خاوەندارێتی لەخەڵکی کەرکوک گرنگترە لەنەوتی کەرکوک

‌ سالار مه‌حمود

لەهەموو سەردەمەکاندا نەوتی کەرکوک هەر دوکەڵ و مەینەتی بۆ خەڵکەکەی دروستکرد، لەهەموو سەردەمێک زیاتریش دەمی حوکمڕانی خۆماڵی ژانی زیاترە بۆ خەڵکەکەی. چونکە بەناوی کوردایەتیەوە سەروەتەکەی دەبرێ و دوکەڵەکەی رەشتر دەکرێت بەسەریدا. پێش ئەوەی لەوردەکاریی خۆ بەخاوەنکردنی رێژەو قەبارەی نەوت و داهاتی نەوتی کەرکوکەوە باسبکەم بەناوی ( حکومەتی کوردستان)ەوە.

لە دروشمی یاکەرکوک و خانەقین یا تاماوین ئەجەنگین دەستپێ دەکەم. ئەم دروشمەی پێشمەرگە بۆ نەوت و سامان نەبوو، بەڵکو بۆ خەڵکەکەی و خاکەکەی بوو. بۆ کۆتایهێنان بوو سێکوچکەی پرۆسەکانی راگواستن و گۆڕینی ناسنامەو بەعەرەبکردن.

بەڵام  ئاماژەکان مەترسیدارن لە روانگەی ژیان و گوزەرانی خەڵکی کەرکوک و خانەقی و چارەنووسی ناچەکەو ئەو تاڵانکاریانەی بەناوی خۆماڵیکردنی نەوتەوە چ غەدرێک لەو خەڵکە دەکرێت.
رانەگرتنی ئەو غەدرەش ماڵوێرانی گەورەتری بەدواوە دێ.

حکومەتی هەرێم لەتەمووزی ساڵی ۲٠۱٤ەوە نەوتی کێڵگەکانی بای حەسەن و هاڤانا لەرۆژئاوای کەرکوکەوە کۆنترۆڵکردوەو بەرهەمی دەهێنێ. رۆژانە بڕی ۲٥٠ هەزار بەرمیل نەوت لەم کێڵگانە هەڵدەگۆزێ.ئەمە جگە لە نەوتی کێڵگەکانی نەوتی باکور ئەوانیش هەرسێ کێڵگەی باباگوڕگوڕو جەمبورو خەبازن. بەرهەمی رۆژانەی ئەم سێ کێڵگەیەش زیاترە لە ۱٦٠ هەزار بەرمیللە رۆژێکدا.

 لەم بڕە ۱٠٠ سەد هەزار بەرمیلی بۆ پاڵاوگەی کەڵەک و کەرکوک و دوکان دەگوازرێتەوە بەناوی دابینکردنی بەرهەمی نەوتیەوە، ئەوی تریشی هەر لە رێگەی هەرێمەوە هەناردەی دەرەوە دەکرێت و سی هەزار بەرمیلێکیش بۆ بەغدا.
دوایین ئامارەکانی وەزارەتی سامانە سروشتیەکان هەناردەی رۆژانەی نەوت بە ٦٠٠ هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا دەخەمڵێنێ.

واتە نیوەی هەناردەی نەوتی کوردستان نەوتی کەرکوکە!
بەڵام لەداهاتی نەوتی کوردستان چەندی بۆ خەڵکی کەرکوکە؟ کەرکوک و گەرمیان تاکەی باجی ئەم غەدرە دەدەن؟

لەکاتێکدا بەهۆی بڕینی بودجەی پەرەپێدانی پارێزگاکان و پارەی پترۆ دۆلارەوە لەلایەن حکومەتی عیراقەوە کەرکووک تووشی نانبڕین و قوتبڕینێکی تر بووە لەساڵی ۲٠۱۳ ەوە تائێستا. هەزاران فەرمانبەر بەپارەی پترۆ دۆلار دامەزران بەهۆی پێنەدانی پارەکەوە نانبڕاوکران و رەوانەی ماڵەوە کراوون.

نەوتی کەرکوک لەجیاتی ئەوەی ببوایەتە پردێکی بەهێزی بەستنەوەی کەرکوک و خەڵکەکەی بەهەرێمەوە دڵگرانی و تۆرانێکی قوڵی دروستکردوە!   ئایا نەدەبوو لەجیاتی خاوەندارێتی و هەڵپەکردن بۆ خاوەندارێتی نەوتی کەرکوک بۆ خاوەندارێتیکردن لەخەڵکەکەی بوایە؟

توڕەیی خەڵکی کەرکوک بەهەموو پێکهاتەکانیەوە لە رژێمەکانی بەغدا ئەوەبوو خاوەندارێتی لەنەوتەکەی دەکردو غەدری لەخەڵکەکەی دەکرد. خەڵکی کوردستان و کەرکوکیەکان بەخوێن شارەکەیان لە دەمی ئەژدیهاکان پاراست بۆ ئەوەی خەڵکەکەی چیدی ئازار نەدرێن و بەئازادی لەسایەی سامانی شاری خۆیاندا بژین، بەڵام ئەم سیاسەتە چەوتەی حکومەتی کوردستان دەرهەق بە خەڵکی کەرکوک لەپای چی و لەبەرژەوەنی  کێدایە؟ کێن سودمەندەکان و کێن زیان دیوەکان؟بەجیا لە حکومەت و هێزە سیاسیەکانی تر، ئەی یەکێتی نیشتیمان کوردستان وڵامی چیە بۆ ئەو سەدان هەزار دەنگەی خەڵکی کەرکوک و متمانەی کەرکوکیەکان لە رابردووداپێی درا.

ئەی بۆ کەسوکاری ئەو سەدان شەهیدو هەزاران بریندارو کەمئەندامەی تەنیا دوو ساڵی رابردووی شەڕی داعش؟
ئەمانەو چەندین پرسیاری تر گەر زوو چارەیان بۆ نەدۆزرێتەوە لە رۆژی خۆیدا وڵامێکی مزری ئەوانەی خاوەندارێتی لەم سیاسەتە دەکەن لەلایەن گەلەوە دەدرێتەوە.


PM:04:00:23/07/2017

ئه‌م بابه‌ته 767 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی