تەونی کۆمەڵایەتی و نەمانی چینی ناوەڕاست

‌سيروان رەشيد

ئەو ھەژاریەی ئێستا لە ھەرێمی کوردستاندا ھەیە، بەشێک نیە لە ھەژاریەکی سروشتی ڕاستەقینەی ناو ھەرێمێکی بێدەرامەت، بەڵکو ھەژارییەکە، بەرھەمی شێوازێکی حکومرانی زۆر نادادپەروەر و نابەرپرسیاری دابەشکردنی سەروەت و سامانی نیشتیمانی ھەرێمەکەمانە.

جۆرج  زیمێڵ، کۆمەڵناسی گەورەی ئەڵمانی لەپێناسەی ھەژاریدا، دەڵێ "ھەژاران ئەو کەس و گروپانەن کە سەرچاوەی مادی و پێویستیان لەبەر دەستدا نیە، بۆ بەشداریکردن و چێژ وەرگرتن لە خۆشگوزەرانی کۆمەڵگا".
ئەم تیۆریزەکردنەی زیمێڵ لە زۆرینەی کۆمەڵگاکان ڕاستی خۆی لەدەست نەداوە. بەتایبەت بۆ دۆخی کۆمەڵایەتی ئێستای خەڵکی ھەرێمی کوردستان، ئەوەش لە سایەی حکومەتێکی شکستخوارد و  بێباک بەژیانی ھاوڵاتیەکانی.‌
ئێستا دەرەنجامەکە؛ جیاوازی چینایەتی نێوان زۆرینەیەکی ھەژار و کەمینەیەکی دەوڵەمەندی خستۆتەوە و چینی ناوەراستی بەرەو نەمان بردووە.

چینی ناوەڕاست بەو کەس و خێزانانە دەوترێ کە لەڕووی داھات و خاوەندارێتیەوە دەکەونە نێوانی ھەردوو چینی ھەژار و دەوڵەمەندەوە و، ئاستی داھاتی خێزانیان مامناوەندە. کە بەشێوەیەکی گشتی چینی ناوەڕاست خاوەن کار و بازرگانی و پیشە بچوکەکان و فەرمانبەری دەوڵەتن و باری ئابورییان خراپ نیە، بەڵام مەترسیە تۆقێنەرەکە ئەوەیە قەیرانی دروستکراوی دارایی ھەرێم ئێستا پاشەکشەیەکی زۆری بەپێگەی چینی ناوەڕاست کردووە و دایخزاندۆتە ناو چینی ھەژاریەوە!.

بۆیە ئێستا بەشێوەیەکی بەرچاو کۆمەڵگەی کوردستان دابەشبووە بۆ دووچینی سەرەکی، چینێکی ھەژار کە زۆرینە پێک دەھێنێ، لە بەرامبەر ژمارەیەکی کەمی چینی دەوڵەمەند، کە زۆرینەی ئەم چینەش بەستراونەتەوە بە گروپی دەسەڵاتداری ھەرێمەوە.
ئێستا بەھۆی قەیرانی داراییەوە چەندین کێشە بەرۆکی خەڵکی کوردستانی گرتووەو کاری کردووەتە سەر تەونی کۆمەڵایەتی و ھەڵوەشاندنەوەی کۆمەڵگە، کە بەڕادەی یەکەمیش پارتی دیموکراتی کوردستان لەو دۆخە بەرپرسیارە، چونکە دەستی گرتووە بەسەر سەرچاوەکانی داھاتدا.

 واقیعی ھەژاری ئێستای ھەرێم، ھەژاریەیەکی دروستکراوە، چونکە بەدرێژایی مێژووی باشوری کوردستان، بەقەدەر ئەو ١٤ ساڵەی پاش ڕووخانی ڕژێمەکەی سەدام پارەی خەیاڵی نەھاتۆتە کوردستانەوە، کە نزیک بۆتەوە لە ١٣٠ ملیار دۆلار!
چەند گروپێکی بچوکی دەسەڵاتدار و نزیک لە دەسەڵاتدار بێحیساب دەوڵەمەند بون، کە لەبەرامبەردا قەبارەی ئەو چینەی لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوو ئێستادا ھەژار دەبن، ھەزاران ئەوەندەی چینی دەوڵەمەندە!

لە چەند مانگ و ساڵی ٢٠١٦دا، چەند ھەواڵمان لەمیدیاکانەوە بیست کە دایک و باوک لەبەر نەبونی مناڵی خۆیان نەویست و لە نەخۆشخانەکاندا بەجێیان ھێشتن! کە ئەگەر ئینسانێک ھەژاری ناچاری کردبێت مناڵی خۆی نەوێت، ئاساییە نیشتیمان و نەتەوەی خۆی نەوێ و ئیدی سنورێک نامێنێتەوە تفێکی گەورە لە ھەموو ئەو شتانە بکات..

بەھۆی کێشەی ئابوری و ناکۆکیە سیاسیەکانەوە، ئاشتی کۆمەڵایەتی لە ئێستای کوردستاندا لە مەترسی تێکچون و شێواندندایە، کە یەکێک لەمەرجە گرنگەکانی بەرجەستەکردنی ئاسایشی نەتەوەیی، ئاشتی کۆمەڵایەتیە؛ کە ئەویش بریتیە لە ھەستکردنی ھاوڵاتی بەوەی کە بێ گوێدانە ئینتیمای حیزبی و ناوچەیی، ھاوبەش بێت لە بەرکەوتی سامان و داھاتی نیشتیمانی وڵاتەکەی، بەڵام واقیعی حاڵ ئەوەمان پێناڵێت!
دەسەڵاتدارانی ھەرێم دەبێ لەوە تێبگەن کە کوردستان لەسەر ڕێی بون بەسۆماڵە و کاتی ئەوە ھاتووە واز لەخورافەی دروستکردنی دەوڵەت و درۆی دەستپێکردنی چاکسازی بێنن و نەھێڵن ئەو ھەرێمە ببێتە سۆماڵێکی  راستەقینەیە بۆ ھاوڵاتیەکانی!.


PM:03:07:21/02/2017

ئه‌م بابه‌ته 1373 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی