ئـیدارەدانی كـات ‌

‌فه‌یسه‌ڵ عه‌لی‌


كات توخمیكی گرنگیی ئابوورییە، دەرامەتێكی سنوردارەو نوێ نابێتەوە، توخمێكی یەكلاكەرەوەی نێوان توخمە دیارەكانی بەرهەمهێنانە، ئەم توخمە جێی بایەخی ئێجگار زۆری دەوڵەتانی پێشكەوتووە، ئەمەش یەك لەهۆكارە سەرەكییەكانی پەرەسەندنی ئەو دەوڵەتانەیە، هەرچەند ئێمە زۆر باسی گرنگیی كات دەكەین، كە نابێت بە هەدەری بدەین‌و دەبێ سات بەسات سوودی لێ ببینن، بۆ ئەمەش زۆرجار دەڵێن كات وەك شمشێر وایە نەیبڕی ئەتبڕێت، كات وەك زێر وایە، بەڵام بەداخەوە زۆربەی كات‌و رۆژەكانمان بەبێ سوودو بەبێ ئەوەی بەكاریبهێنین بەسەردەچێت، چەند كاتمان بەبێ سوود لەكاروباری بێسود بەڵكو لەشتی زیانبەخش بە كۆمەڵ بەسەربردووە.


كات لای بازرگان‌و وەبەرهێنەرەكان
كات سەعاتە یان چەند ساتێكە دەڕواو ناگەڕێتەوە، ئەو سەعات‌و ساتانەیە بەسەریەكەوە شەو و رۆژ پكدێنن، هەر ساتێك لەژیانی مرۆڤ بڕوات‌و سوودی لێ وەرنەگرێت بۆ كارێكی سوودمەند زەرەرێكی گەورەیە لە تەمەنی فانی‌و ناتوانرێ قەرەبووی بكرێتەوە.

ئەگەر بگەڕێێنەوە بۆ بایەخی كات لەڕووی ئابوورییەوە، دەبینین ئەو پڕۆژانەی جێبەجێكرنی كاتێكی زیاتری دەوێت تێچوونەكەی زیاترە لەو پڕۆژە هاوشێوەیەی كە بەكاتێكی كەمتر جێبەجێ دەكرێت، چونكە كات بەردەوام یەكلاكەرەوەیەو تێچوونی مادی ئەژماركراوی هەیە، هەروەها ئەو كاتەی لەبازرگانێك یان وەبەرهێنێك بەبێ ئیشكردنی لێی دەڕوات بە زەرەرێكی گەورە ئەژمار دەكرێت، هەندێك دامەزراوە سوود لەكات وەردەگرێت بۆ تەرویجكردن بۆ بەرهەمەكانی‌و لەبەر ئەوە كاتی گونجاو دەستنیشان دەكات تا زامنی بەكاربەری گونجاو بۆ بەرهەمەكەی بكات، توخمی كات دەچێتە چوارچێوەی بەرنامەی بازاڕخستن‌و تەرویجكردنیەوە، كۆمپانیا گەورەكانی بەڵێندەرایەتی بۆ نمونە سورن لەسەر بەجێهێنانی كارەكانیان لەكاتی گونجاودا بەبێ دواكەوتن، واتە هەر دواكەوتنێك لەو بەرنامە دیاریكراوەی بۆ جێبەجێكردن تەرخان كراوە، رووبەڕووی زەرەری دەكاتەوەو دەبێ غەرامەی دارایی بدات، وێڕای ئەوەی متمانەی لای بەكاربەران‌و حكومەتیش لەدەست دەدات، بەدوایدا دەشێ جاریكی تر لە ئایندە بە ئاسانی گرێبەستی كاركردنی دەست نەكەوێت.

ئێمە لەكوێی ئەمەداین
كات لای كۆمپانیاكانی گواستنەوەی ئاسمانی‌و دەریایی‌و زەمینی بایەخێكی گەورەی هەیە، بەتایبەتیش بۆ كۆمپانیاكانی فڕۆكەوانی‌و شەمەندۆفێرو گواستنەوەی گشتی، چونكە ئەم جۆرە ئامرازانە كاتی دیاریكراویان هەیەو دەبێ پێوەی پابەندبن، بە ئاستێك لەهەندێك لە دەوڵەتان ئەگەر یەك لەو ئامرازی گواستنەوانە دوابكەوێت، دەكرێ نەفەرەكان سكاڵا لەو كۆمپانیایە بكەن‌و داوای قەرەبووی ئەو دواكەتنەیان بكەن، بێگومان ئەمە لای ئێمە روونادات، چەندین كۆمپانیا هەیە چەندین سەعات لە جێبەجێكردنی كارەكەی دواكەوێت‌و دواتر بە داوای لێبوردنێك ئیشەكەی چارەسەر دەكات، چونكە هۆكارەكەی بۆ چەندین هۆكاری دەرەوەی ئیرادەی كۆمپانیاكەی دەگێڕێتەوەو كە دەشێ هەمووشی جێ باوەڕ بن.

جێی تێڕامان‌و تێبینییە، كاتێك سەردانی دەوڵەتێكی پێشكەوتوو دەكەیت، بە ئەستەم بتوانی وەسفی بەكارهێنانی كات لای ئەوان بكەیت، تەنانەت لەكاتی فەراغ‌و سەفەركردنیان لە شارێكەوە بۆ یەكێكی تر دەبینی خۆیان بە خوێندنەوەوە سەرقاڵ كردوە، تەنانەت مناڵەكانیشیان لەسەر خوێندنەوەو ئەنجامدانی هەندێك یاری راهێناوە كە یارمەتیدەری بیركردنەوەو گەشەدانە بە عەقڵیان، ئێمە لەكوێی ئەمەداین، بۆ دەبێ ئێمە لانی كەم وەك ئەوان نەبین؟ ئایا ئەمە ئەستەمە كە بتوانین وەك بكەین، بێگومان نەخێر، ئەگەر بیهێنینە بەرچاومان كە ئەمرۆمان لێ بڕوات چیتر نایەتەوەو لە تەمەنمان دەڕوات، هیچ نەتەوەیەك دڵخۆش نابێت‌و بەرەوپێش ناچێت ئەگەر هاتوو بایەخ بەكات نەدات‌و لەكاری سوودمەندا بەكاری نەهێنێت.

دەركەوتنی تەكنەلۆجیای نوێ
لەسەر ئاستی كۆمەڵایەتی، بەردەوام بەهانەی ئەوە دەهێنینەوە كە كات بەشمان ناكات‌و كات بەخێرایی لێمان دەڕوات، نازانین چۆن خۆمان بدزینەوە كاتێك هاوڕێیەكی ئازیزی خۆت دەبینیت، دەڵێین بەخوا دەمێكە بەتەمای ماڵی ئێوەین‌و سەردانتان بكەین، بەڵام بەخوا كاتی وامان نەبووە ئەوە سەردانە ئەنجام بدەین، بەوەی كە سەرقاڵین‌و فریا ناكەوین، لەڕاستیدا كات هەیەو شەوو رۆژێك بیست‌و چوار سەعاتە، ئەگەر ئەم سەعاتانە بە شێوەیەكی گونجاو رێك بخەین‌و بەرنامەی بۆ دابڕێژین، دەبینی كاتێكی زۆرمان بەیاری‌و سەرقاڵكردنی بێماناوە بەسەردەبەین‌و هیچ سوودێكی نە بەخودی كەسەكەو نە بۆ كۆمەڵ هەیە.

لەگەڵ دەركەوتنی تەكنەلۆجیای نوێ‌و ئامرازەكانی پەیوەندییە كۆمەڵایەتییەكان، وامان لێهاتووە چەندین سەعاتی خۆمان بە فەیسبووك‌و واتس ئەپ‌و تویتەرو سناپ چات‌و چەندین بەرنامەوە سەرقاڵ دەكەین‌و دەچینە ناوی گفتوگۆی بی سوودەوە، هەندێك جار گفتوگۆو بێنەبەردەی زۆر لەسەر هەندێك پرس‌و بابەت دەكەین كە دوورو نزیك پەیوەندیی بە كەسەكەوە نییە، یان بە هیچ جۆرێك بە هیچ ئەنجامێك ناگات، زۆرجار كێشەو ناكۆكیشی لێدەكەوێتەوە. لەكۆتاییدا خۆمان لەوەدا دەبینینەوە كە كاتێكی زۆرمان بەهەدەر داوە كە دەكرا لەكارێكی سوودمەند بۆ خۆمان‌و بۆ خێزان‌و كۆمەڵگەكەمان بەكارمان بهێنابایە.

لەكۆتاییدا پێداگیری لەسەر گرنگیدان بەكات‌و ئیدارەدانی لە ناخی مناڵ‌و هاوڕێ‌و كەسەكانماندا بكەینەوەو هانیان بدەین كە بە رێگەو شێوازێكی باش‌و سوودبەخش بەكاری بهێنن‌و لە كاری نابەجێ‌و خراپ بە خۆیان‌و ئایندەیان بەكاری نەهێنن. بەو هیوایەی هەموومان بتوانین لە ئاستی گرنگیی كاتدا بین لەپێش هەموو كەسێكەوە خۆم.

فه‌یسه‌ڵ عه‌لی‌ 

* سەرۆكی مونتەدای ئابووریی كوردستان


PM:04:30:18/01/2017

ئه‌م بابه‌ته 1365 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی