ئەی ڕەقیب لە بەغداد

‌ د.بەختیار شاوەیس

هەفتەی ڕابردوو ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، هەفتەیەكی چڕی ململانێی سیاسیی و گفتوگۆی توندی فراكسیۆنەكان تا دەگاتە بەیەكدادانی نێوان ئێمەی نوێنەرانی كورد و بەشێك لە عەرەبەكانی دەوڵەتی یاسا بەرێوەچوو، هەربەمەشەوە نەوەستا بەڵكو دواجار پەلیكێشا بۆ وتنەوەی سروودی ئەی ڕەقیب لەناو پەرلەمان (كەهاوكاتی یادی ٢٨ ساڵەی ئەنفال بوو) لەلایەن تێكرای ئەندامانی كورد كە ئەمە بۆیەكەمجار بوو لە مێژوودا بە بەرچاوی دەیان كەناڵی عەرەبی و بیانی كە ڕاستەوخۆ پەخشیان دەكرد هاواركرا بە گوێیی ڕەقیبەكانی ئێمە كەسەرەرای تاوانی ئەنفال و كیمیاباران و سوتماككردنی خاك و ئاوی كوردستان، ئەوا لە پایتەختەوە دەڵێین ماوە قەومەكەی كورد زوبان، وەبزانن كە ناشكێنێ‌ دانەری تۆپی زەمان.

جگە لە مەسەلەی ئەی ڕەقیب كە لە ڕووی مەعنەویەوە مەغزایەكی گرنگی هەبوو، هەروەها لەسەروبەندی ڕشتنی فرمێسكەكانمان بۆ كەسوكاری ئەنفالكراوانمان، بەشێوەیەكی كردارەكی پەیامێكی ڕوونمان ئاراستەی شۆڤینیەكانی ناو هۆڵی پەرلەمان كرد كە ئەو مێژووە گوزەشت كە دەسەڵاتدارانی پایتەخت بریاری جینۆسایدی ئێمە بدەن، بەڵكو قسەكردن بە شەهید و ڕەمزەكانی ئێمە مایەی قبوڵكردن نییە و پێویستە ئەم حەقیقەتە لەمێشكتان دابنێن.

جموجوڵەكانی ئەم هەفتەیەی ئەندامانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عیراق، هەر بەتەنها لەناو هۆڵی پەرلەمان قەتیس نەبوو، بەڵكو سەرەتاكەی بەكۆكردنەوەی ئەو ئیمزایانە دەستیپێكرد كە لەناو كافتریای پەرلەمانەوە ١٧١ ئەندام ئامادەیانكرد و بەسێ‌ رۆژی مانگرتن و مانەوە و نوستن لە ناو هۆڵەكە توانیان پەرلەمان دابەشی دووان بكەن، كە یەكێكیان لەگەڵ دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان و ئەوتریان لەگەڵ مانگرتوەكاندان.

تانووسینی ئەم بابەتە كە بەرلەكۆبوونەوەی ڕۆژی شەمەیە و پێویستە كۆبوونەوەی پەرلەمانی تیابكرێت، دیارە هەردوو كۆمەڵ یان ڕاستتر هەردوو پەرلەمانەكەی عیراق خۆیان بە یاسایی و خاوەنی شەرعیەتی دەستووری دەزانن و ئەمدابەشبوونەش پەلیكێشاوە بۆ شەقام و كەناڵەكانی ڕاگەیاندن و پێدەچێت دادگای ئیتیحادی ئەم ململانێیە ساغبكاتەوە، ئەگەر دابەشبوونی جەماوەری و خۆپشاندان و مانگرتنی پێچەوانەی لێنەكەوێتەوە.

بەرەی مانگرتوو تێكەڵەیەكە لە ئەندامەجیاجیاكانی كوتلەكان و بەشێوەیەكی سەرەكی سەدریەكان و بەشەكەی مالكی لە دەوڵەتی قانون و عەلاویەكان پێكی دەهێنن، ئەوەی كەدەمێنێتەوە بۆ بەرەكەی دیكەیە، بەڵام خاڵی ناكۆك لەنێوان هەردوولادا لە ڕێژەی یاسایی بەشداربووانی دانیشتنەكە خۆی دەبینێتەوە، بەوەی كە سلیم جبوری دەڵێت ١٣١ ئەندامن نەك ١٧٤.

لە دەرەوەی ئەم چەلەحانێوە كە لەكاتی بڵاوكردنەوەی ئەم بابەتە ڕەنگە سەرەداوەكانی دەركەوتبێت، بەوەی كە پەرلەمانەكەی جەنابی یان پەرلەمانەكەی جبووری یاساین، هەندێك خاڵی گرنگ هەیە كە لەسەریان دەوەستین:

• بەدەر لە ڕەهەندە یاساییەكەی و مەغزا سیاسی و شەخسیەكانیان كەهەندێكیان لەپشتی ئەمەوە دەجوڵێن، هەنگاوەكەی گروپی عەدنان جەنابی مەدەنیە و سەرەتایەكی نوێیە بۆ بە لەململانێی كاری پەرلەمانی، هەروەها بەهێزكردنی ڕۆڵی پەرلەمانتار و پێگەكەیەتی لەناو دامەزراوەكانی دەوڵەتدا كەسیستەمەكەی پەرلەمانیە، بەو پێیەی كە لەماوەی ڕابردوودا بەهۆی هەندێك لە بریارە نادەستووری و تاكرەویەكانی حیدر عەبادی پەرلەمان و ئەندامەكانی لەدۆخێكی پەراوێزخراودا بوون. كەئەمەش:

• لەناوەڕۆكدا سەرەنجامی كەڵەكەبوونی كێشەكانی ڕابردووە لە ئەنجامنەدانی چاكسازی بنەرەتی و لاوازی سەرۆك وەزیران لەبریاردان و گۆرینی كابینەكەی بەتایبەتی لەهاتنەكەی ڕۆژی سێشەمەیدا بۆ پەرلەمان كە بەبێ‌ ئەنجامێكی قانعكەر گەرایەوە، هەربۆیە ئەوەی لەپەرلەمان روویدا دەبوایە سەرەتا لە ئەنجومەنی وەزیرانەوە دەستیپێبكردایە.

سەرەرای ڕاستیەكانی سەرەوە، ماوەتەوە فشۆڵی و لەرزۆكی بەهۆی بوونی جیاوازی سەرەكی لە بەرەی مانگرتووەكان هەڵدەینەوە بەوەی كە ئەبێ‌ چۆن هاوكێشەیەكی شیكاركراو بێت كاتێك نوری مالكی و موقتەدا سەدر كۆلكەكانی پێكبهێنێت، لەكاتێكدا مێژوویەكی خوێناوی لەنێوانیان هەیە.؟ دەبێت چۆن بەرەیەكی چاكسازی بێت كاتێك هەردوو مالكی و عەلاوی سەرەكانی بێت، لەكاتێكدا ماوەی ٨ ساڵ ئەم دوانە لەكێشمەكێشی توندی سیاسی و ئیداری و تائیفیدا بوون و تا دوا كات نوری مالكی نەیهێشت ئەو ئەنجوومەنە باڵایەی سیاسەتی ستراتیژی دروست بێت كە بریار بوو بدرێت بە عەلاوی.

لەم نێوەندەدا ئەی ڕەقیب لەپەرلەمان وترا، پێشتریش هەڵەبجە بەخۆیی و عومەری خاوەرەوە وەك شاعیری گەورە شێركۆ بێكەس فەرمووی دەروات بۆ بەغداد ، بەڵام هەموو ئەمانە نەبوونەتە فاكتەری سەقامگیری دەوڵەتەكە و هەستكردنی ئارامی كورد و نوێنەرەكانی لەناوچەی سەوز هەربۆیە لەم سات و رووداوانەدا تاكە شتێك كە دێتەوە خەیاڵدانی مرۆڤەوە بیرۆكەكەی بایدنەو با چاوەرێی بکەین.


PM:05:36:18/04/2016

ئه‌م بابه‌ته 4091 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی