ئاو كێشە گەورەكەی داهاتوو ‌

‌شادمان مه‌لا حه‌سه‌ن‌


كوردستان ئەگەر رۆژگارێك نەوتەكەی هۆكاری سەرەكی بوو، بۆئەوەی نەگات بەمافی خۆی،ئەوە بەدڵنیایەوە ئاو هۆكارێكی گەورەترە بۆئەوەی لەدەست دەرنەچێ‌. لە ساڵی 1921كاتێک‌ فەیسەڵی كوڕی حوسێنیان كرد بە پادشای عیراق ، لە نامەیەكدا بۆ وەزیری موستەعمەراتی بریتانیای گەورەی نووسیوەو دەڵێت:‌ ئەو وڵاتەی بەڵێنتان داوە بۆمی دروست بكەن،ئەگەر ویلایەتی موسڵی لەگەڵ نەبێ‌ واتە مرۆڤێكی بێ‌ سەرتان داوە بەمن، مەبەست لە ویلایەتی موسڵ كوردستان بوو. چونكە سەرچاوەی سەرەكی خۆراك‌و ئاوی ناوەڕاست و خوارووی عیراق لە كوردستانەوە بوو.

 لەگەڵ گەشەی شارستانیەت و پێویستیەكانی مرۆڤ بۆ ئاو زۆر زیادی كردووە، جگە لە زۆر بوونی ژمارەی دانیشتوان و گۆڕانی كەشوهەواو كەمبوونەوەی رێژەی ئاو، عیراق وڵاتی نێوان دوو رووبارە دیجلە و فوڕات، هەردوو رووبارەكە سەرچاوەیان لە كوردستانە. بەڵام هەموو لقەكانی رووباری دیجلە كە شادەماری سەرچاوەی ئاوی عیراقە بە باشوری كوردستان رەت دەبن،

بەشی زۆری داهاتی ئاوەكەشیان لە چیاكانی كوردستانە. عیراق رۆژ بەرۆژ دووچاری كەم ئاوی و بەبیابان بوون دەبێتەوە، لەولاش ئێران و توركیا سەرجەم سەرچاوە ئاویەكانی رووباری دیجلە و فوراتیان كۆنتڕۆل كردوه‌، واتە لە رێگای بەنداوی گەورەو دەستكاری بەشی زۆری ئاو بۆخۆیان بەكار دەهێنن، بۆیە عیراق دووچاری خنكان دەبێت لە بێ‌ ئاوی. هەفتەی رابردوو ئێران ئاوی زێی بچوكی گرتەوە ئەم گرتنەوەیە لەوانەیە ئەوەندە كاریگەری لەسەر باشوری كوردستان نەبێت،چونكە لە كوردستان ئەوەندە زەویە لەبەری ئاودێری ناكرێ‌، هەروەها بەشێك لەسەرچاوەی ئاوی رووبارەكە لەناو باشوری كوردستانە، بەلام ئەم گرتنەوەی ئاوە كاریگەری لەسەر ناوەڕاست و باشوری عیراق دەبێت.

 لەماوەی رابردوو بەتایبەت لە دوای رووخانی رژێمی بەعس هەلێكی باش بوو كەوا بەنداوی بێخمە لەسەر رووباری زێی گەورە دروست بكرابایە، ئەوكات ئاوی عیراق زۆرینەی كۆنتڕۆڵەكەی دەكەوتە دەست هەرێم، بەڵام نەكرا. عیراق بەگشتی و باشوری شیعە نشین لە هەموو كات زیاتر مەترسی خنكانی بەهۆی بێ‌ ئاوی لەسەرە، لە ئێستادا شیعە كە حوكمی عیراقیان لەدەستە، هەركە ببینن ئاوی فوڕات ووشك بكات و دیجلە كەم بكات،بەدڵنیایەوە بۆ قەرەبوو كردنەوەی ئەم بێ‌ ئاویە نزیكترین كانی و سەرچاوەی ئاو لێیانەوە باشوری كوردستانە، تاكو پەلاماری بدەن. بۆیە حكومەتی هەرێم جڵەوی ئاوی كوردستانی لەدەست دەرچوو تازە وا بە ئاسانی ناتوانێ‌ بیگرێتەوە دەست خۆی،تاكو فشاری خۆی پێ‌ دروست بكات، كەباشترین كارتە بۆ ئەوەی ئەجیندای خۆی لە بەغدا پێ دروست بكردایە. بەدڵنیایەوە كێشەی ئاو كێشەیەكی زۆرگەورەی داهاتووی باشوری كوردستان دەبێت.


PM:05:39:12/07/2017

ئه‌م بابه‌ته 2495 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی