‌ هەڵەبجە لەبەغداد ‌
PM:01:48:20/03/2017
د.بەختیار شاوەیس

هەفتەیەك بەر لە یادی 29 ساڵەی كیمیابارانی هەڵەبجە ، لەسەر داوای پارێزگار و كۆمەڵێك رێكخراوی كۆمەڵی مەدەنی ئێمەی نوێنەرانی فراكسیۆنە كوردستانیەكان سەردانی پارێزگای هەڵەبجەمانكرد، كە هۆكاری بنەرەتی دانیشتنەكە پەیوەندی بەمەسەلەی پرسی چالاككردنی پارێزگای هەڵەبجەوە هەبوە و دەیانویست بەشێوەیەكی عەمەلی و لەئاستی ئیداری و دارایی و یاسایی وەك هەر پارێزگایەكی دیكە مامەڵەی لەگەڵ بكرێت.

بەرلەوەی كە قسەلەسەر ئاستی حكومەتی ناوەندی بكەین ، پێویستە ئاماژە بەوە بكەین كە بەشێك لەكەموكورییەكان پەیوەندیان بەناوخۆی هەرێمەوە هەیە و لەیادی ئەمساڵی كارەساتەكەدا تازە بەتازە حكومەتی هەرێمی كوردستان بریاری داوە كە دارایی پارێزگاكە لە پارێزگای سلێمانی جیابكرێتەوە و وەزارەتی ناوخۆش راسپێرراوە كە ناوی كاندیداكانی ئەنجومەنی پارێزگا بەرزبكاتەوە كەبەهۆی ناكۆكی سیاسیەوە بۆماوەی سێ‌ ساڵ دواكەوتوە و داواش كراوە كە وەزیری ناوخۆی هەرێم پەیوەندی بكات بە وەزارەتی ناوخۆی فیدراڵەوە  بۆ ئەوەی كە هەڵەبجەش (ناسنامەی باری شارستانی ، رەگەزنامە ، كارتی نیشتمانی، فۆرمی خۆراك ، تابلۆی ئۆتۆمبێل) ی تایبەت بەخۆی هەبێت. كەهەموو ئەمانە بەلایەنی كەمەوە دەبوایە هەرلەدوای دەرچوونی مەرسومی سەرۆكایەتی جێبەجێبكرانایە.
لەپەیوەندیدا بە بەغداد بەگشتی و حكومەتی ناوەند بەتایبەتی هەنگاوەكانی ئاوردانەوە لە هەڵەبجە كرچ و لاوازن مەسەلەی بەپارێزگابوون و دانپێدانانی وەك نۆزدەهەمین پارێزگای عیراق و هەروەها مەسەله‌ی ناساندنی وەك جینۆساید هێندە شەرمنانەو بەژێرلێوەوە باس دەكرێت شوێنی ئاماژە بۆ كردن نیە. ئەگەر نا بۆماوەی سێ‌ ساڵە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق دەنگ لە دیاریكردنی برێك لە پارە دەدا كە برەكەی هێندە كەمە شەرمە باس بكرێت بەمەبەستی ئاوەدانكردنەوە بەڵام حكومەتی عەبادی بەبیانوی هەبوونی كێشە لەگەڵ هەرێم و پاساوی جیاجیا سەرفی ناكات. هەروەك لەرووی جینۆسایدەوە پرسیاری جەوهەری ئەوەیە ئایا ئەم پرسەش چی خزمەتێكی بەم شارە كردوە و كام خەمی كەمكردوەتەوە و كامە برینی سەر جەستەی بریندارێكی پاشماوەی كیمیابارانەكەی سارێژ كردوەتەوە؟

لەرەهەندێكی دیكەوە حاڵی حازرحكومەتی عیراق پەیوەندیەكی توندو تۆڵ و دۆستانەی لەگەڵ جمهوری ئیسلامی ئیراندا هەیە و دەتوانێت هەنگاوی جدی و كرداری بنێت بەمەبەستی دۆزینەوە و گەرانەوەی ئەو منداڵە ونبووانەی كە ژمارەیەكی زۆرن و لەداوی تراژیدیاكە پەناهەندە و سەرگەردانی شارەجیاوازەكانی ئیران بوون و بەئێستاشەوە ئاواتەخوازن بگەرێنەوە باوەشی كەسوكاریان و بەشێك لەكەسوكاری ئەمانەش بەم ئاواتەوە سەریانناوەتەوە. هەروەك لە گۆشەیەكی دیكەوە و لەپەیوەندیدا بەمەسەلەی جینۆسایدناساندنی كەیسی هەڵەبجە بەداخەوە حكومەتی عیراقی بەرپرسیاریەتە مرۆڤایەتی و ئەخلاقی و كۆمەڵایەتیەكانی وەك پێوست جێبەجێنەكردوە، بەوەی كە تا ئێستا هەوڵی نەداوە كێشەی وەرگرتنی وەك ئەندام لەدادگای دادی نێودەوڵەتی چارەسەربكات بۆ ئەوەی هەموو ئەو كارەساتە مێژوویانەی لەبابەتی كیمیابارانی هەڵەبجە و ئەنفال و وشككردنی هۆرەكانی باشوور و ناوەراست كە هەموو ئەمانە بەهاوكاری و یارمەتی لایەنی دەرەكی كراوە ، جوغزێكی نێودەوڵەتی وەربگرێت و دەوڵەتانی دنیای دەرەوە ناچار بكات بەقەرەبووكردنەوەی عیراقیەكان.

سەرەرای خاڵەكانی سەرەوە ، حكومەتی بەغداد هێندە كەمتەرخەمە بەرامبەر هەڵەبجە نەیتوانیوە لەرێگەی سەفارەت و پەیوەندیە دیپلۆماسیەكان كە بەشێكی زۆر لە دەوڵەتانی دونیا بارەگایان لە پایتەختی عیراق هەیە، گوشار بخاتە سەر ئەو كۆمپانیا و بسنزمان و كەسانەی كە دەستیان هەبوە لە فرۆشتن و ناردنی چەكی كیمیایی بە رژێمی بەعسی فاشی و راپێچی دادگا و دادپەروەریان بكات و بەها و سەنگ بۆ هاوڵاتیانی وڵاتەكەی بگەرێنێتەوە.
هەموو راستیەكانی سەرەوە لەكاتێكدایە كە دەتوانم بڵێم زۆرینەی هێزە سیاسیەكان و پێكهاتە كۆمەڵایەتیەكانی عیراق بە جیاوازی ئیتنی و قەومی و مەزهەبی و ئاینی و ئایدیایانەوە لەسەر مەزڵومیەتی هەڵەبجە و سیمبولی زۆرداری صەدام و علی كیمیایی كۆكن و ئەم كارەساتەش بە هەوێنی رووخانی رژێمەكە دەزانن، بەڵام كە دێتە سەر خزمەتی مەیدانی كەمتەرخەم و پەرتەوازەن. هەربۆیە ئەگەر لەساڵی ئایندە بەشێك لە راستیەكانی سەرەوە لەلایەن دەسەڵاتدارانی بەغداوە كاری بۆ بكرێت باشترین خزمەتی هەڵەبجەیەو لەدوای بیست و نۆ ساڵ لە كارەساتەكە فرمێسكی تیمساحی دادی هەڵەبجە نادات.

ئه‌م بابه‌ته 813 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌


Copyright 2017. westganews.com. All Rights Reserved.