نەخێرەکەی تورکیا لەبەڵێ باشترە‌!

‌جەمال پیرە

تورکیا لەدۆخێکی پڕ لەقەیراندا لەجیاتی هەنگاونان بۆ چارەسەرکردنی گرفتەکانی لەڕێگەی ئەنجامدانی ریفراندەمەوە دەیەوێ هەم کەموکورییەکانی بشارێتەوە و هەمیش سەرنجی خەڵک لەسەر قەیرانەکە لاببات و خۆی و خەڵکەکەش تا ماوەیەکی تر سەرقاڵی ئەم بابەتە بکات، بۆئەوەی لانیکەم لەم قۆناغەدا خۆی بپپەڕێنێتەوە.

دەشێ پێمانوابێ ئەمکارە راپرسیی بەدیکتاتۆرکردنی یەکجارەکی ئەردۆغانە، کە لەکاتێکدا ئەنجامدەدرێت تورکیا بووە بەدۆزەخ بۆ هەر کەسێک بیەوێ وەک خۆی بژی!

پێشبینییەکان بەپشتنبەستن بەپێدراوی جۆراوجۆر پێماندەڵێن دەنگی بەڵێ سەردەکەوێت، دیارترینیان ئەو دەسەڵات و توانا دارایی و ئیدارییەیە کە لەبەردەستی ئاکەپەدایە، ئەم پارتە هەموو رێگایەکی گرتۆتەبەر بۆئەوەی دەنگی خەڵک بەدەستبێنێت تا ئەو ئاستەی لەپاڵ ترس و تۆقاندن و هەڕەشە و رەشبگیری و هێرش و پەلامارە ناوخۆیی و دەرەکییەکانیدا پارە و دەسەڵات و ئیمتیازاتی شەخسی بێ وێنە بەکارهاتووە! بێجگە لەئەگەری زۆری چاوەڕوانکراوی ساختەکاری و دەستکاریکردنی سندوقەکانی دەنگدان!

ئەردۆغان هەر بەمەشەوە نەوەستاوە هەر چوار دەوری خۆی کردووە بەدوژمنی خۆی، وێڕای بەردەوام هێرشکردنە سەر وڵاتانی خۆرئاوا و یەکێتیی ئەوروپا، بەحسابی خۆی گەڕاوەتەوە بۆ مێژووی سەردەمی زێڕینی دەوڵەتی عوسمانی بەناوی خەلافەتەوە، ئەو نازناوەی کاتی خۆی قەیسەری روسیا بۆ دەوڵەتی عوسمانی دانا بوو(پیاوە نەخۆشەکە)، دەیداتە پاڵ وڵاتانی ئەوروپا!

جا لەم نێوانەدا بۆچوونێکی کوردیی زەقبووەتەوەو زۆر کەس دەبینین بێ پەروا بەدیار کۆمپیوتەرێکەوە رایدەگەیەنێت ئەردۆغان لەم هەوڵەیدا بیباتەوە یان نا هەر دۆڕاوە! لەراستیدا ئەم بۆچوونە تەواو هەڵەیە! پێچەوانەکەی راستترە و پێویستە بوترێ واباشە ویستەکەی ئەردۆغان سەرنەکەوێت و نەیباتەوە!

چونکە لەئەگەری سەرکەوتنی دەنگی بەڵێدا راستە رەنگە لەدوورمەودادا وڵاتێکی سوڵتانی و دیکتاتۆریی بێتەئاراوە، بەڵام ئەمە دواجار لەسەر حسابی دەنگی ئازادیخواز و مەدەنیی دەبێ!

دەسەڵاتێک دەستبەکاردەبێت رەنگە بەچەندین شۆڕش و راپەڕین جارێکی تر نەگاتەوە بەو قۆناغەی دەنگی دلێر و بوێر بگەن بەدەسەڵات و پەڕلەمان، ئەگەرچی لەئەگەری بە بەڵێ کۆتاییهاتنی ریفراندەمەکەدا پەڕلەمان و وەک دەسەڵاتێکی باڵای تەشریعی رۆڵێکی لاوەکی دەبێت، و دەسەڵاتە راستەقینەکە بۆ لای سەرۆک دەگوازرێتەوە، بەڵام هەرچۆنێک بێت بەدڵنیاییەوە دەتوانین بڵێین ئەردۆغان لەم هەوڵەیدا تا ئێستا نەیتوانیوە بیشارێتەوە کە بەنیاز نییە وا بەئاسانی دەستبەرداری تاقە یەک ئیمتیازی سیاسیشی بێت.


PM:03:31:16/04/2017

ئه‌م بابه‌ته 1991 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی