دوای ریفراندۆمەكە ‌

‌شادمان مه‌لا حه‌سه‌ن‌

دوای سەركەوتنی ئەردۆغان لە ریفراندۆمەكەی 16مانگ ،بۆ گۆڕینی دەستوور بە رێژەیەكی كەم،چی بۆ ئەم وڵاتە گۆڕی . هەمیشە ئەوانەی لە ترۆپكی دەسەڵات هەولڵی قایم كردنی شوێنی خۆیان دەدەن،بۆ ئەوە نییە كە وڵاتەكەیان بخەنە دۆخێكی باشتر و چاكتر لە باری خۆشی و خۆشگوزەرانی هاوڵاتیەكانیانەوە، بەڵكو زیاتر بۆ بەهێزكردنی كورسی دەسەڵاتی خۆیەتی بۆ ئەوەی ئەو ویستە سەیرانەی كه‌ خەونی پێوە دەبینێ‌ بیهێنێتە دی.

 لە مێژوودا نموونەی یەكجار زۆر لەم بارەیەوە هه‌یه‌،كە هەموو جومگەكانی دەسەڵات دەكەوێتە دەستی كەسێك هیچ دامەزراوەیەك نامینێ‌ رێگری لێبكات،بەدڵنیایەوە ،لات دووچاری گێرمە و كێشە دەبێت. ماوەی دوو ساڵ زیاترە توركیا كەوتۆتە گۆماوی قەیرانێكی سیاسی و دیبلۆماسی و ئابوری. خەڵكی توركیا ئەوەندی چاویان لە چاككردنەوەی رەوشی ئابوریەكەیانە، ئەوەندە بیر لەو جوڵانەوانە ناكەن كە سەرۆكەكەیان خەونی خەلیفە بوون دەبینێ‌ ،ئەردۆغانیش لە خەونی گەڕانەوەی عەرشی سوڵتانی عوسمانیە بۆخۆی و نەوەكانی.

بۆیە هەر لە دوای ریفراندۆمەكە، وەك ئەوەی سوڵتان سەلیمی یەكەم بێت و تازە لە ئەوروپاوە (1512زاینی)رووی وەرگێڕابێ‌ بۆ ئاسیا و شەڕكردن لەگەڵ شا ئیسماعیلی سەفەوی شیعە، یەكسەر هات تۆمەتیی تیرۆریست بوونی دایە پاڵ حەشدی شەعبی. ئەمە رق و نیەتی پەنگ خواردووی ناو هەناوی ئەردۆغانە وەك كەسێكی مەزهەبی،كە دەیەوێ‌ لەو دەرگایەوە بێتەوە بۆ رۆژهەڵات و بەغدا سوڵتان مورادی چوارەم (1629زاینی) ئاسا قەتلو عامی شیعە بكات و عیراق بخاتەوە ژێر دەسەلاتی خۆی.

 بەڵام ئایە ئەمە دەچێتە سەر، لە كاتێكدا لەناوچەكەدا زلهێزی وەك قەیسەر و عەم سام و ئێرانی خومەینی لە گۆڕەپانەكەن . لە هەموو حاڵەتێكدا ئەردۆغان هەنگاوێكی تری بە ئاراستە چوونە ناو قولای قەیرانەكان نا. لەناوخۆی وڵات توركیا لە قەیرانی سیاسیدایە، بۆ ئەوەی كێشەكە بە ئاراستەی دەرەوە ببات،بۆیە دێت پەلاماری شنگاڵ و رۆژئاوا دەدات، چونكە ئەمە خەسڵەتی دیكتاتۆرەكانە كاتی دووچاری تەنهایی دەبن لە كێشەكان،هەمیشە پەنا بۆ دروستكردنی كێشە و ئاڵۆزی تر دەبەن بۆئەوەی كێشەكانی تر پشت گوێ‌ بخرێ‌ و كێشەی تر بێتە پێشەوە.

 ئەردۆغان لە ئەوروپا بێ‌ هیوا بووە، ئەگەر لە هەڵبژاردنەكانی فەڕەنسا ماری لۆپێن، سەركەوێ‌ هێندەی تر ئەردۆغان دووچاری بەرپەچ دانەوە دەبێت،بۆیە كێشەكانی دوای ریفراندۆم لە توركیا زۆر زیاتر و زەقتر دەبن وەك لە كێشەكانی بەر لە ریفراندۆم، چونكە ئەردۆغان ویستی خۆی دەوێ، وێستەكانی ئەویش وابەئاسانی نایەتەدی، كەواتە قەیرانەكان تەواو نابن .


PM:04:04:26/04/2017

ئه‌م بابه‌ته 3551 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی