چەند خاڵێک لەبارەی هەڵبژاردنی رێکخەرو خانەی راپەراندنی گۆڕانەوە

‌سيروان رەشيد

بڕیارە رۆژی سێشەممە بزوتنەوەی گۆڕان رێکخەری گشتی و ئەندامانی خانەی راپەراندن، لە پرۆسەیەکی دیموکراسی و دەستوریدا هەڵبژێرێ، کەئەوە یەکەم ئەزموون و تاقیکردنەوەی خۆبنیادنانە لەپاش مەرگی کاک نەوشیروان مستەفاوە.

بەدیدی ئێمە ئەم پرۆسەیە کۆمەڵێک خەسڵەتی هەیە، کەجیاوازە لە پرۆسەی هەڵبژارنی سەرۆک و سکرتێری حیزبەکەنی تر بۆیە شایانی باسکردنە.

یەک: خۆهەڵبژاردن بۆ پۆستەکان سنوردار نەکراون بۆ کۆمەڵێک فیگەری گۆران و بەرپرس، بەپێچەوانەوە هەموو کەسێک کەخۆی بەگۆران بزانێ و ئەهلیەتی تێدابێت، دەتوانێ فۆرمی خۆکاندید کردن پڕبکاتەوەو بەشداری پرۆسەی کێبرکێ بۆ رێکخەری گشتی یان ئەندامی خانەی راپەراندن بکات.

دوو: هەڵبژاردنی رێکخەری گشتی و خانەی راپەراندن و جڤاتی نیشتمانی، پێویستی بەکۆنگرە بەستن نیەو لەکۆنگرەشدا ئەو پۆستانە هەڵنابژێردرێن، لەبەر زۆر هۆ، کەگرنگترینی لەبەر ئەنجامدانی تەکەتول و دەستەگەریە لەناو کۆنگرەدا( زۆربەی حیزبەکان ئیستا گیرۆدەی نەخۆشی دەستەگەرین) بەپێچەوانەوە کۆنگرەی گشتی گۆران بۆ رەنگڕێژکردنی بەرنامەی سیاسی و گۆڕینی دەستوری حیزب (پەیرەوی ناوخۆ) و دانانی بەرنامەی هەڵبژاردنە.

سێ: وادەی مانەوەو بەردەوام بون لە پۆستی رێکخەری گشتی و خانەی راپەراندن و باقی پۆستەکانی تر، بەپێی دەستوری گۆران تەنها بۆ دووساڵەو تەنها بۆ سێجار دەتوانێ خۆی کاندید بکاتەوە، ئەمەش خەسڵەتێکی گرنگە کە ماوەی زۆر نادات بەهیچ کەسێک رەگی دیکتاتۆربون و خۆسەپاندن و چەسپین بەکورسیەوە قایم بکات!.

چوار: رێکخەری گشتی گۆران و تەنانەت خانەی راپەراندنیش دەسەڵاتیان سنوردارەو دەسەڵاتی رەها لای دامەزراوەی جڤاتی نیشتمانیە، کە بەرزترین دەسەڵاتەو سەرپەرشتی هەموودامەزراوەکانی گۆران دەکاو لەکاتی ئاسایدا دوو مانگ جارێک کۆدەبێتەوە، لە کاتی نائاسایشدا لەسەر داوای رێکخەری گشتی، یان سێیەکی ئەندامانی جڤاتی نیشتمانی کۆدەبێتەوە.

پێنج: کاری سیاسی لەناو گۆڕان دا ئارەزوومەندانەیەو بوون بەرێکخەری گشتی یان خانەی راپەراندن، ئیمتیازێکی مەعنەوییەو، هیچ مووچەو ئیمتیازێکی گەورەو بچوک، یان حیمایەو ریزە ئۆتۆمبێل یان دەسکەوتی تری نیە.


AM:11:44:24/07/2017

ئه‌م بابه‌ته 1103 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی