنانە بە ئەنجامەكەیدا، كەئەمە خۆی لەخۆیدا ئەگەر پرۆسەكەش پەك نەخات، دەیشڵەژێنێ‌ ‌و لەسەر ئاستی جیهان پرۆسەكە وەك كارێكی نایاسایی ‌و نادەستوری دەناسێنێ‌. دووەمیان، ئەگەر بەغدا دژی ریفراندۆمەكە بوەستێتەوە، بەدڵنیاییەوە لەدوای ریفراندۆم هیچ پرۆسەیەكی وتووێژ لەم بارەیەوە دەست پێ‌ ناكا.

لێدوانەكانی "لوفیگارۆ" وەڵامی ئەو پرسیارە نادەنەوە كەكورد پاش ریفراندۆم دەیەوێ‌ لەسەر چی وتووێژ لەگەڵ بەغدادا بكا. گرنگترین خاڵ لێرەدا ئەوەیە كەپاش ریفراندۆم، بەغدا ناچار نییە وتووێژ لەگەڵ كوردستان دا بكا، لەكاتێكدا ئەو وتووێژە بۆ كورد زۆر گرنگە، چونكە بابەتی سەرەكیی وتووێژەكە ناوچە جێناكۆكەكانە. زۆر ئەستەمە، بەغدا پاش ریفراندۆم دەست لەو ناوچانە هەڵگرێ‌ ‌و ئەگەر بەشەڕیش بێت، هەر دەستیان بەسەردا دەگرێ‌. لێرەدا تیۆرییەكانی "مافی مێژوویی" ‌و راستییە جوگرافییەكان ‌و دیكۆمێنتەكانی سەرژمێری ١٩٥٧‌و ماددەی ١٤٠ هیچ بایەخێكیان نامێنێ‌.

سەپاندنی دیفاكتۆی ریفراندۆم یارییەكی مەترسیدارە و كەس ناتوانێ‌ پێشبینیی سنوری ئەنجامە خراپەكانی دیاری بكات. زۆر ئەستەمە ریفراندۆم بەبێ‌ رێككەوتنی دۆستانە دوو دراوسێی دۆست بەرهەم بێنێ‌ بەڵكو دوو دراوسێی داخ لەدڵ ‌و رق لەیەكتری هەڵگرتوو و لەیەكتر بەگومان بۆ دەیان ساڵ دێنێتە دی.


PM:12:37:25/05/2017

ئه‌م بابه‌ته 1173 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی