کانتۆنەکانی رۆژئاواو پەرلەمانی کوردستان

‌ سالار مه‌حمود

ئازادبوونی رۆژئاوای کوردستان جگەوەی دەستکەوتێکی مەزنی نەتەوەیی بوو، لەھەمانکاتدا دەرفەت و دەوازیەکی خۆییە بۆ گەلی کورد لەباشوری کوردستان. لەپایتەختی رۆشنبیری یادی دوو ساڵەی راگەیاندنی کانتۆنەکانی رۆژئاوا کرایەوە.
پێزانینم ھەیە بۆ نوێنەرایەتی کانتۆنەکانی رۆژئاوا کە داوایان لێکردم وتارێک پێشەکەش بکەم لەو روانگەیەی کە بەندە خاوەن بیرۆکەی دەرکردنی پرۆژە بڕیاری ناساندنی ھەرێمی رۆژئاوای کوردستان بووم لەپەرلەمانی کوردستان.
ھەرچەندە ھەر پرۆژە یاسایەک ناتوانرێت پێشکەش بکرێت تاوەکو بە ژمارەی یاسایی ئەندامانی پەرلەمان پشتیوان و واژۆی نەکەن.
بۆ ئەم پرسە نەتەوەیی و نیشتمانیە (٦٨) ئەندامی پەرلەمانی کوردستان واژۆیان لەسەر پرۆژەکە کرد. بەڵام ھێشتا ئەوە بەس نەبوو کە بخرێتە بەرنامەی کاری دانیشتنەکانەوە. بەڵام لۆبیکردنی بەردەوامی پەرلەمانتاران و ھەوڵدان بۆ قەناعەتپێھێنان بەسەرۆکایەتی پەرلەمان دواجار پێشکەوتنەکانی رۆژئاوای کوردستان و فشاری پەرلەمانتاران و رەتکردنەوەی بیانوە لاوازە بەناو یاساییەکان. وای کرد بەھەموو فراکسیۆنەکانی پەرلەمان و کۆی سەرۆکایەتی پەرلەمانەوە پرۆژەکە ببێتە بڕیار. بەوەش ھەرێمی کوردستان بووە یەکەم ناوەندی فەرمی کە دانی بەھەرێمی رۆژئاوای کوردستاندا ناو ناساندی بە کۆی دەنگی ئەندامانی پەرلەمانی باشوری کوردستان. بۆ مێژوو دەڵێم لەناو پەرلەمانتارانی کوردستاندا سەرباری جیاوازیەکان بەڵام پرسی رۆژئاوا خاڵی کۆکەرەوە بووە. ئەو رۆژەی کە لەپەرلەمانی کوردستانەوە بڕیارەکە دەرکرا. ناوەندەکانی میدیای رۆژئاوای کوردستان و رای گشتی کوردستانی بە رووداوێکی گرنگ و پێشکەوتنێکی نەتەوەیی و نیشتمانیان دایە قەڵەم.

چونکە گرنگی کاڵکردنەوەی سنووری سەپێنراوی نێوان ھەردوو ھەرێم و  پشت بەیەک بەستنی ھەردوو ھەرێمی کوردستان لەباری سەربازی و سیاسی و ئابووری خزمەتێکی گەورە بە ئایندەی ھەردوو لا دەکات. لە دوو ساڵەی یادی ئاواکردنی کانتۆنەکانی رۆژئاواد. جەخت لە نەھێشتنی ناکۆکی نێوان پارتی و پەیەدە دەکەمەوە. کە جێگەی نیگەرانیەوە گرێی دروست کردوە لەنێوان ھەردوو ھەرێمدا بەردەوامی ئەم ناکۆکیانە خزمەت بە ئەجندای دوژمنانی گەلەکەمان دەکات بۆیە پەیامم ئەوەیە تاوەکو دەرفەت ماوە پیاچوونەوە بە سیاسەت و رەفتاریاندا بکەن. چونکە وڵاتێکی وەکو تورکیا بۆ نمونە لەکاردایە بۆ زیاتر کردنی ئەو کەلێنەی نێوان باشورو رۆژئاوا.
ھاتنی سوپای تورکیا بۆ ناو خاکی باشوری کوردستان یەکێک لەمەرامەکانی بۆ کۆنترۆڵکردنی ئەو سنورەی نێوان ھەردوو لایە. ئەمەش زەنگێکی مەترسیدارەو ھیچ پاساوێک ھەڵناگرێت. لە رێگەی بڕیاری بەفەرمی ناساندنی ھەرێمی رۆژئاواوە پێویستە نوسینگەی رۆژئاوا لە پاڵ نوسینگەو کونسڵخانەکانی دونیا لە ھەولێری پایتەختی کوردستاندا بکرێتەوە. بوونی نوێنەرایەتیان لە سلێمانی گرنگە. بەڵام گرنگتریشە لەھەولێریش نوێنەرایەتی فەرمیان ھەبێت. خولی چوارەمی پەرلەمانی کورستان چەند ھەنگاوێکی گرنگی وەک ئاوڕدانەوە پشتیوانی لە رۆژاوای کوردستان ناوە. بڕیاری ناردنی ھێزی پێشمەرگە بۆ کۆبانی، پرۆژە بڕیاری بەشداریکردن لە ئاوەدانکردنەوەی کۆبانێ، سەردانی وەفدی رەسمی پەرلەمانی کورستان بۆ کۆبانێ و، ھەڵمەتی کۆکردنەوەی ھاوکاری لەلایەن پەرلەمانتارانەوە.
ھەموو ئەمانەو چەندین دیدارو سەردان و پەیوەندی جیاجیا نمونەی بایەخی پەرلەمانی کوردستانن بوون بە رۆژئاوای کوردستان بۆ سەرکەوتن لەو خەباتەو گەیشتن بە قۆناغێکی باشتر.


PM:05:59:23/01/2016

ئه‌م بابه‌ته 4356 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی