مامۆستا و مووچە و منداڵی پێشمەرگە

‌عادل حسن

لیژنەی ڕاگەیاندنی ئەنجومەنی مامۆستایانی ناڕازی بایکۆت و خۆپییشاندان و گردبوونەوە و ڕێکارە یاسایی و مەدەنییەکان بۆ داواکردنی ماف لە سەرەتاییترینی ماف و ئازادییەکانی مرۆڤن.

مامۆستایان لە خەباتی مەدەنی دووساڵی ڕابووردوویاندا سەلماندیان مامۆستای خەباتی مەدەنیشن و ڕێگە نادەن تەنانەت درەختێکی ئەم وڵاتەش زیانی بەربکەوێ بەڵام بەداخەوە لێرەو لەوێ هەندێک بۆ موزایەدە و هەندێک بۆ فشارخستنە سەرمامۆستایان باسی چارەکە مووچەی ئێمە و منداڵی پێشمەرگە تێکەڵ دەکەن.

سەرەتا پێوستە هەمووان ئەوە بزانن تا ئێستا مامۆستایان چارەکە مووچەی مانگەکانی دەوامیان وەرنەگرتووە ، ئێمە تا ئێستا چارەکە مووچەی مانگی هەشتمان وەرگرتووە و بەم چارەکە مووچەیەش بێت تا ئێستا یەک مانگی ماوە بۆ کردنەوەی دەرگای قوتابخانەکان، چونکە بەبڕیاری وەزیری پەروەردە کردنەوەی دەرگای قوتابخانەکان لە ١-١٠-٢٠١٦ دا بوو. لە لایەکی ترەوە ئەگەر کۆی چارەکە مووچەکانی ساڵی ٢٠١٦ کۆبکەینەوە سێ مووچەی دروست دەبێت، ئەمە لە کاتێکدا ئێستا ئێمە لە مانگی ١٠ داین وەتا ئێستا و بە کۆی گشتی حکومەت مووچەی ١٠مانگ و نیوی مامۆستایان قەرزدارە، سێ مووچە و نیوی ساڵی ٢٠١٥ە  و حەوت مووچەی ساڵی ٢٠١٦.

مامۆستایان زۆر زیاتر لەو بڕە پارانەی وەریان گرتووە دەوامیان کردووە و وانەیان بە منداڵی فەقیرو هەژار وتۆتەوە .

بۆیە باس کردن و وروژاندنی ئەم جۆرە قسە و لێدوانانە تەنها بۆ نانەوەی شەڕو ئاژاوە و پەتکردنی کۆمەڵگەیە کە ئەمەش یەکەم کاری دوژمنانی کوردە، پێشمەرگە برا و کەس وکاری ئێمەیە، منداڵەکانی ئێمە و ئەوان وەکو یەک وان و یەک گرفت و کێشەیان هەیە، شەڕی ئێمە بۆ منداڵەکانی ئەوانیشە کە نامانەوی بە سکی برسی و گیرفانی بەتاڵەوە بێن بۆ قوتابخانە.

مامۆستایان بایکۆتیان نەکردووە، بەڵکو بایکۆتیان بەسەردا سەپێنراوە لە لایەن دەسەڵاتێکەوە کە بە نەزانی بێت یان بە پلان مامەڵەکردنی لەگەڵ پرسی پەروەردە بەشێوازەی ئێستا پەروەردە و خوێندن بێ نرخ دەکات و کۆمەڵگەی کوردی بەرەو نەخوێندەواری دەباتەوە.

ئێستا قوتابی و خوێندکارەکانمان دەڵێن بۆچی بخوێنین ، خوێندن لە وڵاتەدا نرخی نییە، بڕوانامەیەک دوای سی ساڵ خزمەت ژیانێکی ڕێزدارانەی پێ پەیدا ناکرێ، بۆیە خوێندکاران بەلێشاو خوێندنگاکان بەجێدەهێڵن، تەنها لەیەک ئامادەیی شاری سلێمانیدا ساڵی پار، سەدو بیست خوێندکار وازیان لە خوێندن هێناوە، بەدڵنیانییەوە ئەم ساڵ ژماڕەکە بۆ دوو هێندە بەرز دەبێتەوە .

بۆیە تەنها ئەرکی مامۆستایان نییە بەرەنگاری ئەم سیاسەتە هەڵەیەی دەسەڵات بوەستنەوە، بەڵکۆ ئەرکی هەموو هاوڵاتیانە لەگەڵ مامۆستای منداڵەکانیان بەگژ ئەم بێنرخکردنەی خوێندن لەلایەن دەسەڵاتەوە بچنەوە، پێویستە هاوڵاتیان بزانن بێ دەنگ بونیان لە ئاست ئەم جۆرە لەمامەڵەیەی دەسەڵات بەرامبەر پەروەردە بەزیانی کۆی گشتی کومەڵگە تەواو دەبێت و نەوەیەکی نەخوێندەوار گەورە دەبێت و ئاسەوارە خراپەکانی لە چەند ساڵی ئایندە دەردەکەوێ.

لە ئێستا و ڕابووردووشدا ئێمەی مامۆستا بایکۆتی مندڵانی شەهید و پێشمەرگەمان نەکردووە و نایکەین، ئەوە ئێمەین ڕۆژانە لە کوچە و کۆڵانەکانی ئەم ووڵاتەدا لەگەڵیاندا دەژین و بۆ خەم و ئازار بۆ مەینەتیەکانیان دەکێشین، ئەوە بەرپرسەکانن لە کۆشک و ڤیلاکانیاندا ژیان بەسەر دەبەن و دوورن لە ئەوانەوە و ئاگایان لە کیشەو گرفتەکانیان نییە .


AM:11:46:25/10/2016

ئه‌م بابه‌ته 1246 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی