بۆ ئەزمونی حكومەت* ‌

‌بەهرۆز گەڵاڵی

سیستمی بانقی لەتوركیا لە سەدەی نۆزدەهەمەوە دەستیپێكردووە. بەڵام لە بیست ساڵی ڕابردوودا گەورەترین پێشكەوتنی بەخۆیەوە بینیوە. ئەم سیستمە بانقێكی ناوەندی گەورەی هەیە ، هەموو بانقەكانی تری پێوە بەستراوەتەوە ، سیستمێكی ئابووری تێكەڵاوە(Karma Ekonomi).لەم سیستمەدا بانقە بازرگانیەكان ڕوڵی سەرەكی لە دیاریكردنی  ڕێوشوێنی ئابووری دەبینن. لە 31-8- 2000 دا بانقەكان  دەستەیەكی گرنگیان دروستكرد بەناوی دەستەی ڕێكخستن و بەردەوامی بانقی .

ئەندامانی ئەم دەستەیە  لەلایەن ئەنجومەنی وەزیرانەوە هەڵبژێردران ئەركەكانیشیان: یەكەم ڕێكخستنی  سیستمی (كریدیت) وەرگرتنی قەرز ی بانق ،بۆ ئەوەی بە شێوەیەكی یاسایی و ڕێكو پێك كاربكات. دووەم ئەو خەڵكانەی پارەكانیان لە بانق دادەنێن لەلایەن ئەم دەستەوە  دەبێ مافەكانیان بپارێزرێ‌ بەشێوەیەكی ڕێكو پێكیش بانق كاریان لەگەڵ بكا.

سێیەم ئەو دەستەیە ئیشی ئەوەیە ماوە نەدات ئابووری ووڵات توشی ئەزمەو كێشەو گرفتی ئابووری بێ. چوارەم مۆڵەتی دروستكردنی بانق و كردنەوەی بانقی تازەش . تەنانەت مۆڵەتپێدانی كردنەوەی لقی  بانقی بیانیش  هەر لەئەستۆی ئەم دەستەیەدایە.

سیستمی بانقی بەجۆرێكە ، هەموو موچەخۆران لە بانقەكانی توركیا حیسابێكی بانقیان كردۆتەوە، مانگانە حكومەت موچەكانیان دەخاتە سەر ئەم حیسابە.هیچ كات   حكومەت پارەی موچە بەدەست دابەشناكات، بەڵكو لەڕێگای بانقەوە دەبێ . بەگوێرەی ئەو بڕە موچەیەی  وەریدەگرێ ،حكومەت (بیمەی تەندروستی و خانەنشینی) دەخاتە سەر حیسابەكەی . لەتوركیا كەس ناتوانێ كاربكات ، موچە وەرگرێ ، بیمەی تەندروستی و خانەنشینی   نەبێ؟ ئەگەرنا لەلایەن دادگاوە ڕووبەڕووی گەورەترین سزادەبێتەوە.

هەموو موچەخۆرێكیش مانگانە دەبێ باجی داهات بداتە خەزینەی دەوڵەت. دەوڵەتیش لەهەمووشوێنێ  باج كۆدەكاتەوە. ئەگەرنا ناتوانی خزمەتگوزاری پێشكەش  هاوڵاتیان  بكا . سیستمی زەریبەو باج بەنیسبەت حكومەت ،  حەیاتییە، بێوەرگرتنی باج ناژی .  دانانی سیستمی كریدیت كارتیش بۆ هاوڵاتی وحكومەتیش گرنگە. بانق بڕە پارەیەك لە خاوەنی (كردیت كارتە ) كە وەردەگرێ  و مانگانە دەبینی  پارەیەكی باش هاتوتە خەزینەی دەوڵەت. لەكوردستان  حكومەت دەتوانی سیستمی (بانقی ، كردیت كارت ) لەسەر ستاندارتی جیهانی بەشێوەیەكی تازەدابڕێژتەوە ، كێشەی گەورەی لەكۆڵدەبێتەوە   و ساڵانەش باجێكی زۆری  دەستدەكەوێ.


PM:03:07:05/04/2016

ئه‌م بابه‌ته 1315 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی