ساڵێک دوای ڕێککەوتنەکەی یەکێتی و گۆڕان

‌ سالار مه‌حمود


لەساتەوەختێکی هەستیارو گرنگدا ڕێککەوتن لە نێوان دوو هێزی ڕکابەردا هاتە کایەوە. ناوەڕۆکی ڕێکەوتنەکە بەلەبەرچاوگرتنی بارودۆخی خەڵک و پرۆسەی سیاسیی و ئایندەی کوردستان لە ڕووی ناوەڕۆکەوە گرنگ بوو، بەو مانایەی هەر خاڵێک لەو بیست و پێنج خاڵە لەگەڵ پرەنسیپە نێودەوڵەتیەکانی مافی مرۆڤ و بەدیهێنانی ئاشتی راستەقینە و ئۆقرەیی لەهەمان کاتدا پشت بەستن بەسەروەریی یاساو پرەنسیپەکانی دیموکراسی نەک هەر کۆک بوو بەڵکو گەشەپێدەریش بوو.

بۆ خودی یەکێتیەکان و گۆڕانەکانیش دوای حەوت ساڵ لەشەڕی سارد و یەکتر تەخوینکردن و پەرتکردن و سڕینەوە  ساتەوەختێکی گرنگبوو، بۆ  ڕەخساندنی زەمینەی ڕەواندنەوەی ئەو هەموو خەتی چەپ و ڕاست بەسەریەکدا هێنانە. ناوەڕۆکی ڕێککەوتنەکە هەنگاوێک بوو بۆ دروستکرنی فۆرمێکی نوێ لە یەکڕیزی ناو  ماڵی کوردستان.  بەڕای من مانەوەی ڕێککەوتنەکە و گەشەپێدانی بەمیکانیزمی نوێ بۆ جێبەجێکردنی ناوەڕۆکەکەی بۆ ئەم قۆناغە گرنگی زۆری هەیە بەتایبەتی لەم ساتەوەختەدا کە کوردستان پێویستی بە خۆ کۆکردنەوە و بەدیهێنانی تەبایی و ئاشتی سەرتاسەریی هەیە لە نێوان هەدوو لایەن و لایەنەکانی تریش بەتایبەتی لەگەڵ پارتی. چونکە ئە قۆناغەش پێویستی بە سازان و پێکەوە کارکردن هەیە لە جیاتی ترازان و پەرتبوونی ناوخۆیی لە ترازاندا دوژمنانی کورد سودمەند دەبن دەرفەتیان دەداتێ بۆ دەستخستنە ناو کوردستان لە دەرگای ترازاوی ماڵی کورد خۆیەوە، ئەمە سەرەڕای بوونی ئاماژەی راستەقینە بۆ گۆڕانی نەخشەی سیاسیی و جوگرافی لە ناوچەکەدا ئەویش بەهاتنەوەی زهێزەکانی دونیا بۆ ناوچەکە ئەمجارەیان لە پەنجەرەوە بەتایبەتی ئەمریکا کە پێشبینی دەکرێ ئاکامەکەی کەمکردنەوەی هەیمەنەی وڵاتانی ئیقلیمی بێ بەتایبەتی تورکیا و ئێران کە هێشتا سیادەی سنور نازانن و سنوری خۆیان دەبەزێنن. راستە ڕێککەوتنەکە هێشتا وەک مەرەکەبی سەر کاغەز ماوەتەوە و زۆر لە خاڵەکانی جێبەجێ نەبوونە، بەڵام وەک  نەخشە ڕێگا بۆ هەردوولایەن و بۆ کوردستان بایەخی تایبەتی هەیە. خۆ ئەگەر هەندێ لە خاڵەکانی ئاستەنگی گەورەیان لە بەردەم بێ، خۆ دەکرێت لەسەر چەند خاڵێکی جدیەت پیشان بدرێت و کار لەسەر جێبەجێکردنی بکرێت. لەبەر ئەوە هەر تێڕوانینێک بۆ هەڵوەشانەوەی ڕێککەوتنەکە یا هەڵپەساردنی دەبێت بە وردی بیر لە ئاکامە نێگەتیڤەکانیشی بکرێتەوە! بەدروستی نابینم لەسەر بنەمای هەڵچوون و پەرچەکردار هەوڵ بۆ هەڵوەشانەوەی بدرێت.

وەک چۆن پێویستە پابەندبوون پێیەوە بۆ کاتکوشتن و خۆدزینەوە نەبێت. مەبەستمە بڵێم دوای ساڵێک لەو ڕێککەوتنە لەجەوهەردا یەکێتی و گۆڕانی لێک نزیکنەکردەوە وەک پێویست و نێوانی لایەنەکانیشی پەرتتر کرد، بەتایبەتی پرسی کاراکردنەوەی پەرلەمانی ئاڵۆزتر کرد کە پارتی لایەنی سەرەکی و بکەری ئەساسیە لە کاراکردنەوەی پەرلەمان وەک چۆن بەبڕیارێکی حزبی لەکاریخست لەکاتێکدا پارتی فراکسیۆنەکەی زۆرینەشە لەپەرلەمان. گوزەرانی خەڵکیش بەگشتی باش نەبوو بەتایبەتیش هەر هیچ نەبێ لەو دەڤەرەی کە هەردوو لایەن تێیدا باڵا دەستن.

چارەسەر چییە؟ ئەمە ئەو پرسیارەیە کە دەبێ دوای ئەو ماوە زەمەنییە ببێتە بابەتی گفتوگۆی راشکاوانە و دوور لە دەستی دەستپێکردن. گرنگە  فتوگۆکان بەردەوام بن و میکانیزمی کرداریی دابنرێت بۆ هەنگاو بەهەنگاو بۆ جێبەجێکردنی و دۆزینەوەی ڕێوشوێنی پێکهاتنی هەردوو لایەن لەگەڵ پارتی لەسەر بنەماکانی ناوەڕۆکی ڕێککەوتنەکە، چونکە بەشێک لە خاڵەکانی ڕێککەوتنەکە بە یەکێتی و گۆڕان بەتەنیا جێبەجێ نابن.  لە رووەشەوە پێویستە بەرچاوروونی و بەڕاشکاوی بنکەی جەماوەری هەردوو وردتر تێبگەیەنرێت.

بەدیدی نوسەر پێویستە زۆرتر کار بۆ جێبەجێکردنی ناوەڕۆکی ئەو ڕێککەوتنە بکرێت و ببێتە بەرنامەی کرداریی هەردوو لایەن، ڕاستە گەنجەکانی هەردوو لایەن و کادرە پێشکەوتووەکانی  مەبەستیانە زۆر بەخێرایی ئەوە ببێت کە پێویستە لەبەرامبەریشدا زۆرینەی ئەرکەکە لە ئەستۆی سەرکردە دێرینەکانی هەردوو لا هەیە بەلەبەرچاوگرتنی هاوسەنگەریی و هاوخەباتی دێرینەیان  ئەو وزەیەی ماویانە بۆ بەرەو پێشەوە بردنی کاروانە هابەشەکە بینێن نەک زیندوو کردنەوەی گرێ مێژوویەکانی نێوانیان لە شاخ و لەناو ململانێکانی رابردوویان لەناو یەکێتی، ئەمە بەرپرسیارێتیە مێژوویەکەیە کە لە قۆغەدا لەئەستۆیاندایە.

گرفت و کێشە کەسیەکان نابێ وێنە گەورەکەیان لا بچووک بکاتەوە ئەگینا دەرفەتەکان لەدەستیان دەردەچێت و ئەو گرێیەی ئێستا دەتوانرێت بەدەست بکرێتەوە ئەو کاتە بەتێپەڕبوونی کات بە دەمیش ناکرێتەوەو مێژوو کەمو زۆر ئۆباڵی لەدەستدەرچوون توند دەخاتە گەردنیان.


PM:10:15:17/05/2017

ئه‌م بابه‌ته 1639 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی