ئاسۆی سەربەخۆیی

‌ سالار مه‌حمود

ئاسۆی سەربەخۆیی ..جەدەلە بەردەوامەکەی کوردستانیان
دەوڵەت دەوڵەتمەدارو، دامەزراوەی دەوڵەتی و پرۆژەی نیشتمانی دەوێت..
لە رووی سیاسیەوە ئەوەی لە کوردستانی عیراقدا دەگوزەرێت، مەعلومە ھیچ میکانیزم و نەخشە رێگایەکی دیراسەکراو یان ئامادەکارییەک نیە بە ئاراستەی سەربەخۆیی و راگەیاندنی دەوڵەتی کوردستان. بە سانایی دەشێت بپرسین چۆن؟ کێن و کوان ئەوانەی خەونی دروستکردنی دەوڵەتیان ھەیەو، لە ساتەوەختێکدا توانیبێتیان بچوکترین بەرژەوەندی تایبەت و ویستی حزبەکانیان کردبێتە قوربانی مەسەلە گەورەکە، کە نەتەوەو نیشتمانە. لە سەر چ بنەمایەک ھاونیشتمانی بڕوا بھێنێت ئەجێندای دەوڵەتی ھەیە کە ھەنگاوە بەراییەکانی بریتیە لە دروست کردنی پایەی دامەزراوەیی و، لە بەرامبەردا سەراپای حکومەتەکە دابەشی بەرژەوەندیە حزبیەکان کراوەو دامەزراوەکانی ھەرێم ئیفلیجکراوەو بازرگانی حزبی بەناوی حکومەت و وەزارەتەکانیەوە دەکرێت. بەدوعای کام گەورە مەرجەعی رەوتی ئیسلامی بڵێیت ئامین کە لەنێوان نەوەکانی شێخ عوبێدوڵای نەھری و ئەتاتورکدا دوعای سەرکەوتن و ھاندانی سەرکەوتن بۆ ئەوانی تر دەکات. ئەم راستیانە نمونەی بەرجەستەی حاشا ھەڵنەگرن. لە ئاستی کەسیدا ھەرە زۆرینەی گەلی کورد لە باشوری کوردستان خوازیاری سەربەخۆیی و دروستبوونی دەوڵەتی کوردستانە. ئەمە خەونی تەنیا ئەم نەوەیە نییە. ویستی تاکە کەسیی نییە بەڵکو میللیە. نەوەکانی مێژوومان قوربانی گەورەیان لە پێناودا دا.. رەوتی نەتەوەیی و بزوتنەوەی سیاسیی کورد ھەبوون لەسەر ئەو بنەمایە کارو خەباتیان کرد. لەم پێناوەدا خەرمانی قوربانیەکان فرەن. 

لەمێژووی ھاوچەرخدا سەبارەت بە پارتەکانی باشوری کوردستان. لەم پێناوەدا یەکێتی نیشتمانی کوردستان وەک یەکەم حزبیی سیاسی لە بزوتنەوەی نوێدا خاوەنی دروشمی (مافی چارەنووس) وەک ھێزی پشتیوانی راستەقینەی خەباتی نەتەوەیی پارچەکانی تری کوردستان. پێویستە و ھەقە گفتوگۆیەکی راشکاوانە دەست پێبکات لەسەر ئەگەرەکانی ئەم پرسە. یەکێتی لەجیاتی خۆ خەریککردن بەشەری بەشی ئابوری و پۆستەوە لە عیراق و کوردستان. زۆرتر بچێتەوە لای پرەنسیپە راستەقینەکانی راستە رێی خەباتی خۆی. کە گومانم نییە ھێشتا لەناو ئەم یەکێتیەدا وزەی شایستەو کەسایەتی دەوڵەتی و دەوڵەتمەدار ھەن و، لەگەڵ لایەنەکانی تریشدا بە کۆ دەنگی و پرۆژەی ستراتیژیی ھاوبەشی نێوان پارت و رێکخراوەکانی کۆمەڵی مەدەنی و توانا کوردستانیەکان، دەتوانرێت داکۆکی لەسەروەریی یاساو ھەنگاو بۆ بەدامەزراوەییکردنی دەزگاکانی ھەڵبژێردراوی کوردستان بکرێت. 

راگەیاندنی سەربەخۆیی و بەکردار ھەنگاو نان بۆ دروستکردنی دەوڵەتی کوردستان ئامانجێکی رەوایە. ناشکرێت لە پەنای ئەم ئامانجە رەوایەوەو بەرزکردنەوەی ئەم دروشمە بۆ مەبەستێکی نا رەوا بێت! نا رەوا مەبەستم ویستی تەسکی کەسیی، یان ئایدۆلۆژیی یان ناوچەیی بێت. 

لەم سۆنگەیەوە لەناو تێکۆشەرەکانیشیدا کەسانی وەک ئازاد جندیانی ھەیە کە لەسەر پرسی نەتەوەیی، ھەمیشە یەکێک بووە لەو سیاسەتوان و قەڵەمانەی بەبایەخەوە لەم پرسەی روانیوەو لەم پێناوەدا تێڕوانینی تایبەتی ھەبووە. ئێستا دەبینین لە روانگەی تێڕوانینێکەوە دەنگێکی مەبەستدار دەیەوێت ھەندێک لە راستیەکان ئاوەژوو بکاتەوە. لۆژیک وایە جیاوازی بۆچوون لەم بوارەدا جێی جەدەل و تەقدیر بێت. نەک لە پەنای مەبەستی تردا تیرو توانج بگیرێتە ھەر بۆ چوونێک کە بەدڵی ھەندێک نەبێت. لێرەدا بەتایبەت من رووی دەمم لە ھاوسەنگەرو ھاو خەباتەکانیەتی.. ئەگینا لەپێناو بەرگریکردن لە قەناعەتەکانی یەکێتی و، سەنگەری پێشەوە ھەڵبژاردن بۆ رووبەرووبونەوەی (نەیار)ەکانی یەکێتی، لە قۆناغە جیاجیاکاندا. بۆ کاک ئازاد جندیانی و چەندانی وەک ئەو ئەوەندە دەنگە ھەن، لەناکۆکی بۆ چوونێکدا ھەل بقۆزنەوەو تەشھیرو توانجی نا ڕەوای تێبگرن. 

پەیامم بۆ کاک ئازاد بەتایبەتی و یەکێتیش ھەیە درێژە بەم جەدەلە بدات و ھەندێک روونکردنەوەی زیاتریش بخاتە سەر بۆچوونەکان سەبارەت بەم پرسە گشتیە. کە گومانم نییە بەردەوامی ئەم جەدەلانە ئاکام بە خزمەتی ئەو خواست و خەونە دێرینە دەکەونەوە.. چونکە ئەوەی پەیوەستە بە رووناکبیران و میدیاکاران لەکەمتەرخەمیان لەم پرسەدا کەمترین ئۆباڵیان دەکەوێتە ئەستۆو تێزو تێڕوانینی گونجاویان پێشکەشکردوە، لەبەرامبەریشدا ئەوە پارتە سیاسیەکانی کوردستانە ئۆباڵی گەورەی مێژوویی و دڕدۆنگیەکانیان لەم پرسەدا لە ئەستۆو سەرشانە. لەکۆتاییدا بەمیش دەڵێین ( لایھزک ریح کاک ئازاد جندیانی)..


AM:10:38:17/01/2016

ئه‌م بابه‌ته 4109 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی