‌برۆکسل خاڵێکی وەرچەرخان لە پشتگیری نێودەوڵەتی بۆ سەربەخۆیی
AM:11:43:15/07/2017
دلاوەر خالد ئاژگەیی


ئەمڕۆ هەرێمی کوردستان نە تەنیا وەک کێشە و دۆزێکی پشت گوێ خراوی کەڵەکە بووی ناکۆکیە ئەتنیەکانی ناوەخۆی ئێراق سەیر دەکرێ، بەڵکو بە یەکێک لە فاکتەرەکانی دەستەبەر کردن وپاراستنی سەقامگیری سیاسی و یەکلاکەرەوەی هاوکێشەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لێی دەروانرێ و سیاسەتمەدارنی ئەورووپی وەک فاکتەرێکی بەهێزی پەراوێزنەخراوی دارشتنی سیاسەت لە ڕۆژهەڵاتی ناوەراست حیسابی بۆ دەکەن. ئەم ڕاستیەش لە کاتی سەردانی کردنی ئەنجومەنی باڵای ریفراندۆم بە سەرۆکایەتی سەرۆک بارزانی بە ئاشکرا هەستی پێ دەکراو ڕاستیەکی شاراوە نیە.

گەر هەرێمی کوردستان جاران وەک کێشەیەکی ناوەخۆی ئێراق و چارەسەر کردنی لە نێو قەوارەی ئێراقەوە لە پێناو پاراستنی یەکپارچەیی خاکی ئێراقەوە شرۆڤەی بۆ دەکرا، حاڵی حازرلە ناوەندەکانی سیاسەتی ئەورووپیەوە لە چەشنی یەکێک لە فاکتەرە بەهێزەکانی سەقامگیری و ئارامی سیاسیەوە بە گرینگیەوە دەخرێتە بەر باس و گفتوگۆوە.

ئەمە جگە لەوەی لە زۆربەی بریارە گرینگ و هەستیارەکانی تایبەت بە ئێراق و ناوچەکە لە  پەرلەمانی ئەوروپاو کۆمیسیۆنی ئەوروپاو رێکخراوەکانی سەربە یەکێتیەکە، بە ئاشکرا ئاماژە بە ڕۆلی بەرچاوو بەرزنرخێنراوی هەرێمی کوردستان و کورد و سەرکردایەتیە سیاسیەکەی دەکرێت لە بوارەکانی دابین کردن وپاراستنی ئاسایشی ناوچە کە و سەقامگیری ڕامیاری و شەڕی داعش و پرسی پەنابەرو ئاوارەکان و ئاسایشی وزەو سیاسەتی پێکەوە ژیانی نەتەوەو ئایین و ئایینزاکان کەوا لەگەڵ پڕەنسیپ و بەها ئەورووپیەکان یەکدەگرنەوە. ئەم ڕۆڵەش هەموجار بەرز نرخێنراوەو باسی لێوەکراوە.

ئامادەبوونی نوێنەرانی شەش کوتلەی سەرەکی پەرلەمانی ئەوروپا کەوا بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی کوتلەکەیانن لەگەڵ سەرۆک بارزانی و ئەنجومەنی باڵای ریفراندۆم، ئاماژەیەکە بە گرینگیدانی بەرچاوی پەرلەمان بەم سەردانەوە.  نوێنەرانی کوتلە بەشداربووەکان ئەمانەبوون:

- کوتلەی کریستیان دیموکراتەکان کە خاوەنی ٢١٣ ئەندامن

- کوتلەی سۆسیال دیموکراتەکان کە خاوەنی ١٨٩ ئەندامن

- کوتلەی لیبڕالەکان کە خاوەنی ٥٨ ئەندامن

- کۆنسێرڤاتیڤەکان کە خاوەنی ٧٣ ئەندامن

- کوتلەی چەپەکان کە خاوەنی ٥٢ ئەندامن

- کوتلەی سەوزەکان کە خاوەنی ٥١ ئەندامن

جێگەی ئاماژە پێدانە کۆی گشتی ئامادەبووان نزیک بوو لە ٥١ ئەندام و راوێژکاری باڵی پەرلەمانو لە هۆلی کۆبونەوەکە شوێنی دانیشتن نەمابوو. هەر لەو دەسپێکی کۆبوونەوەکە بەرێوەبەری کۆبوونەوەکە راشکاوانە رایگەیاند کە گەلی کوردستان مافی خۆیەتی وەکوو سەرجەم گەلانی تر دەولەتی سەربەخۆی هەبێت و پشتگیری خۆیان بۆ گەلی کوردستان راگەیاند و بەڵگە مێژوویەکان و یاسایەکانیان خستە روو.

هەڵبەتە جگە لەم کۆبوونەوەیەی تایبەت بوو بە پرسیار و وەڵام، بەڕێز سەرۆکی هەرێم وئەندامانی ئەنجومەنی باڵای ریفراندۆم، بە جیا لەگەڵ سەرۆکی کوتلەکان و جێگری سەرۆکی پەڕلەمان و چەند بەرپرسێکی تر چەند کۆبوونەوەیەکی گرینگی تریان ئەنجام داو چەندین بیروڕای جیاو تێرامانی پەیوەست بە پرسی ریفراندۆم و هەنگاوەکانی سەربەخۆیی و جۆری میکانیزمەکە، تاوتوێ کران و خرانە بەر باس و گفتوگۆوە.

ئامانجی سەرەکی سەردانی ئەنجومەنی باڵای ریفراندۆم، سەردانیکردنی پەرلەمانی ئەوروپاو ئەنجامدانی دیدارو چاوپێکەتن و بیروڕاگۆڕینەوە و گەیاندنی پەیام و خواستی گەلی کوردستان بوو بە ئەوروپیەکان، لەرێگەی کوتلە پەرلەمانیەکانەوە کەوا نوێنەرایەتی زیاتر لە پێنج سەد ملیۆن هاوڵاتی ئەورووپی دەکەن.

لە میانەی دیدارەکاندا زۆربەی هەرە زۆری کوتلەکان پشتگیری خۆیان بۆ بابەتی گشتپرسی لە هەرێمی کوردستان دەربری و تەنانەت نوێنەری دوو لە کوتلەکان پشتگیری خۆیان بۆ سەربەخۆیی کوردستان خستەڕوو و هیوایان خواست کوردستان ببێتە دەوڵەتی داهاتووی ئەندام لە رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە.

بەدەر لەمەش زۆربەی پەرلەمانتارەکان ئامادەییان دەربری شاندێکی سەربە پەرلەمانی ئەوروپا بۆ چاودێری کردنی پرۆسەی ریفراندۆم ڕەوانەی کوردستان بکەن. بەشێکی دیکەشیان ئارەزوویان خواست لە رۆژی بەرێوەچوونی پرۆسەی گشتپرسیدا سەردانی هەرێمی کوردستان بکەن و لەو ڕۆژە مێژوویەدا لەوێ ئامادە بن و بەڵێنیشیان دا هەر لە ئێستاوە ئامادەکاری بۆ سەردانەکە بکەن.

ئەمەش دەرخەری ئاستی بەرزی ئەو پشتگیریە مەعنەویە و بایەخدانە بەرچاوەیە، هەرێمی کوردستان لە ئەوروپا ولە ناو دامەزراوە فەرمیەکانی هەیەتی و ئێستاکە بە ئاشکرا هەستی پێدەکرێ.

هەر لە رووی پرۆتۆکۆلی و پاراستن و ئاسایش و گرینگی پێدانی پۆلیسی بەلژیکی بە کاروانی شاندی ئەنجومەنی باڵای ریفراندۆم لە کاتی سەردانی کردنەکەدا، جێگەی هەڵوەستە لەسەر کردن و تێڕامانە. کاروانی ئوتۆمبێلەکان لەلایەن پۆلیسیەوە لە رێگەی چەندین مۆتۆر سیکلێت و پۆلیسی نهێنیەوە وە سەرۆکی وڵاتێکی سەربەخۆ و گرنگ بەردەوام و بە چڕی پارێزگاری دەکرا. ئەم گرینگی پێدانەش کارێکی رۆتێنی و ڕۆژانە نیە و بۆ هەموو سەرۆک و شاندێک ئەم ڕێووشوێنە ئەمنیانە لە کاتی سەردانیکردنیان بۆ برۆکسێل لەو ئاستەدا ناگیرێنەبەر.

خاڵێکی تر کە  بە پێویستی دەزانم ئاماژەی پێ بدەم، دانانی ئاڵای کوردستانە لە تەک ئاڵای وڵاتانی تر لە هۆڵی VIP ، کەوا دەرخەری گرینگی پێدانی پەرلەمانی ئەوروپایە بە کورد و گەلی کوردستانەوە.

لە دوو وێستگەیەکی تری دیدارو چاوپێکەوتنەکاندا، بەرپرسانی باڵای  حکومەتی فدراڵی بەلژیکا بە ئامادەبوونی جێگری سەرۆک وەزیران و چوار وەزیری کابینەی حکومەتی فێدێرال بە دانانی تەنیا ئاڵای کوردستان و بەلجیکا و  دواتر لە گەڵ سەرۆکی هەرێمی فلاندەرز، کە گرینگترین هەرێمی ئەوروپایە وەک هەرێم، پشتیوانی خۆیان بۆ ئەنجامدانی پرۆسەی ریفراندۆم راگەیاند و بەڵێنیان دا کە لە پشتیوانی گەلی کوردستان بەردەوام بن و جەختیان کردەوە کە لە سەر کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیە کە رێز لە خواستی گەلی کوردستان بگرێت و بەڵینی ناردنی چاودێریان دا لە ئاستی حکومەت و پەرلەمان بۆ چاودێری کردنی پرۆسەکە لە رۆژی ئەنجامدانیدا.

من پێم وایە سەردانی شاندی باڵای ئەنجومەنی باڵای ریفراندۆم بە سەرۆکایەتی سەرۆک بارزانی ئامانجەکانی خۆی پێکاوە و بەشداری خودی سەرۆک بارزانی لە شاندکە و پێگەی گرنگ و فراوان نێودەوڵەتی بەرێزیان پاڵپشتی و گەرەنتێکە بۆ بەدەستهێنانی پاڵپشتی نێودەولەتی، کەوا خۆی لە مسۆگەرکردنی پشتگیری ئەوروپاو گەیاندنی پەیامی گەلی کورد و ئامانجی گشتپرسی و هەلومەرجی ئێستاو خواستی لە مێژینەی گەلی کورددا دەبینێتەوە.

هەڵبەتە ئەم سەردانەش دوا سەردان نابێت و ئەنجومەنی باڵای ریفراندۆم هەربەم سەردانە ناوەستێت بەڵکو کۆکردنەوەی زۆرترین پشتگیری سیاسی و پشتیوانی مەعنەوی لە دۆزی ڕەوای کورد و هەنگاونان بەرەو دامەزراندنی دەوڵەتی کوردی لە دوارۆژدا، لە ئەرکە هەرە لە پێشینەکانیدا دەبێ.

لە دهاتووشدا بە دڵنیاییەوە دەرنجامە ئەرێنیەکانی ئەم سەردانە و دیداروچاوپێکەوتنەکان، لە رووی پراکتیکیەوە بۆ هەموو لایەک دەردەکەون و دەبنە خاڵیکی وەرچەرخان لە ڕووی مسۆگەر کردن و زامن کردنی پشتگیری و پشتیوانی نێودەوڵەتی بە ئاراستەی سەربەخۆیی و دامەزراندنی قەوارەیەکی سیاسی تایبەت بە کوردەوە، دوای دەیان ساڵ لە خەباتی سیاسی و چەکداری و تێکۆشان و ماڵوێرانی و نەهامەتیەوە.

ئه‌م بابه‌ته 255 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌


هەموو وتارەکان کاتێک لەوێستگە بڵاو دەبێتەوە تەنها بیروبۆجونی خاوەنەکانێتی


Copyright 2017. westganews.com. All Rights Reserved.