قەلەقی لەسەر ئایندەی گۆڕان

‌کەمال رەئوف

هەموومان دەزانین لەسەرەتایی دروستبونیدا بزووتنەوەی گۆڕان چ تەحەدایەكی گەورەی سیاسی و كۆمەڵایەتی بەرهەمهێنا بۆ ئەوەی گۆڕانگاری قوڵ دروست بكات.

گۆڕان تەنها بزاڤیكی سیاسی مجەرەد نەبوو، بەڵكۆ بزاڤیكی كۆمەڵایەتی نەوعیش بوو بۆ شكاندنی ئەو چوارچێوە باوەیی دنیایی سیاسەت و كۆمەڵایەتی كەزیاتر لەنیو سەدەی رابردوو جێكەوتەبوو، بۆیە دڵنیام ئەگەر مێژووی بزاڤی هاوچەخی كورد بە ئەمانەتەوە بنوسرێتەوە، ئەوا گۆڕان بەشێكی گەورە لەوشانازییەی بەرئەكەوێت.

ڕەنگە ئەوەنە بەس بێت بۆ دیاریكردنی پێگەی سیاسی و كۆمەڵایەتی بزووتنەوەی گۆڕان تا ئەوكاتەی نەوشیروان مستەفا ڕابەرایەتی ئەكرد. بەڵام ئەوەی لەئێستادا گرنگە باس بكرێت و چاودێری بكرێت، تەنها رابردوەكەی نییە بەڵكو ئایندەكەیەتی، چونكە دواجار گەر هەڵسەنگاند بۆسەركەوتن و دەرئەنجام بكرێت، ئەوە چاوخستنە سەر ئەو هەنگاوانەیە كە دەیگەیەنێتە نەتیجەیەك كەشایستە و هاوسەنگ بێت لەگەڵ خواست و دروشمەكانیدا.

قۆناغی دوایی نەوشیروان مستەفا لە گۆڕان ئەشێت دوو جۆربێت، جۆریك درێژە پێدەری ئەو پەیام و بەڵێنانە بێت كە بووەتە ناسنامەی گۆڕان و بزووتنەوەكەی پێدەناسرێتەوە، بەپێچەوانەی بۆچوونی ئەوانەی لایان وابوو دوایی نەوشیروان مستەفا، گۆڕان حاڵی لەیەكێتی باشتر نابێت، واتە تەجاوزكردنی ئەم قۆناغە بۆ گۆڕان ئاسانتر نییە لە قۆناغی سەرەتای دورستكردنی بزووتنەوەكە، بۆیە دواجار لەمێژووی خۆیدا گۆڕان دەبێتە خاوەن دوو مێژوو، یەكێكیان ئەوی حزوری نەوشیروان مستەفای تیابوو كە سەرباری هەر سەرنج و تێبینیەك، بەڵام بەسەركەوتوانە بەكۆلانە تەسكەكانی ململانێیەتی و دەستبەرداربوون لە ئیمتیازی حزبی و شەخسی گوزەری كرد و جوانییەكی بۆ گۆڕان و گۆڕانخوازەكان تۆماركرد، لەگەڵ ئەم قۆناغە تازەیەی ئێستا كەئەركی گەورەی تێپەراندنی دەكەوێتە سەر شانی سێ‌ گروپ، یەكەم، كور و خزمەكانی، دووەم، برادەرەكانی، سێهەم، گۆڕان بەگشتی.

ئێستا چاوەكان لەسەر ئەوەیە، تابزانرێت كەسەنزیكەكانی نەوشیروان مستەفا، ئەوانەی لەگۆڕان خاوەن بڕیار و قسەن، تاچەندە وەفادارن بەدروشم و پەیامەكانی.

لەم ساتانەدا ئەركی گۆڕان لەجاران سەخترە، چونكە جاران قورس و سەخت بوو بەدەر لە چوارچێوە باوەكە جوڵەی سیاسی بەرهەمدار بكرێت، ئاواش بۆئێستا قورسە، بەڵام موستەحیلیش نییە گۆڕان بیسەلمێنێت كە خاوەنی دامەزراوەیە و غیابی كاك نەوشیروان پرۆژەكانی پێشووی یەكسان ناكاتەوە بە حزبی بنەماڵە و هەڵوەرین و تەكەتولبازی و بەرژەوەندی خوازی شەخسی.

گۆڕان بیەوێت یان نا، تازە بووتە واجیهەی ریفۆرم و سەری گۆڕانكاری لەكۆمەڵگە، بۆیە هەق نییە والێكبدرێتەوە گۆڕان بەتەنها هەر هی ئەوانە بێت كە كەسی نزیكی كاك نەوشیروان و ئەوانەشی كە خۆیان بەگۆڕان دەزانن، بەڵكۆ گۆڕان هی هەموو ئەوانەیە خەون بەگۆڕانكارییەوە دەبینن و چاویان لەسەر ئەوەیە گۆڕان بەهەنگاوەكانی رێگاكە ببرێت و بپەرێتەوە كەناری ئارامی، ئاخر خۆناكرێت هەنسك و هاوار و گریانی ئەو جەماوەرە وەك خۆی نەبینرێت و لێكدانەوەی قۆڵی بۆنەكرێت، بۆیە دەبێت گۆڕانەكان تێگەیشتنی قوڵیان هەبێت بۆ ئەو قەلەقی و دڵەراوكێییەی لەسەر هەنگاوەكانی ئایندەی كەسەنزیكەكانی نەوشیروان مستەفا هەیانە، چونكە هەر ئەو دنیابینییە جیاوازەشە دەبێتە گرەنتی فراوانبوونەوە و بەردەوامی و سەركەوتنی بزووتنەوەی گۆڕان.


PM:02:46:24/06/2017

ئه‌م بابه‌ته 5644 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی