لە نێوان تەسلیمبون و کۆڵنەداندا :

‌شاسوار عەبدولواحید


لە کاتی بونی قەیرانی گەورەدا لە وڵات ، یان تەنانەت دروستبونی کێشەی گەورە بۆ کەسێک لە ژیانی رۆژانەیدا ، تەنها دوو رێگا هەیە مرۆڤ بیگرێتە بەر (سێیەمی نییە ) :

یەکەم : تەسلیمبە بە واقیع و قەناعەت بە خۆت بکە کە ئەم وەزعە چارەسەری نیە و کێشەکە لەسەروو توانای تۆوەیە (کە ئەمە ئاسانترین و باوترین رێگایە ) .

دووەم : هەوڵی گۆڕینی بە ،شەڕی لەگەڵا، بکە ،کۆڵ مەدە بە ئاسانی و تەسلیم مەبە (کە ئەمە رێگا قورسەکەیە ).

من نازانم بە گشتی خەڵک کام رێگایە دەگرێتە بەر ، بەڵام یەک شت دەزانم و هەمیشەیش وتومە ، زۆرینەی رەهای ئەو وڵاتانەی کە ئێستا پێشکەوتوون و خەڵکەکەیان خۆشگوزەرانن و ژیانێکی خۆشتریان هەیە بە چاو هەندێک وڵاتی ترەوە ، ئەوا بە هیمەتی چەند کەسێک ئەوەیان بە دیهێناوە و لە ساتە ناخۆشەکانی وڵاتەکەیان و وێستگە زۆر قورسەکاندا ، کەسانێک هەبوون کۆڵیان نەداوە ، زۆر جاریش میلەتەکە بە هەمویانەوە هەوڵی گۆڕانکاریەکەیان داوە و وڵاتەکەیان گواستۆتەوە لە قۆناغێکی ناخۆشەوە بۆ قۆناغێکی باشتر.

ئەو کاتەی کە زۆر بێهیوا بویت لە ژیانا ، ئینجا بزانە ئێستا کاری تۆ و ئازایەتی تۆ دەست پێ دەکات ، لە کاتە خۆشەکان و کاتە ئاساییەکاندا ، ژیانی خۆت پێویستی بە لێهاتویی و ئازەیەتی تۆ نیە ، بەڵکو لە ساتە قورسەکاندا پێویستی بە هیمەتی تۆ هەیە .

تەسلیم مەبە ، چونکە تەسلیم بوون هیچ هونەرێک و لێهاتوییەکی ناوێت .


PM:06:13:29/05/2017

ئه‌م بابه‌ته 9735 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی