فیدرالیزمی كوردی سوریا لە نێوان پشتگیری و دژایەتیدا ‌

‌فه‌رید ئه‌سه‌سه‌رد


هێشتا چارەنوسی فیدرالیزمە راگەیەنراوەكەی كوردی سوریا یەكلا نەبۆتەوە بەڵام راگەیاندنەكە خۆی لە خۆیدا هەنگاوێكی مێژوییە كە هیچ جیاوازیی لە ڕاگەیاندنی كۆماری ساڵی 1946ی مەهاباد و راگەیاندنی ساڵی 1992 ی فیدرالیزمی هەرێمی كوردستان نیە. لە هەردوو مۆدێلی پێشتردا چارەنوسی هەنگاوەكە یەكلا نەكرابۆوە.

 لە مەهاباد ئەزمونەكە شكستی هێنا بەڵام لە كوردستانی باشور ئەزمونەكە سەركەوتنی بەدەست هێنا. ئەستەمە لە ئێستاوە چارەنوسی ئەزمونەكەی كوردی سوریا دیاری بكرێ بەڵام بە دڵنیاییەوە ئەوەی كە گومانی تێدا نیە ئەوەیە كە ئەم ئەزمونە شایستەی رێز لێ گرتنە و دەبێ بە هەموو تواناوە پشتگیریی لێ بكرێ. هەنگاوەكەی كوردی سوریا جیاوازە لە هەنگاوەكەی كوردی عیراق. هەنگاوەكەی كوردی سوریا هەم رژێم هەم ئۆپۆزیسیۆن رەتی دەكەنەوە، لە كاتێكدا هەنگاوەكەی كوردی عیراق بە هەماهەنگی بوو لەگەڵ ئۆپۆزیسیۆن، بەڵام هەنگاوەكەی كوردی سوریا لەلایەن زلهێزێكی وەك روسیاوە پشتیوانیی لێ دەكرێ و ئەمریكاش دژی نیە.

بە كردەوەش، فیدرالیزم بۆ سوریا زۆر پێویستە چونكە بەهۆی شەڕەوە دیوارێكی بەرز لەنێوان گەورەترین دوو گروپی وڵات كە سوننە و عەلەوییەكانن دروست بووە و فیدرالیزم ئەو درەفەتە بۆ هەردوكیان پێكدێنێ كە بتوانن، بەبێ دەستوەردان لە كاروباری یەكتر، ناوچەكانی خۆیان بەرێوە بەرن و هەردووكیشیان سەر بە پایتەختێكی هاوبەش بن.

لە هەرێمی كوردستانیش دیدی جیاواز دەربارەی راگەیاندنی فیدرالیزمەكەی كوردی سوریا هەیە. كاردانەوەكان خۆیان لە دوو رەوتدا دەبیننەوە كە یەكێكیان لەگەڵ فیدرالیزمەكە دایە و ئەمە زۆرینەكەیە و ئەوی تر دژی فیدرالیزمەكەیە. لە هەرێمی كوردستان دژایەتی كردنی پەیدابونی هەرێمێكی فیدرال لە ناوچە كوردنشینەكانی سوریا زۆرتر بۆ دوو هۆ دەگەڕێتەوە. یەكێكیان پابەندبونی گروپە ئانتی فیدرالیستەكانە بە سیاسەتی فەرمیی پەیڕەوكراوی توركیا كە دژی ئەوەیە كوردی سوریا مافە رۆشنبیری و سیاسییەكانیان چنگ كەوێ و هۆكەی تر پەیوەندیی بە ئەجیندای هەندێ گروپەوە هەیە كە دژی پەیدابونی هێزی هەڵكشاوە لە ناو كوردی سوریادا . سیاسەتی دژایەتی كردنی فیدرالیزمەكەی كوردی سوریا لە چەند دیمەنێكدا دەردەكەوێ وەك رێ نەدان بە كردنەوەی نوێنەرایەتییەكی فەرمی بۆ پەیەدە لە هەولێر و رێگرتن لە چوونی پارێزگاری سلێمانی بۆ رۆژئاوا بۆ بەشداری كردن لە ئاهەنگەكانی ساڵرۆژی دەستپێكردنی شۆڕش.

بەپێی تاكتیكی پەیڕەوكراو، پەیەدە نەك فیدرالیزمە راگەیەندراوەكە كراوەتە ئامانجی هێرشەكان.ئەمەش رونتر لە لێدوانەكانی نوێنەری رەوتە دژی فیدرالیستەكە لە سایتی مۆنیتۆر دەردەكەوێ كە تێیدا وا نیشان دراوە كە پەیەدە «پابەندی دیموكراسی نیە» و پشتگیریی ئەمریكا لە پەیەدە به‌ كارێكی خراپەداده‌نرێت، چونكە هەر «پشتیوانی كردنێكی ئەمریكا لە پەیەدە، پشتیوانی كردنە لە پەكەكە»ئەم بۆچونانەش هەمان ئەو بۆچونانەن كە دەمێكە لە ئەنكەرە دەبیسترێن.

كەس ناتوانێ گەرەنتیی ئەوە بكات كە سیناریۆی راگەیاندنی فیدرالیزم لە هەرێمی كوردستان كتومت و دەقاودەق دەشێ لە ناوچە كوردنیشنەكانی سوریا دوبارە ببێتەوە.ئەگەر كوردەكانی سوریا توانییان بە پشتیوانیی هێزێكی وەك روسیا، فیدرالیزم یان مۆدێلێكی نزیك لە فیدرالیزم، بۆ سوریا دابین بكەن، دەشێ پەیەدە بە ئەندازیاری فیدرالیزمی سوریا بژمێردرێ. ئەمەش خۆی لە خۆیدا سەروەرییەكی گەورەیە لەبەرامبەردا، لەوە بێماناتر نیە كه‌ فیدرالیزمە راگەیەنراوەكەی كوردی سوریا، لەلایەن هەندێ گروپی هەرێمی كوردستانەوە بە سارد و سڕی تەماشا بكرێ.


AM:08:47:29/03/2016

ئه‌م بابه‌ته 2878 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی