پەرلەمان بۆ نابێ هەڵبوەشێتەوە؟

‌ سالار مه‌حمود

ئەم دۆخەی‌ ئێستا هەرێمی‌ تێدایە دەر ئەنجامە، هۆکارەکانیش بە پلەی‌ یەکەم بریتی بوون لە خۆدزینەوەی‌ حکومەتی‌ هەرێم لە جێبەجێکردنی‌ یاساو بڕیارەکانی‌ پەرلەمانی‌ کوردستان.

واتە ئەو بۆچوونە ڕاست نییە بۆشاییەکی‌ یاسایی‌ یان نەبوونی‌ نەخشە ڕێگا و پرۆژەیەک وای‌ کردبێت، حکومەت بکەوێتە ناو گێژاوێکی‌ لەم جۆرەی‌ ئێستاوە. بەپێچەوانەی‌ هەنگاوی‌ یاساییەوە بە بیانووی‌ چارەسەر حکومەت پێشێلی‌ یاسا بەرکارەکان دەکات، بەنیازی‌ دەربازبوون لەم قەیرانانەی‌ تێی‌ کەوتووە. شێوازی‌ حوکمڕانی‌ بەم میکانیزمەی‌ ئێستای‌ هەرێمی‌ باشووری‌ کوردستان تەحەموولی‌ هەبوونی‌ پەرلەمان و بەتایبەتیش پەرلەمانێکی‌ کارا ناکات! چونکە لەهەر هەنگاوێکدا ڕووبەڕووی‌ لێپێچینەوە دەبێت. نموونەی‌ نزیکیش بریتییە لەو ئیجرائاتەی‌ بەناوی‌ (پاشەکەوت)ی‌ مووچەی‌ فەرمانبەرانەوە بڕیاری‌ کەمکردنەوەی‌ مووچەی‌ داوە. ئەم کارە پێویستی‌ بە یاساو پشتیوانی‌ یاساییە، واتە بەبێ پەسەندکردنی‌ بڕیارێکی‌ لەم جۆرە لەلایەن دەسەڵاتی‌ یاسادانانەوە (پەرلەمان) شەرعیەتی‌ یاسایی‌ نابێت. چونکە مووچەی‌ فەرمانبەرانی‌ کوردستان بە یاسای‌ مووچەی‌ فەرمانبەرانی‌ کەرتی‌ گشتی‌ ژمارە (22)ی‌ ساڵی‌ 2008 رێکخراوە. یان دەبێت بەهەمووارکردنەوە یان پشت بەستن بە ئەحکامەکانی‌ ئەو یاسایە بڕیار بدرێت. ئەگینا نەک هەر بڕیارێک لەدەرەوەی‌ ئەم چوارچێوەیە نایاساییە، بەڵکو پێویستە لێپێچینەوە بگیرێتە بەر.

دەبوو سەرۆکایەتی‌ حکومەت و وەزیرەکان لەهەوڵدا بوونایە بۆ کارا بوونەوەی‌ پەرلەمان. چونکە لەناو هەموو هێزە مادی‌ و مەعنەویەکانی‌ کوردستاندا تەنیا دامەزراوەیەک کە دەتوانێت یارمەتیدەری‌ حکومەت بێت بۆ ئەوەی‌ نەکەوێتە هەڵەوەو متمانە لەدەست نەدات و سەرچاوەی‌ هێزی‌ بێت پەرلەمانی‌ کوردستانە. ئێستاو بۆ ئایندەش ئەگەر دەرفەتێک مابێت لەبەردەم حکومەتدا بۆ مانەوەی‌، دەستبەکار بوونەوەو کاراکردنەوەی‌ پەرلەمانە، ئەگینا حزبە بەشدارەکانی‌ حکومەت دەرکەوت یارمەتیدەری‌ حکومەت نین، بەڵکو ئەوانن سەرچاوەی‌ کێشە نانەوە بۆ حکومەت و دەستوەردان لەکاروبارەکانی‌ و کزکردنی‌ سەرچاوەکانی‌ لەمێژووی‌ حکومەتداری‌ دوای‌ ڕاپەڕین تا ئەم کابینەیە. ئەم سیستەمە حزبیە سواو و تەقلیدیە دەبێت ئیدی‌ کۆتایی‌ بێت و دەستی‌ حزب لە بینەقاقای‌ دەسەڵاتە گشتیەکان بە (دادگا و حکومەت و پەرلەمان)ەوە دەربهێنرێت بۆ ئەوەی‌ بتوانرێت خواستی‌ گشتی‌ بەدیبێت و حکومڕانی‌ بچێتە سەر ئاراستە دروستەکەی‌.

لەچوارچێوەی‌ ئەو هەموو پرۆژە و پرۆژەکاریانشەدا بۆ چارەسەر و بەدیهێنانی‌ داخوازی‌ هاونیشتمانیان، دەبینین باس لە هەڵوەشانەوەی‌ پەرلەمان دەکرێت! بەداخەوە ئەم بۆچوونە لەکورت بینیەوە سەرچاوە دەگرێت. ئەگەر دامەزراوەیەک شەرعیەتی‌ یاسایی‌ و دیموکراسیی‌ مابێت و هەبێت پەرلەمانە. کە تاکە دامەزراوەی‌ شەرعی‌ هەڵبژێردراوی‌ خەڵکی‌ کوردستان و کۆکەرەوەی‌ هەموو دەنگ و رەنگەکانی‌ سیاسی‌ و نەتەوەیی‌ و ئاینی‌ کوردستانە. خۆ ئەگەر ئەو ئاراستەیەش سەرکەوێت کە داوای‌ حکومەتی‌ ڕزگاریی‌ نیشتمانی‌ دەکات، ئەوا هەر پێویستە لە ڕێی‌ پەرلەمانەوە بێت. چونکە حکومەتێکی‌ کاتی‌ دەبێت و پێویستە پەرلەمان رێوشوێن دابنێت بۆ ستافێکی‌ نوێ یان کابینەیەکی‌ نوێ. خۆ ئەگەر باس لە هەڵبژاردنی‌ نوێ یان پێش وەختیش بکرێت ئەوا هەر پێویستە لە رێی‌ پەرلەمانەوە کۆمسیۆن رابسپێردرێت و پێکەوە کات دیاریبکرێت بۆ هەڵبژاردن. بەشێک لەم بۆچوونانە ئەگەرن، بەڵام ئەو دامەزراوەیەی‌ پێویستە بمێنێتەوەو کارا بکرێت پەرلەمانی‌ کوردستانە. بەبێ کەوتنەوە کاری‌ پەرلەمان بە دەسەڵاتە ڕاستەقینەکانی‌ خۆیەوە، حکومەتی‌ هەرێم ناتوانێت هیچ هەنگاوێکی‌ یاسایی‌ بۆ بەڕێوەبردنی‌ باشی‌ کاروبارەکانی‌ بنێت. هەر رێوشوێنێکیش بگرێتە بەر وەک بڕیاری‌ بەناو پاشەکەوتەکە نایاسایی‌ دەبێت و ناچێتە سەرو حکومەت بەتەنیا دەمێنێتەوە. لەپێناو پشتیوانی‌ بۆحکومەت و رێزگرتن لە ئیرادەی‌ گشتی‌ هاونیشتمانیانی‌ کوردستان و ئەنجامدانی‌ چاکسازیی‌ بەکردار نابێت پەرلەمان هەڵبوەشێتەوە.


AM:11:24:12/02/2016

ئه‌م بابه‌ته 4646 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی