شەفافیەت و هاوسەنگی: چەمک و پێشمەرج

‌عەبدولسلام بەرواری

چەمکی (هاوسەنگی)، وەک (دادپەروەری) و (یەکسانی)، چەمکیکی ڕێژەییە، نەک ڕەها (مطلق)، و ئەگەر دوو کەس نەتوانن لەسەر ئەم سێ بابەتە ڕێکبکەون، لەبەر ئەوەیە چونکە زۆرجار بە ڕەهایی بەکاردەهێنرێن، و ئەمەش سەرەتای هەڵە و لەیەک تێنەگەیشتنە. هەر ئەم ڕاستەیش کێشەی برادەرانی یەکێتییە کاتێک باسی (هاوسەنگی) دەکەن لەناو بابەتی گەیشتن بە ڕێککەوتن لەگەڵ پارتیدا.

ئاشکرایە کە (دادپەروەری) نیە هەموو قوتابیانی کلاسیک نمرەی یەکسان وەربگرن، چونکە پێوەری نمرەدان وەڵامدانەوەی پرسیارەکانە. بە هەمان لۆژیک، ناکرێت هاوکارێکی چالاک و زیرەک و خاوەن دەستپێشخەری بە هەمان چاو سەیر بکرێت وەک ئەو هاوکارانەی ئەرکەکانیان بە باشی ئەنجام نادەن، چونکە پێوەر ڕاپەراندنی باشی کارە.

یەکیتیش ئەگەر (هاوسەنک)ی دەوێ لە پارتی، پێویستە بۆمان ڕوون بکاتەوە بە چ پێوەر (هاوسەنگی)یان دەوێت: پێوەری ژمارەی دەنگەکان و کورسیەکان، لە لایەن ئەوان لە مێژووەوە ڕەتکراوەتەوە (بڕوانە لێدوانەکانی بەرپرسەکانیان پاش هەڵبژاردنەکانی ساڵی ٢٠١٣).

ئەگەر پێوەر مێژوو و دەستکەوت و پێگە بێت، ئەوا غەدر لە خۆیان دەکەن ئەگەر داوای (هاوسەنگی) بکەن لەگەڵ پارتێک هیچ نەبێت پێش دامەزراندنی یەکێتی بە (٢٩) ساڵ سەرکردایەتی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کوردی و گەورەترین شۆڕشی کردوە و چەندەها داستان و دەستکەوتی بەدەستهێناوە.

ئەگەر پێوەر ئەنجامی حکومرانی و بەڕێوەبردن و ئاوەدانکردنەوە و پیشکەوتنی ناوچەکانی ژیر دەسەڵات بێت، ئەوا پێم خۆش نیە لێرەدا و لەم کاتەی کۆبوونەوە و دانوستانەکاندا بەراوردی ئەنجامەکان بە پێی ئەم پێوەرە بکەم.

بەهەمان شێوە دەکرێت باسی پەیوەندی نێودەوڵەتی و سەنگ و پێگە و ... هتد بکەین.

لە کابینەی هەشتەمدا پارتی و یەکێتی بە هەمان ژمارە بەشداری ئەنجومەنی وەزیران و پۆستە باڵاکان بوون، هەر چەندە هیچ (هاوسەنگی)یەک لە ژمارەی دەنگەکان و کورسیەکانی پەرلەمانیان نەبوو، بەڵام پارتی بە گرنگی دەزانی و دەزانێت کە تەنها ڕێگا بۆ بەڕێوەبردنێکی سەرکەوتووی ئەم هەرێمە، پێکەوە کارکردنی پارتی و یەکێتی یە، و ئەم تێروانینە بەدرێژایی حکومرانی خۆماڵی یەوە پەیرەو کردووە.

ئێستاش و زیاتر لە هەر کات و قوناغێکدا، پێویستی بە پێکەوەکارکردنی پارتی و یەکێتی هەیە و پارتی باش لە باری تایبەتی ناوخۆی یەکیتی و دەڤەری سلێمانی تێدەگات، و وەک چەندجار بە کردار پێشانی داوە، ئامادەیە دەستبەرداری بەرژەوەندیەکانی خۆی ببێت، ئەگەر ئەمە لە بەرژەوەندی گشتی بێت. و کەس لە یەکێتی زیاتر ئەم راستیە نازانێت لەبەر ماوە درێژەی کارکردنیان پیکەوە.


من خۆم لەو کەسانەم کە بە دڵ و جانەوە خوازیاری پێکەوەکارکردنی پارتی و یەکێتیم و دڵنیام کە تەنیا نیم لەناو ئەندام و کادیر و بەرپرسانی پارتی، بەڵام داخوازین یەکێتیش هاوکار بێت و (هاوسەنگی) نەکات بە کێشە یان پیشمەرج یان پێوەری گەیشتن بە رێککەوتن، چونکە، وەک لەسەرەوە ئاماژەم پێدا، ئەم چەمکە (مطلق) نیە، و لە کۆتاییدا بە سوودی خۆدی یەکێتی تەواو نابێت.


PM:01:27:22/02/2017

ئه‌م بابه‌ته 2433 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی