خاڵە گەشەكانیش ببینن

‌سيروان رەشيد

بزوتنەوەی گۆڕان كە ئەمڕۆ رێكخەری گشتی و خانەی راپەراندن و رۆژی شەممەش جڤاتی گشتی هەڵبژارد، سەرباری رەخنەمان لەدەرنەچونی گەنج لەوشەش كەسەی بونە خانەی راپەراندن، ئەم خاڵە گەشانەش پێویستە ببینرێن؛

یەك: لەدوای مەرگی كاك نەوشیروان زۆر كەس و لایەن گرەویان لەسەر ئەوە دەكرد، كە گۆڕان نامێنێ‌ و گۆڕان لەناوخۆیاندا لەسەر بەرێوەبردنی بزوتنەوەكە ئەبێت بەكێشە!. بەڵام ئەمرۆ پرۆسەیەكی زۆر گرنگ و هەستیاری تێپەراند. كە ئەوە بۆ هەموو ئینسانێك كە گەوەرە بیربكاتەوە ئەبێ‌ جێگای دڵخۆشی بێ، چونكە سەقامگیری سیاسی بۆ حیزبێكی گەورەی وەك گۆڕان گە دووەم هێزی گەورەی هەرێمە پێویستە، بەتایبەت بۆ بزوتنەوەیەكی وەك گۆڕان كە كاریزمایەكی گەورەی لەدەستداوە.

دوو: دەستی دەرەكی لەهەردوو حیزبە دەسەڵاتدارەكە لەماوەی دوو هەفتەی رابردودا هەم فشارو هەم كاریان لەسەر دروستكردنی ئاژاوە و دابرانی هەندێك فیگەری دیاری گۆڕان و وازهێنانیان كرد، بەڵام گۆڕان سەركەوتووبوو لەم پرۆسەیەداو ئەوەش خاڵێكی گرنگە.

سێ‌: لایەنان و كەسانێكی زۆر هێشتا چلەی كاك نەوشیروان نەچوو بوو، نوقڵانەی بەبنەماڵەیی كردنی گۆڕانیان لێدەداو ئەیان وت، گۆران دەبێ‌ بەحیزبی بنەماڵەو كورەكانی كاك نەوشیروان (چیاو نما) بەتایبەت (كاك چیا دەیەوێ‌ شوێنی باوكی بگرێتەوە) براو ئامۆزاكانی دەست بەسەر بزوتنەوەكەدا دەگرن، كە خۆشبەختانە ئەو تۆمەتانەش وادەرنەچون و ئەنجامەكەش دەریخست گۆڕان دژی بەبنەماڵەیكردنی سیستمی حكومڕانییە.

چوار: ناوەندی دروستكردن و سەركردایەتیكردنی گۆڕان بریتیە لە جڤاتی نیشتمانی كە ژمارەیان 56 كەسە، لەم سەركردایەتیەدا زۆرینەیان گەنجن، هەروەها گۆڕان بۆ سەرۆكی پەرلەمان، فراكسیۆنەكەی لە هەولێرو جێگری سەرۆكی پەرلەمانی عێراق و فراكسیۆنەكەی لەبەغداو فراكسیۆنەكانی لە ئەنجومەنی پارێزگاكان، بۆ پۆستی پارێزگاری سلێمانی و لەئەنجومەنی وەزیران و رێكخەری ژورو باژێروانەكانی زۆرینەیان گەنجن، بۆیە نابێت زۆر نیگەرانبین بە دەرنەچونی یەك دوو گەنج لەناو شەش كورسیەكەی خانەی راپەراندندا، كەمن خۆم تەمەنام دەكرد گەنجیش لەناو ئەو ئۆرگانەدا هەبونایەو بەزەروریشم زانیوە. ئەشێ‌ لەدوو ساڵی داهاتودا لەو ئۆرگانەش گەنج و خوێنی تازە حزوری جدی هەبێ.


PM:06:30:25/07/2017

ئه‌م بابه‌ته 865 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی